ئێران دوای فڕەنسا دووەم بازاڕی ئۆتۆمبێلی پێژۆیە لە دنیادا

:: PM:03:55:16/01/2018 ‌

دوای رێککەوتنی ناوکیی کە بەشێک لە سزاکانی سەر ئێران لابران، هاوردەی ئۆتۆمبێلی جۆری پێژۆ بۆ ئێران زیادی کردووە و بووەتە دووەم بازاڕی گەورەی ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلە لە دنیادا لە دوای فڕەنسا کە بەرهەمهێنەری ئۆتۆمبێلەکەیە.

پێشتر چین لە پلەی دووەمدابوو. کۆمپانیای pasa کە بەرهەمهێنەری پێژۆ"بیجو" سیترۆئێن، ڤاکسول و ئۆپڵە لە ساڵی رابردووی زایینیدا بە رێژەی ١٥.٤% فرۆشتنی ئۆتۆمبێلەکانی زیادی کردووە.

کۆمپانیاکە لە ساڵی ٢٠١٧دا بە گشتی توانیویەتی سێ ملیۆن و ٦٣٢ هەزار ئۆتۆمبێل لە بازاڕەکانی دنیا ساغ بکاتەوە کە دوو ملیۆن و ١٢٠ هەزار دانەی لە دەرەوەی فڕەنسا ساغ کراونەتەوە.

هێشتا لە فرۆشتنی ئۆتۆمبێل کۆمپانیای رێنۆ لە پێش ئەم کۆمپانیایەیە و توانیویەتی سێ ملیۆن و ٧٦٠ هەزار ئۆتۆمبێل بەرهەم بهێنێت  و دواتر بیانفرۆشێت. هەر دوو کۆمپانیا بە کۆمپانیای فڕەنسی هەژمار دەکرین کە رۆڵی گرنگیان هەیە لە پیشەسازی دروستکردنی ئۆتۆمبێل لە دنیادا.

بە گشتی هەواڵی بەرزبوونەوەی ئاستی فرۆشی بەرهەمەکانی پاسا بووەتە هۆکاریک لە چەند رۆژی رابردوودا بەهای پشکەکانی ئەو کۆمپانیایە بەرز ببێتەوە.
سەرچاوە/rfi




وشە - سلێمان تاشان