وەزیری دارایی: هەنگاوی گرنگی چاكسازی دەنێین

:: PM:02:36:16/01/2018 ‌
وەزیری دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژە بە چاكسازییەكان لە لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەدات و ڕای دەگەیەنێت، بۆ ئەوەی مووچەخۆری ڕاستەقینە هیچیتر نەبنە قوربانی، هەنگاوی ڕژدی چاكسازی دەنێین.

ئەمڕۆ سێشەم 16ی كانوونی دووەم، بەپێی راگەیەنراوێكی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕێباز حەملان وەزیری دارایی هەرێم لەگەڵ دۆمەنیك ماس كونسوڵی فڕەنسا لە هەرێم كۆ بووەتەوە و ڕای گەیاندووە، هەرێمی كوردستان پێویستی بە چاكسازی ڕژد هەیە، بۆ ئەوەی مووچەخۆری ڕاستەقینە هیچیتر نەبنە قوربانی، ئەو كەسانەی بە ناڕەوا مووچە وەردەگرن، بۆ ئەمەش هەنگاوی گرنگ دەنێین.

لەبارەی گفتوگۆكانی نێوان هەولێر و بەغدا وەزیری دارایی هەرێم بە پێویستی زانیوە، كۆبوونەوە لە نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بكرێت. هاوكات ڕێباز حەملان سوپاسی فڕەنسای كردووە كە لە ڕابردوو و ئێستەشدا دۆستی كورد بووە و هەنگاوی گرنگی ناوە، بۆ دەست پێكردنەوەی گفتوگۆكانی نێوان هەولێر و بەغدا.

لە راگەیەنراوەكەدا ئەوەیش روون كراوەتەوە كە لەو كۆبوونەوەیەدا كونسوڵی فڕەنسا باسی لە ڕۆڵی وڵاتەكەی كردووە، بۆ‌ نێوەنگیریی نێوان هەولێر و بەغدا بەمەبەستی دەست پێكردنەوەی گفتوگۆكان.

پێوەست بە چاكسازی لە هەرێمی كوردستان لێدوانەكەی وەزیری دارایی هەرێم دوابەدوای ئەوە دێت كە ئێستە بەهەوڵی دەزگە پێوەندیدارەكان بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، پڕۆژەیەكی چاكسازی لە مووچەی خانەنشینی لە پەرلەمانی كوردستانە.

 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم