كورد بایكۆتی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق لەبارەی بودجەوە دەكات

:: PM:06:34:16/01/2018 ‌

ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رای گەیاند، كە بڕیارە سبەی پەرلەمانی عێراق كۆبێتەوە و خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژە یاسای بودجە بكات، بەڵام كورد بایكۆتی كۆبوونەوەكە دەكەن.

لە ماوەی رابردوودا كورد و سوننە تێبینییەكانی خۆیان لەبارەی  پڕۆژە یاسای بودجە ئاراستەی حكوومەت كرد بۆ ئەوەی لە پڕۆژە یاسای بودجەی گشتیی عێراق جێگیری بكەن، بەڵام تا ئێستە داواكارییەكان جێبەجێ نەكراون و بڕیارە سبەی جارێكی تر پەرلەمان پڕۆژە یاساكە بخاتە بەرنامەی كار بۆ ئەوەی خوێندنەوە یەكەم بۆ ئەو پڕۆژە یاسایە بكات، تا ئێستەیش دیار نییە پەرلەمان دەتوانێت خوێندنەوەی یەكەمی بۆ بكات یان نا.

سەرحان سلێڤانەیی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لەم بارەوە بە "وشە"ی راگەیاند، بڕیارە سبەی پەرلەمانی عێراق كۆ بێتەوە و پڕۆژە یاسای بودجە بخاتە ناو كارنامەی كۆبوونەوە و خوێندنەوەی یەكەمی بۆ بكات، بەڵام تا ئێستە دیار نییە، كە پەرلەمان دەتوانێت خوێندنەوەی یەكەمی بۆ بكات یان نا، چونكە داواكاریی كورد و سوننە لەبەرچاو نەگیراوە.

لەبارەی هەڵوێستی كورد بۆ بەشداریكردن لە كۆبوونەوەی سبەی سلێڤانەیی رای گەیاند، ئەمڕۆ فراكسیۆنە كوردییەكان لە پەرلەمانی عێراق كۆبوونە و بڕیاریان داوە سبەی بەشداری لەو كۆبوونەوەیە نەكەن، چونكە داواكاری كورد جێبەجێ نەكراوە، بۆیە گەر كورد بزانن هیچ گرەنتییەك نییە بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكانیان سبەی بایكۆتی كۆبوونەوە دەكەن و بەشداری تێدا ناكەن.

گرنگترین داواكارییەكانی كورد بریتییە لەوەی پشكی هەرێمی كوردستان لە ١٧% وەك پێشووتر كەمتر نەبێت و ناوی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانیش بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان بگۆردرێت، بەڵام تا ئێستە ئەو داواكارییانەی كورد جێبەجێ نەكراون.

هەولێر/ بڵند ئیبراهیم



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل