هۆكاری ڕووخانی خانووەكانی دەربەندیخان ئاشكرا دەكرێت

:: PM:05:26:16/01/2018 ‌

یەكێتیی ئەندازیارانی كوردستان ڕاپۆرتی خۆی لەسەر هۆكاری ڕووخانی خانوو و باڵەخانەكانی دەربەندیخان ئاشكرا دەكات، كە دوو هەزار و 500 خانوو زیانیان پێگەیشتووە لە ڕووداوی بوومەلەرزەكەی ساڵێ‌ ڕابردوو.

ئەمڕۆ سێشەم 16ـی كانوونی دووەم، لە ڕاپۆرتی یەكێتیی ئەندازیارانی كوردستان لەسەر هۆكاری ڕووخانی خانوو و باڵەخانەكانی دەربەندیخان هاتووە، لەسەر داوای سەرۆكایەتی شارەوانی دەربەندیخان بە نووسراویان ژمارە 2082 لە 2017/12/12دا، یەكێتی ئەندازیارانی كوردستان لە ڕێكەوتی 2/1/2018دا لیژنەیەكی ئەندازیاری پێكهێنا بەمەبەستی دۆزینەوەی چارەسەری ئەندازیاری بۆ ئەو زەرەر و زیانانەی كە بەر خانوو بینای شاری دەرەبەندیخان كەوتوە بەهۆی زەمین لەرزەكەوە.

لە ڕاپۆرتەكە هاتووە، لیژنەكە ڕۆژی شەموو 2018/1/6 سەردانی شاری دەربەندیخانیان كرد و لە نزیكەوە بە هاوڕێیەتی نوێنەری سەرۆكایەتی شارەوانی دەربەندیخان ژمارەیەك خانوو و بینایان بەسەركردەوە وەك نمونەیەك لەو دوو هەزار 500 خانوو و بینایانەی كە زیانیان بەركەوتوە، لەئەنجامی بینین و هەڵسەنگاندنی دۆخەكە، بۆیان دەركەوت كە هەر لەسەرەتای دروستكردنی خانوو بینا و باڵەخانەكانەوە كێشە و كەموكوڕی زانستی و ئەندازیاری هەیە لە جۆری كەرەسەی بەكارهێنان و شێوازی دروستكردن و مەرجەكانی توندوتۆڵی و تادوایی.

ئەندازیارانی كوردستان دەڵین، هەموو ئەو كەموكڕیانە پێكەوە بوونەتە هۆی ئەوەی كە ئەو خانوو بینایانە زیانیان بەربكەوێت، هەربۆیە وەك لایەنێكی زانستی و ئەندازیاری و پسپۆڕ و شارەزا هەندێك تێبینی و پێشنیازیان خستۆتە ڕوو بۆ لایەنە پەیوەندیدارەكان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا ،بەوهیوایەی لە ئایندەدا بكرێتە یاسا و ڕێنمایی تا دامودەزگە تایبەتمەندەكان و بەتایبەتیش شارەوانیەكان جێبەجێیان بكەن و پابەندبن بە بەدواداچوون و گرنگی پێدایان بۆئەوەی وڵات و هاوڵاتیانمان لە زەرەروزیانی گیانی و ماڵی بەدووربن.

ڕۆژی 12/11/2017 بوومەلەرزەیەكی بەهێز هەرێمی كوردستانی هەژاند و بەو هۆیەوە هەشت هاووڵاتی بوونە قوربانی و زیاتر لە 500 هاوولاتی تریش برینداربوون.









وشە - رامیار جەواد