بە بەڵگە.. یەكێتیی دوو ملیۆن دۆلار لە حكوومەت قەرز دەكات

:: PM:05:54:16/01/2018 ‌

مەكتەبی ئیدارە و دارایی گشتی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان رونكردنەوەیەك لەسەر هەواڵێك لەبارەی وەرگرتنی بڕی دوو ملیۆن دۆلار دەدات و پشتڕاستی دەكاتەوە كە ئەو پارەیان لە حكوومەت قەرز كردووە.

ئەمڕۆ سێشەم 16تی كانوونی دووەم، لە روونكردنەوەكەی مەكتەبی ئیدارە و دارایی یەكێتی نیشتمانیی كوردستاندا كە وێنەیەكی دەست "وشە" كەوتووە تیایدا هاتووە، لەهەندێك هەواڵ و كۆبوونەوەدا باسی ئەوە كراوە مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بڕی دوو ملیۆن دۆلاری لە سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان وەرگرتووە.

لە روونكردنەوەكەدا بەشی ژمێریاری  مەكتەبی ئیدارە و دارایی گشتی یەكێتی دووپات لەوە دەكاتەوە ئەو دوو ملیۆن دۆلارە لەسەر داوای دلێری سەید مەجید و ئیدارەی گشتی وەرگیراوە و لەدەفتەری حساباتیشدا نووسراوە، هەروەها ئەمە یەكەمجار نییە مەلا بەختیار پێویستیی ئیدارەی گشتی دابین دەكات، پێشتریش هەر لەسەر داوای ئیدارەی گشتی، چ بۆ كارئاسانی كارەكانمان و چ بۆ هاوكاری ماددی و مووچەی كادران و ئۆرگانەكان دەیان جار زیاتری ئەو بڕە پارەیە بۆ ئیدارەی گشتی دابین كردووە.

لەكۆتایی روونكردنەوەكەیشدا هاتووە، بەشی ژمێریاری مەكتەبی ئیدارە و دارایی گشتی یەكێتیی ئاشكرای دەكات هەر ئۆرگان و سەركردەیەكی یەكێتیی  گومانی لە چۆنیەتی دابینكردنی دوو ملیۆن دۆلارەكە و چۆنیەتی وەرگرتن و خەرجكردنی هەیە، دەتوانێت بەدواداچوون بكات.

پێشتر بەرپرسانی یەكێتیی باسیان لەوە دەكرد ژێر زەمینەكان پڕیەتی لە فەردە دۆلار و پارەی ئەو حزبەیان بە پارەیەكی خەیاڵی هەژمار دەكرد كە بە پێویستیان دەزانی ئەو پارەیە بێتە دەرەوە و بۆ خەڵكی خەرج بكرێت.






وشە - رامیار جەواد