ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی زیادكردنی باجی ڕەت كردەوە

:: PM:02:36:16/01/2018 ‌

لە دانیشتنی ئەمڕۆ ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، گفتوگۆ لەسەر سێ‌ تەوەر كرا و لەسەر بڕیارێكی وەزارەتی دارایی و ئابووریی بوو بۆ زیادكردنی باج، ئەنجوومەن بە زۆرینەی دەنگ بڕیاری زیادكردنی باجیان ڕەت كردەوە.

ئەمڕۆ سێشەم 17ـی كانوونی یەكەم، ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بەرنامەی كاری خۆی بۆ سێ تەوەر دیاری كرد كە گرنگترین پرسی كۆبوونەوەكەش رەتكردنەوەی بڕیاری وەزارەتی دارایی بوو بۆ زیادكردنی باج و رسوومات و سەپاندنی چەند باجێك.

لە بەشێكی دانیشتنەكەی ئەمڕۆ ئەحمەد عەلی ئەحمەد بە زۆرینەی دەنگ وەك جێگری دووەمی پارێزگاری سلێمانی لەسەر پشكی بزووتنەوەی گۆڕان دیاری كرا، بۆ رێكارە یاسایییەكانیش نووسراو بۆ وەزارەتی ناوخۆ دەكرێت.

ئازاد محەمەد سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا گوتی، بۆ بەرژەوەندیی گشتی و بەمەبەستی ئەوەی سەرجەم بڕیارەكانی حكوومەت رێكارە یاسایییەكانی تێپەڕێنێت، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا بڕیار درا بەوەی ئەو رسووماتانە رەت بكرێنەوە تا لەلایەن پەرلەمانەوە بەشێوەیەكی یاسایی بڕیاری لەسەر بدرێت.

سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی گوتی، بەشێوەیەكی فەرمی داوامان لە پارێزگاری سلێمانی كردووە كار بەو رێنوێنییانە نەكات تا وەڵامی حكوومەت و پەرلەمانیان بەدەست نەگات.

دانیشتنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ماوەی چەند هەفتەیەك بوو ئەنجام نەدرابوو، ئەمڕۆ یەكەمین دانیشتنی لە ساڵی نوێ‌ ئەنجام دا.



وشە - رامیار جەواد