25 ملیۆن دۆلار خەڵاتە.. ئەنجومەنی ئاسایشی کوردستان ماوەی 45 چرکە شوێنی بەغدادی دەستنیشان کردووە

:: PM:04:02:16/01/2018 ‌

 ئەبوبەكر بەغدادی لە كوێ خۆی حەشار داوە؟ ئەو پرسیارەی لە هزری هەموو كەسێك دایە بە تایبەت دوای رووخانی خەلافەتەكەی.
ئەگەرچی خەلافەتی ئیسلامی لە عێراق و سووریا رووخا و كۆتایی پێهات و زۆرینەی چەكدارانیشی كوژران و بەشێكیشی لێ هەڵاتوون بۆ لیبیا و ئەفغانستان و میسر، بەڵام تا ئێستە چارەنووسی بەغدادی سەركردەی خەلافەتەكە نادیارە و لە ئاستی دادگای نێودەوڵەتیش داوا كراوە.

ناوچەكانی سنووری نێوان عێراق و سووریا
زۆرینەی بۆچوونەكان بەو ئاراستەیەن كە ئەبوبەكر بەغدادی لە یەكێك لە ناوچەكانی سنووری نێوان عێراق و سووریا خۆی حەشار داوە كە هێشتا بە دەست داعشەوەیە.
 ئەو بۆچوونەش بە گوێرەی قسەی سەعید جیاشی لێكۆڵەر و راوێژكاری تەناهی یەكەی راگەیاندنی جەنگی عێراقی كە سەر بە وەزارەتی بەرگری عێراقە، بۆچوونێكی دروست و راستە. جیاشی پێی وایە هێشتا بەغدادی لە یەكێك لە ناوچە سنوورییەكانی نێوان عێراق و سووریا خۆی حەشار داوە كە هێشتا ئەو ناوچەیە بە دەستی داعشەوە بێت.
هاوكات هیشام هاشمی لێكۆڵەری بواری تەناهی پێی وایە بەغدادی زۆر لە خاكی عێراق دوور نەكەوتۆتەوە و پێدەچێ لە هەمان ئەو ناوچەیە خۆی حەشار دابێت كە پێشتر ئەبو عومەر بەغدادی و ئەبو حەمزەی مەهاجیر خۆی لێ حەشار دابوو.
ئەبو عومەر بەغدادی سەركردە لە رێكخراوی تیرۆریستی قاعیدە كە لەتەك ئەبو حەمزەی مەهاجیر وەزیری دارایی قاعیدە لە یەكێك لە هێرشە ئاسمانییەكانی فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمەریكا لە ناوچەی سەرسار لە پارێزگای سەلاحەدین لە مانگی نیسانی 2010 كوژران، كە دواتر ئەبوبەكر بەغدادی بوو بە جێگرەوەی ئەبو عومەر.
 هاشمی دەڵێ بەگوێرەی ئەو راوێژە هەواڵگرییەی لە نێوان وڵاتانی ناوچەكە هەیە كە بەغداش یەكێكە لەو وڵاتانە، پێدەچێت ئەبوبەكر بەغدادی لە ناوچەی سەرسار خۆی حەشار دابێت.
ئەبوبەكر بەغدادی خۆی بە خەلیفەی موسڵمانان ناساند و یەكەم دەركەوتنی دەگەڕێتەوە بۆ مانگی تەمووزی 2014 لە مزگەوتی نوری گەورە لە موسڵ، كە لەوێدا دەوڵەتی ئیسلامی راگەیاند.
دوای سێ ساڵ لە شەڕی دژ بە داعش دواجار هێزەكانی عێراقی و سووری بە هاوكاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كە لە 60 وڵات پێكهاتووە توانیان دەوڵەتە ئیسلامییەكەی بەغدادی لەناو ببەن و زیانێكی زۆریشی پێ بگەیەنن.

دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی بەسەر یاریدەدەرەكانی
ئەو دۆخەی بەسەر داعش داهات ناچاری كرد رێگە و تەكتیكی تر بگرێتەبەر بە مەبەستی خۆ رێكخستنەوەی و پارێزگاری كردن لە دەوڵەتەكەیان لە رێگەی دروستكردنی لیژنەیەك كە ئەرك و دەسەڵاتەكانی خەلیفەی دەبێت، لەسەر ئەو بنەمایەی خەلیفە لەم دەمەدا ناتوانێت بجولێتەوە.
سەعد جیاشی دەڵێ هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەتی ئیسلامی پێش دەستپێكی شەڕی موسڵ بوو لە مانگی تشرینی یەكەمی 2016، چونكە بە گوێرەی زانیارییەكان داعش لیژنەی راوێژكاری پێكهێنا و دەسەڵاتەكانی خەلیفە دران بەو لیژنەیە بۆ ئیدارەدانی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی داعش.
ئاماژەی بەوەشدا بە گوێرەی زانیارییەكان پۆستی خەلیفە بە چۆڵی بەجێهێڵدرا لەسەر ئەو بنەمایەی ئەبوبەكر بەغدادی ناتوانێت ئیدارەی دەوڵەتەكە بدات، بەڵام داعش ئەو زانیارییانەی رەتكردەوە.
جیاشی پێی وایە داعش دەیەوێت ریزەكانی خۆی رێكبخاتەوە لە رووی فكرەوە، لەم ماوەیەدا ئەمە ئەركی سەرەكی ئەوان دەبێت.

 ئەبوبەكر بەغدادی تەمەن 47 ساڵ، ناوی تەواوی ئیبارهیم سامەراییە و لە شاری سامەڕا لە دایك بووە، دوای دووساڵ بەسەر كوژرانی ئوسامە بن لادن، لە ساڵی 2013 لە رێكخراوی تیرۆریستی داعش جیا بووەوە.
 بەغدادی لەناو خێزانەكەیدا پەروەردە كراوە و فقهی ئیسلامی لە بەغدا خوێندووە، لە كاتی رزگاری عێراق لە ساڵی 2003، بەشداری كردووە لە دژایەتی كردنی سوپای ئەمەریكا و هاوپەیمانان و سوپای عێراقی كردووە. ساڵی 2004 لەلایەن سوپای ئەمەریكا دەستگیر كراوە بەڵام دوای 10 مانگ ئازاد كرا، چونكە وەك كەسێكی سڤیل سەیری دۆسیەكەی كرا نەك كەسێكی سەربازی.
دوای 13 ساڵ، ئێستە ئەمەریكا بڕی 25 ملیۆن دۆلاری دەستنیشان كردووە بۆ هەر كەسێك زانیاری بدات بە ئەمەریكا لەبارەی شوێنی مانەوەی بەغدادی.
ئەگەرچی زۆرینەی بۆچوونەكان بەو ئاراستەیەن كە بەغدادی لە ناوچەیەی بیابانی سنووری نێوان عێراق و سووریا خۆی حەشار دابێت لە یەكێك لە گوندە دوورە دەستەكان، بەڵام حكوومەتی عێراق هیچ پلانێكی نیە بۆ دەستگیركردنی.
فەریق روكن عەبدولوەهاب ساعدی جێگری هێزەكانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەڵێ هیچ پلانێكی روون نیە بۆ دەستگیر كردنی بەغدادی، چونكە شوێنی مانەوەی بزرە.
روونی كردەوە وا بە ئاسانی بەغدادی نابێتە ئامانج، چونكە هیچ كات لەو ناوچەیە نەبووە كە شەڕ تێیدا رووی داوە، جگە لەوەش هیچ پلانێكمان نیە بۆ دەستگیركردنی چونكە لە بنەڕەتدا جێگەی مانەوەی بە دروستی نەزانراوە.

كوژرانی بەغدادی
 هاوكات زۆرێك لە راپۆرتە میدیاییەكان باس لە كوژرانی ئەبوبەكر بەغدادی دەكەن، دوا راپۆرت سوپای رووسیا بوو لە حوزەیرانی 2017 رای گەیاند كە سوپای رووسیا لە هەوڵی ئەوەدان بیسەلمێنن لە یەكێك لە هێرشە ئاسمانییەكانی فڕۆكە جەنگییەكانی رووسیا لە سووریا كوژراوە.
بەڵام دواتر بەغدادی گرتەیەكی دەنگی بڵاوكردەوە و ماڵپەڕە نزیكەكانی داعش لە 28ی ئەیلولی رابردوو بڵاویان كردەوە كە تێیدا دەردەكەوێت بەغدادی لەناو گروپێك لە ئەندامانی داعش دایە و قسەیان بۆ دەكات و باسی ئارام گرتن و دان بەخۆدا گرتن دەكات دوای ئەو شكستە گەورەیەی دووچاری داعش هاتووە لە سووریا و عێراق.
 
پیش رزگاركردنی ئەو ناوچە بەرفراوانەی لە دەستی داعش دابوو لە عێراق و سووریا، زوو زوو بەغدادی لەسەر سنووری نێوان عێراق و سووریا دەردەكەوت.
بەڵام دوای شكستە گەورەكە و لەدەستدانی زەوییەكی زۆر، بەغدادی بە تەواوەتی بزر بووە و هیچ هەواڵێكی لەسەر نابیسترێت و هیچ جولەیەكیشی نیە، ئەمەش وایكردووە شوێن هەڵگرتنی ئاسان نەبێت.
دوا زانیاری لەسەر بەغدادی ئەو بەیاننامەیە فەرمییەی سوپای عێراق بوو كە لە 13ی شوباتی 2017 بوو بڵاوی كردەوە كە فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمەریكا لەسەر سنووری نێوان عێراق و سووریا لە یەكێك لە خانووەكانی خۆیدا لەكاتی كۆبوونەوەی لەگەڵ سەركردەكانی تری داعش كوژراون.

45 چركە دەستگیر كرا
لە ماوەی 18 مانگی رابردوودا لایەنی كەم سێجار شوێن پێی ئەبوبەكر بەغدادی دەستنیشان كراوە، بەلاچم پاسەوانە سەرسەختانە بەرگریان لێی كرد و قورتاریان كرد.
رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی لە راپۆرتێكدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات بەهۆی هەڵەیەك كە ماوەكەی تەنیا 45 چركە بوو، لە مانگی تشرینی دووەمی 2016، خەریك بوو بەغدادی دەستگیر بكرێت كاتێك یەكێك لە ئەفسەرانی دەزگای هەواڵگری توانی لە رێگەی چاودێری و گوێ هەڵخستن بۆ پەیوەندییە تەلەفۆنییەكانی ئەوان لە یەكێك لە گوندەكانی نزیك تەلعفەر دەنگی بیستراوە و شوێنی دەستنیشان كراوە.
یەكێك لە ئەندامانی باڵای ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان كە چاودێری خستووەتە سەر پەیوەندییە تەلەفۆنییەكانی بەغدادی دەڵێ ماوەی 45 چركە بە تەلەفۆن قسەیان كردوە یاشان پاسەوانەكانی پێیان بڕیوە و تەلەفۆنەكەیان داخستووە، زۆر بە زووی بە هەڵەكەی خۆیان زانی.
 لە كۆتاییەكانی ساڵی رابردوو جارێكی تر لە یەكێك لە گوندەكانی بەعاج كە دەكەوێتە باكوری موسڵ بۆ ماوەیەكی كورت دەكەوێتەوە داوای دەزگای هەواڵگری و بۆ ماوەیەك گوێ لە دەنگی دەگیردرێت.

ساڵی 2015 لە یەكێك لە گوتدەكانیی باشووری گوندەكانی بەعاج پەیوەنییەكانی تەلەفۆنی ئەنجام داوە ، دواتر هەر هەمان ساڵ دەستگیر كراوە.
نەسرین ئەسەد ئیبراهیم بحر، وردەكاری دیدارە كورتەكەی لەگەڵ بەغدادی دەگێڕێتەوە و دەڵێ ئەبوبەكر بەغدادی بەسەردان هاتووە بۆ ماڵمان و بۆ بینینی ئەبوسیافی مێردم، من دەمزانی ئەو لێرەیە، تەنیا ئەوەندەم پێكراوە لە پشتەوەی دەرگا چایەك بۆ ئەبوبەكر بەغدادی ئامادە بكەم، چونكە مێردەكەم رێگەی نەدا بەغدادی ببینم.

دەزگا هەواڵگرییەكانی ئەوروپا و عێراق پێان وایە ماوەی 18 مانگ دەبێت ئەبوبەكر بەغدادی لە گوندیچكی باشووری باجە نیشتەجێیە و سەردانی كورت ئەنجام دەدات بۆ شاری ئەبوكەمال لەسەر سنووری نێوان عێراق و سووریا.

هەروەها سێ دەزگای هەواڵگری پشتڕاستی دەكەنەوە كە بەغدادی لە هێرشێكی فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمەریكا لە نزیك كەركوك لە سەرەتاكانی ساڵی 2015 بریندار بووە.
سەرچاوەكانی بۆ رۆژنامەی گاردیان قسەیان كردووە دەڵێن چاكبوونەوەی بەغدادی چەند مانگێكی پێویست بووە و لە گوندەكانی دەوروبەری بەعاج ماوەتەوە.
سەرچاوەكان ئاشكرای دەكەن كە بەغدادی لە شاری ئەبوكەمال بینراوە و زۆر بێ تاقەت بووە، هاوكات سەرچاوەیەكی بەرپرسێكی هەرێمایەتی لە عێراق دەڵێ بەغدادی لەسەر لێواری مەرگە و ئەمساڵ دەگەینە سەری.

 سەرچاوە/ شەفەق + سۆمەریە


وشە - فه‌رمان سادق