ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی هاوپەیمانی نەسر دەكرێت كە عەبادی سەركردایەتی دەكات

:: PM:03:58:16/01/2018 ‌

 بە شێوەیەكی چاوەڕواننەكراو چەند گرووپێكی میلیشیای حەشدی شەعبی كشانەوەیان لە هاوپەیمانیەتی نەسری عێراق راگەیاند كە حەیدەر عەبادی سەركردایەتی دەكات، چاوەڕوان دەكرێت لە داهاتووی نزیكدا لایەنی تریش لە هاوپەیمانیەتییەكە بكشێنەوە و دووچاری داڕمان ببێتەوە.

لە كاتێكدا حزبی دەعوە دابەشی سەر دوو هاوپەیمانی بووە، هاوپەیمانی نەسری عێراق بە سەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی ئێستە و هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆكایەتی نووری مالیكی جێگری سەرۆك وەزیران. هەردوولا لە هەوڵی چڕدان بۆ ئەوەی زۆرترین لایەن و هێزی شیعە بە تایبەت لە خۆیاندا كۆ بكەنەوە، بە تایبەتتر هاوپەیمانی گرووپی میلیشیا شیعەكان بە سەرۆكایەتی هادی عامری كە چانسی زۆریان هەیە كە دەنگی زۆر بهێنن بەهۆی شەڕی دژ بە داعش.

ئەگەرچی لە دوو رۆژی رابردوودا نزیكبوونەوەیەك هەبوو لە نێوان عەبادی و عامری، بەڵام ئێوارەی دوێنێ دووشەم 15ی كانوونی دووەم، دەنگۆی كشانەوەی هەندێك لە گرووپە میلیشیاكانی حەشد لە هاوپەیمانیەتی نەسری عێراق بڵاو بووەوە.

كەسایەتییەكی سیاسیی عێراقی پێشبینی دەكات لە چەند رۆژی داهاتوودا هاوپەیمانیەتییەكەی عەبادی دووچاری داڕمان ببێت، بە تایبەت لایەن و هێزی زۆر ناكۆك و خاوەن بەرژەوەندیی دژ بەیەك لە لیستێكدا كۆ بوونەتەوە.

هاوپەیمانی عەبادی لەگەڵ میلیشیاكانی حەشدی شەعبی جێی هەڵوەستە بوو بە تایبەت كاتێك عەبادی لە ماوەی رابردوودا تۆمەتباری دەكردن بە دزینی هێزی چەكدارەكان و دامەزراندنیان بە مەبەستی هەڵبژاردن.

هاوپەیمانی فەتحی موبین كە زۆرینەی سەركردەكانی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لە خۆ دەگرێت و سەر بە ئێرانن، هاوپەیمانییان لەگەڵ نەسری عێراق راگەیاند كە عەبادی سەركردایەتی دەكات، ئەمەش زۆر دوور بوو لە پێشبینی چاودێرانی سیاسی كە چاوەڕوانیان دەكرد عەبادی هاوپەیمانیەتییەك رابگەیەنێت كە تایفەگەرایی تێبپەڕێنێت.

 بەگوێرەی سەرچاوە ئاگادارەكان، چوونی رەوتی حیكمە بە سەرۆكایەتیی عەماڕ حەكیم بۆ ناو هاوپەیمانیەتی نەسری عێراق و دەنگۆی رێككەوتنی عەبادی لەگەڵ موقتەدا سەدر سەركردەی رەوتی سەدر، میزاجی سەركردەكانی میلیشیاكانی حەشدی تێك دا.

سەرچاوەكان دووپاتی ئەوە دەكەنەوە كە چوونی عەماڕ بۆ ناو هاوپەیمانیەتییەكە میزاجی هێزەكانی حەشدی تێك داوە بەهۆی ئەوەی دەبێتە زیادبوونی ململانێكارێكی تر لەسەر بەدەستهێنانی دەنگی شەقامی شیعی.

هەر لەم ناوەندەدا بەگوێرەی زانیارییە دزە پێكراوەكان و لێدوانی سەركردەكانی بەشێك لە گرووپە میلیشیاكانی حەشد لێدوانی دژ بەیەك هەبوون.

مەحموود روبەیعی گوتەبێژی بزووتنەوەی عەسائیب ئەهلی حەق دەڵێ، بەشداریمان لە هاوپەیمانیەتییەكە هۆكاری هەڵبژاردن بووە، بۆیە فراوانبوونی هاوپەیمانیەتییەكە كاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر هەموو لایەنە بەشدارەكانی هاوپەیمانیەتییەكە لە دەستخستنی دەنگی پێویست.

بەڵام حەسەن سالم پەرلەمانتاری عێراق لەسەر لیستی عەسائیب ئەهلی حەق دەڵێ، كشانەوەی هاوپەیمانی فەتح لە هاوپەیمانی نەسر كە عەبادی سەركردایەتی دەكات، دوای ئەوە دێت كەسانێك خزاونەتە ناو هاوپەیمانیەتییەكە كە تۆمەتبارن بە گەندەڵی، وەك ئاماژەیەك بۆ عەماڕ حەكیم.

كەسایەتییەكی سیاسیی عێراقی ئاگادار دەڵێت، دانوستاندنەكان بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانیەتییەك بۆ هەڵبژاردن كە عەبادی سەركردایەتی بكات، لەگەڵ گرووپەكانی حەشد دواجار بە زیانی عەبادی تەواو دەبێت و عەبادی دەبێتە پردێك بۆ بەرزكردنەوەی دەنگەكانی گرووپە چەكدارەكان، چونكە ئەوان پێشتر هیچ ئەزموونێكی هەڵبژاردنیان نییە و خاوەن بنكەی جەماوەریش نین.

 ئەو سەرچاوەیە دەڵێ میلیشیاكانی حەشد دەتوانن هێز و نفووزی گەورەی عەبادی بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەكار بهێنن و پێی بچنە پەرلەمان.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە نووسینگەی عەبادی دەڵێ، هەڵمەتی دژ بە عەبادی بۆ راكێشانی میلیشیاكانی حەشد بۆ ناو هاوپەیمانیەتییەكانیان، وای كردووە عەبادی چاوخشاندنەوە بە بڕیارەكەی بكات.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد ناوی هاوپەیمانیەتییەكە كە (نەسر- سەركەوتن) میلیشیاكانی حەشد وای لێك دەدەنەوە ئەوە بەرهەمی قوربانیدانی ئەوان بووە، جگە لەمەش وەك چۆن پێشتر لە مالیكی جیا بوونەوە كە هاوپەیمانیش بوون، ئەوا زۆر ئاسانە و  لە عەبادیش جیا دەبنەوە.

چاودێرێكی تری سیاسی دەڵێ، ئەوەی سەركردەكانی حەشد پلانیان بۆ داڕشتووە، تەنیا بەشداریكردن نییە لە هەڵبژاردن و ببنە كەرەستەیەكی سانا بە دەست لایەنە سیاسییەكان، بەڵكو ئامانجیان ئەوەیە ئیدارەی دەوڵەت بدەن.

زیاتر گوتی، "گۆڕانیان لە سەربازییەوە بۆ ناو پرۆسەی سیاسی، پرسێكی هەڕەمەكی نەبووە و دوور نییە لە مەبەستی سیاسی كە دەیانەوێت بگەن بە دەسەڵات، چونكە ئەوان لە بنەڕەتدا خۆیان بە رزگاركەری عێراق دەزانن".

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش دا وەك دیارە عەبادی زۆر لاوازە و ناتوانێت بەرەنگاری حەشد ببێتەوە، ئەمەش بوو وای كرد هاوپەیمانیەتییان لەگەڵ ببەستێت.

بەشداری حەشدی شەعبی لە هەڵبژاردنەكان، پێشێلكردنێكی دیار و بەرچاوی دەستووری و یاسایییە و ئەوان جلی سەربازییان داكەند و بەشداری پرۆسەی سیاسی دەكەن.

ئەوەی زیاتر خەڵكی نیگەران كرد، پاشگەزبوونەوەی عەبادی بوو لە بەڵێنەكانی پێشتری و لە جێی ئەوەدا هاوپەیمانی لەگەڵ حەشد بەست.

كازم سیادی پەرلەمانتاری عێراق لە لیستی دەوڵەتی یاسا دەڵێ، عەبادی كە خۆی رەخنەی توندی لە گەندەڵكارییەكانی سەركردەكانی حەشد دەگرت، كەچی ئێستە هاوپەیمانیەتییان لەگەڵ رادەگەیەنێت بە ئامانجی لە قاڵبدانی نووری مالیكی و شكست پێهێنانی.

 هەندێك سەرچاوە دەڵێن عەبادی ترسی لەوە هەیە رەخنەكانی لێی دەگیرێن ببێتە بڕیاری خەڵك و لە هەڵبژاردن دەنگ بە نەیارەكەی مالیكی بدەن، یان بەشداری لە هەڵبژاردن هەر نەكەن.    
                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                  
چەند سەرچاوەیەك دەڵێن عەبادی لە هەوڵی ئەوەدایە كەسانی نوێ و پاك بهێنێتە ریزی لیستەكەی بۆ رازیكردنی دەنگدەرانی.      
                                                                                                                                                                            
بەڵام كەسایەتییەكی سیاسیی شیعی پێی وایە عەبادی ناچارە رووبەڕووی پەرچەكرداری ئێران ببێتەوە كە پێ دەچێت زۆر دڵڕەقانە بێت.

زیاتر گوتی، "هاوپەیمانی عەبادی و حەشد بێگومان رووبەڕووی پاڵەپەستۆی ئێران دەبنەوە كە لە چانسی عەبادی هەموو هاوپەیمانانی ئێران دەیانەوێت لەم هەڵبژاردنە براوە بن".

پێ دەچێ جارێكی تر دۆسیەی هەڵبژاردن بێتەوە پێشەوە، چونكە وا دەخوێنرێتەوە كە هیچ لایەنێك ئامادە نەبێت بۆ ئەو هەڵبژاردنە و پێویستیان بە كات هەبێت بۆ رێكخستنەوەی خۆیان و پێكهێنانی هاوپەیمانیی تر.

 سەرچاوە/ عەرەب



وشە - فه‌رمان سادق