پڕۆژەیەك بۆ قەرەبووكردنەوەی تاوانەكان لەدژی كورد پێشكەش دەكرێت

:: PM:06:12:16/01/2018 ‌

گرووپی دادوەرانی جیهان پڕۆژە یاساییەك بۆ قەرەبووكردنەوەی تاوانە نێودەوڵەتییەكان پێشكەشی پەرلەمانی كوردستان دەكات و سەرجەم ئەو زیانانەی بەر كوردستان كەوتووە دەیخەنە ڕوو.

ئەمڕۆ سێشەم 16ـی كانوونی دووەم، لە هەواڵێكی سایتی پەرلەمان هاتووە، جەعفەر ئێمینكی جێَگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لەگەڵ سامی جەلال بەڕێوەبەری گرووپی دادوەرانی جیهانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كۆبووەوە.

لەو كۆبوونەوەییە بەرێوەبەری گرووپی دادوەرانی جیهانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پڕۆژە یاسایەكی قەرەبووكردنەوەی تاوانە نێودەوڵەتییەكان پێشكەش بە پەرلەمانی كوردستان كرد و لە پڕۆژەكەدا سەرجەم ئەو زەرەر و زیانانەی بەر كوردستان كەوتووە بەتایبەتی كیمیابارانكردنی شار و شارۆکەكانی هەرێمی كوردستان لە سەردەمی رژێمی بەعس و هەروەها قەرەبووكردنەوەی زیانبەركەوتووانیان هاتووە، هەروەها ئەو كۆمپانیایانەی كەوا چەكی كیمیایییان بە رژێمی بەعس داوە لە بواری بازرگانیكردنیان بەچەكی كیمیاوی.

سامی جەلال رای گەیاند، بەڵگەیەكی زۆرمان دەستكەوتووە و لەلایەن خەڵكی زیان لێكەوتوو داوای یاساییان بەرز كردووەتەوە.

سەبارەت بە پرۆژە یاسایەكە جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان رای گەیاند، ئەو پڕۆژەیە، كە دەكەوێتە دەست دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان كاری لەسەر دەكرێت و رەوانەی لیژنەی پێوەندیدارەكان دەكرێت و بۆ وەرگرتنی راو بۆچوونیان لەسەری بەجۆرێك كە بە قازانجی خەڵكی كوردستان بێت.

حكوومەتی بەعس لە ساڵانی ڕابردوو پڕۆسەی ئەنفال و كیمیابارانی لە هەرێمی كوردستان ئەنجام دا، كە ژمارەیەكی یەكجار زۆر كورد بوونە قوربانی، كە بەنزیكەی نیو ملیۆن هاووڵاتی هەژمار دەكرێت.


وشە - رامیار جەواد