حەشدی شەعبی بە هاوئاهەنگی پەكەكە كاری قاچاغی دەكەن

:: PM:05:35:16/01/2018 ‌

ئێستە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی كە لە سنووری سووریا و ناوچە كوردستانییەكان بە تایبەت شنگال و دورووبەری جێگیر كراون، وەك گوتەبێژی هێزەكانی پێشمەرگەی "رۆژ" دووپاتی دەكاتەوە كە بە هاوكاریی شەڕوانانی پەكەكە كاری قاچاغی دەكەن.

شەرەڤان دێركی، گوتەبێژی هێزەكانی پێشمەرگەی "رۆژ" ئەمڕۆ سێشەم بە ''وشە''ی راگەیاند، پەكەكە و حەشدی شەعبی لە سنووری سووریاوە خۆیان جیگیر كردووە و هاوپەیمانیەتییان هەیە و كەلوپەلی كوالیتی خراب دێننە ناوەوەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم.

زیاتر گوتی، پێشتریش حەشدی شەعبی و پەكەكە رێككەوتنیان هەبوو لە سەر دانانی باج لەسەر خەڵك و كاری دزێو و هەموو پێشێلكارییەكیان بەرانبەر خەڵك ئەنجام دەدا، چونكە ئەو كەسانەی لە ریزەكانی حەشدی شەعبین هەموویان نامۆن و خەڵكی باشووری عێراقن و بە هەوەسی خۆیان مامەڵە لەگەل خەڵكی ناوچەكە دەكەن.

گوتەبێژی هێزەكانی پێشمەرگەی "رۆژ" ئاماژەی كرد، ئەوان بێ پشكنین بۆ كوالیتی، شتومەكەكان دێننە ناو ناوچە كوردستانییەكان، چونكە دەزانن خەڵك لە ژێر سایەی ئەواندا پێویستیان پێیە و گەمارۆی ئابووریان خستووتە سەر خەڵكەكە و ناچارن بیكڕن.

پێشمەرگەی رۆژ لە دواییەكانی ساڵی ٢٠١١ لە گەنجە خۆبەخشەكانی رۆژئاوای كوردستان دامەزرا، كە پێشتر ئەو گەنجانە لە بەر سەربازی بەزۆر هەلهاتبوون لە رۆژئاوا و ئێستەیش لە رێزەكانی پێشمەرگەی باشوور لە سەنگەرەكانی شەردان و بەڕێوبەرایەتی خۆسەر لە رۆژئاوا رێگەیان پێ نادات بگەڕێنەوە رۆژئاوا و بەرگری لە خاك و نشتیمانی خۆیان بكەن.

دهۆك/ كاروان باعەدری



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل