تیلەرسن پێوەندیی بە نێچیرڤان بارزانی دەكات

:: PM:03:37:16/01/2018 ‌

ئێوارەی دوێنێ ڕێكس تیلەرسن وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا پێوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ‌ نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئەنجام دا و دووپاتی لەوە كردەوە، ئەمەریكا بە بەردەوامی گرنگی بە پێوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەدات‌.

ئەمڕۆ سێشەم 16ـی كانوونی دووەم، لە هەواڵێكی سایتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هاتووە، ڕێكس تیلەرسن وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا هیوای خواست ساڵێكی سەقامگیر بێت و پێشكەوتنی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت، دووپاتی لەوە كردەوە كە ئەمەریكا  بە بەردەوامی گرنگی بە پێوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەدات‌.

تیلەرسن خۆشحاڵیی خۆی بۆ ئەو دیدار و كۆبوونەوە بنیاتنەرانە دەربڕی كە لە نێوان شاندەكانی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقدا بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشەكان ئەنجام دەدرێن، دەستووری عێراقیشی بە ڕێچارە بۆ چارەسەركردنی كێشە‌كان زانی و ئامادەییی خۆی بۆ پشتگیریكردن لە گفتوگۆی نێوان هەولێر و بەغدا نیشان دا، بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر مەترسییەكیش دوای كۆتاهاتنی داعش و ڕێگرتن لە سەرهەڵدانەوەی هەر جۆرە توندوتیژییەك كرد. دووپاتی لەسەر بایەخی هاوكاری و هاوئاهەنگیی  زیاتری هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فیدراڵ و ئەمەریكا كردەوە.

تیلەرسنی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا پشتگیری لە پرۆسەی دیموكراسی و هەڵبژاردن لە عێراق و هەرێمی كوردستان دەربڕی، هەروەها هیوای خواست حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو تەنگژانەی تێی كەوتووە سەركەوتوو بێت، لەمبارەیەوە پشتگیریی وڵاتەكەی دووپات كردەوە.

نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكای كرد بۆ  پشتگیرییان لە هەرێمی كوردستان و ڕای گەیاند، ئێستەش مەترسیی سەرهەڵدانەوەی توندوتیژی لە ‌ئارادایە و بە پێویستی زانی هەرسێ لایەنی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فیدراڵ و ئەمەریكا لەسەر میكانیزمێكی هاوبەش كار بكەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی لە ئێستە و داهاتوودا.

سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كودستان دووپاتی كردەوە كە هەرێمی كوردستان هەمیشە ئامادە بووە بۆ دەست پێكردنی گفتوگۆ و چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ بەغدا و گفتوگۆی شاندەكانی هەولێر و بەغدای لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە ئەرێنی وەسف كرد، بۆ بەرەوپێشبردنی زیاتری گفتوگۆكانیش، پشتگیریی هەموو لایەكی بە پێویست زانی.

بارزانی ڕای گەیاند، واشنتن بە هاوپەیمانی خۆی دەزانێت و بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخەی ئێستە، پێویستی بە پشتگیریی دۆستانی هەیە، هەروەها دووپاتی كردەوە كە پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان و هەڵبژاردنەكان، پرۆسەیەكی رژدە.

لەماوەی ڕابردوودا پێوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا تەواو لاواز بووبوو و ئێستە هەوڵێكی زۆر هەیە بۆ دەستپێكردنەوەی پێوەندییەكانیان.



وشە - رامیار جەواد