سەرۆكی فەرمانگەی داواكاری گشتیی سلێمانی لەسەر كار لابرا

:: PM:05:26:16/01/2018 ‌
سەرۆكی فەرمانگەی داواكاری گشتیی سلێمانی گۆڕدرا ئەوەیش دوابەدوای ئەوەی لەماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوو بڵاو بوونەوەی دەنگۆی لابردنی نارەزای لەلایەن پەرلەمانتاران و رێكخراوەكان لێ‌ كەوتەوە.

حاكم بەختیار عەلی ماوەی چەند ساڵێكە سەرۆكی فەرمانگەی داواكاری گشتیی سلێمانییە و پێشتر لە چاوپێكەوتنێكی تایبەتدا لەگەڵ هەفتەنامەی "وشە" ئاماژەی بەوە كردبوو، چەندان دۆسیەی گەورەی گەندەڵی لە بەردەستە و روونیشی كردبووەوە كە زۆرترین بەرپرسی سەربازی لەو سنوورە زیادەڕۆیییان كردووەتە سەر موڵكی گشتیی. بەڵام ئەمڕۆ لەسەر كار لابرا.

ئەمڕۆ سێشەم 16ی كانوونی دووەم، سەرچاوەیەك لە فەرمانگەی داواكاری گشتی سلێمانی هەواڵی لابردنی ئەو حاكمەی بۆ "وشە" پشتڕاست كردەوە و ڕای گەیاند، بەبێ‌ داواكاری خۆی حاكم بەختیار عەلی  بە فەرمانێكی وەزاری سەرۆكی داواكاری گشتی سلێمانی لەسەر كار لابرا.

"وشە" زانیویەتی كە بڕیارە لەجێی بەختیار عەلی، مەهدی رەشید فەرج بكرێتە سەرۆكی فەرمانگەكە، رۆژی 15ی كانوونی دووەم، غالب محەمەد ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ژمارەیەك مەلەف كە پێوەست بوون بە ‌ گەندەڵییەكانی یەكێتی و قوباد تاڵەبانی و كۆمپانیاكانیان ئاراستەی داواكاری گشتی سلێمانی كراوە و سەرۆكی داواكاری گشتیی سلێمانی كاری باشی لەسەر كردووە، بەڵام ئێستە قوباد تاڵەبانی بۆ پۆشینی گەندەڵییەكانی خۆی و یەكێتی، هەوڵی لەسەر كارلابردنی سەرۆكی داواكاری گشتی سلێمانی دەدات.

ئەوە لە كاتێكدایە كە ساڵی رابردوو سەرۆكی داواكاری گشتیی سلێمانی داوای كردبوو كە ئەندامیان لە لیژنەی چاكسازییەكانی هەرێمی كوردستاندا هەبێت و كاری لیژنەكان سلێمانیش بگرێتەوە.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم