بەهۆی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەرەوە 179 رۆژنامەنووس لەژێر هەڕەشەدان

:: PM:03:07:16/01/2018 ‌
بەهۆی خیانەتەكەی 16ی ئۆكتۆبەرەوە بە دەیان رۆژنامەنووس كەركووك و خورماتوویان جێ هێشتووە و بەسەتانی تر پێشێلكارییان بەرانبەر كراوە.

ئەمڕۆ سێشەم 16ی كانوونی دووەم، رێكخراوی نیو میدیا راپۆرتی خۆی لەبارەی پێشێلكارییەكانی بەرانبەر بە رۆژنامەنووسان لە سنووری پارێزگای كەركووك و شارۆكەی خورماتوو بڵاو كردەوە. لوقمان شێروانی توێژەری رێكخراوی نیو میدیا لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، لە دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری ‭‭‭‭‭‭٢٠١٧‬‬‬‬‬‬،  ژمارەیەكی زۆر لە رۆژنامەنووسان و كەناڵەكانی راگەیاندن، پێشێلكارییان بەرانبەر كراوە كە خۆی دەبینێتەوە لە سووتاندن و تاڵانكردنی بارەگای كەناڵە میدیایییەكان و هەڕەشە و سكاڵاكردن لە رۆژنامەنووسانی ئەو سنوورە.

زیاتر گوتی، لە كۆی 11 كەناڵی میدیایی و نووسینگە كە 60 رۆژنامەنووس و 40 كارمەند بوون، ئێستە بەهۆی ئەو بارودۆخەوە هەموویان ئاوارە بوون و شوێنەكانی خۆیان جێ هێشتووە، بە هۆی بوونی مەترسی و هەڕەشە لەسەر ژیانیان.

ڕوونی كردەوە كە لە كۆی ئەو 11 كەناڵەی لە خورماتوو كاریان كردووە، بەشێكی زۆریان تاڵان كراون و سوتێنراون، و تەقێنراوەنەتەوە و سەرجەم رۆژنامەنووسەكانیشیان ماڵەكانیان تاڵان كراون و سووتێنراون.

شێروانی لە بەشێكی تری قسەكانیدا گوتی، لە كەركووك 79 رۆژنامەنووس لە 13 كەناڵی جیای میدیایییەوە، مەترسییان لە سەرە و ناتوانن ئێستە بگەڕێنەوە ئەو شارە بۆ راپەڕاندنی كاری رۆژنامەنووسی، كۆی ئەو رۆژنامەنووسانەی هەڕەشەیان لەسەرە 179 ‬‬‬‬ رۆژنامەنووسن  لە سنووری كەركووك و خورماتوو.

16ی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردووو چەند كەسێكی ناو یەكێتی كە بە ناپاكەكان ناسراون چاوساغی میلیشیاكانی حەشدی شەعبییان كرد و لەوكاتەوە تا ئێستە كەركووك داگیر كراوە و ژیانی هاووڵاتییان لە مەترسیدایە.

 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم