12% كەمئەندامانی سلێمانی لە پشكنین دەرنەچوون

:: PM:03:53:16/01/2018 ‌
بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێریی‌و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی لە پارێزگای سلێمانی ئامار و زانیاریییەكانیانی لە ساڵی 2017 بڵاو كردەوە و ئاماژەیان بەوە كردووە، ژمارەی ئەوكەسانەی بە پێی ڕێنوێنییەكان شایستە نابن و لە پشكنینی چاكسازی خاوەنپێداویستیەكان دەرنەچوون بریتییە لە نزیكەی لە 12%  كە ژمارەیان دەكاتە سێ‌ هەزار كەس.

ئەمڕۆ سێشەم 16ی كانوونی دووەم، عومەر گوڵپی بەرێوەبەری گشتی چاودێریی ‌و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی سلێمانی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، ژمارەی ئەو ژنانەی لە ساڵی 2017 داڵدەدراون ‌و بریتیین لە 230  ژن و ‌و 51 منداڵ و ژمارەی ئەو ئافرەتانەی كە ئێستە لە ماڵەكە داڵدەدراون 30 ژن و ڕێژەكەش بەبەراورد بە پێشوو زیادی كردووە.

زیاتر گوتی، ژمارەی ئەو بەساڵاچووانەی سوودیان لە خانەی بەساڵاچووان وەرگرتووە لە ساڵی 2017 برتییە لە 74  بەساڵاچوو كە لەوانە14 بەساڵاچوو خانەی بەساڵاچووانیان بەجێهێشتوە و 13 بەساڵاچوویان كۆچی دواییان كردووە، ئێستە 47 بەساڵاچوو لە خانەكەدا ژیان بەسەر دەبەن  كە 35 پیاو و  12 ژنن.

هاوكات ئاماژەی لە ئەنجامی پشكنینی خاوەنپێداویستییە تایبەتەكان كردو ڕای گەیاند، بەپێی ژمارەی تۆماركراو و پرۆسەی پیاچوونەوە و ئەنجامی لیژنە پزیشكییەكان دەركەوتووە ژمارەی ئەو خاوەن پێداویستییە تایبەتانەی  تا 2013 تۆمار كراون بریتین لە 29 هەزار و 545 كەس  و ژمارەی ئەوانەی فۆرمیان پڕكردووەتەوەو سەردانی لیژنە پزیشكییەكانیان كردووە بریتین لە 25 هەزار و 267 هاووڵاتی  و ژمارەی ئەوانەی نەهاتوون بۆ پڕكردنەوەی فۆرم‌و سەردانی لیژنە پزیشكییەكانیان نەكردووە بریتین لە چوار هەزار و 278 هاووڵاتی.

ڕوونیشی كردەوە كە ژمارەی ئەوكەسانەی بە پێی ڕێنوێنییەكان شایستە نابن و لە پشكنینی چاكسازی دەرنەچوون بریتیە لە نزیكەی لە 12%  كە ژمارەیان دەكاتە سێ‌ هەزار كەس.

ئەوە لەكاتێكدایە كە پێشتر لەلایەن وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی حكوومەتی هەرێم بڕیاری ئەوە درا پشكنین بۆ خاوەن پێداویستییەكان بكرێتەوە وەك هەنگاوێك بۆ پاكسازی لە لیستی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان.

 




وشە - سه‌رخێڵ هاشم