عرفان كەركووكلی: حەشدی شەعبی چەندان هاووڵاتی توركمانی رفاندووە

:: PM:06:38:16/01/2018 ‌

سەرۆكی پارتی گەلی توركمانی لە كەركووك رای گەیاند، كە حەشدی شەعبی لە كەركووك ستەمێكی گەورە لە توركمانەكان دەكات و تا ئێستەیش چەندان هاووڵاتی توركمان لەلایەن حەشدی شەعبییەوە رفێندراون و چارەنووسیان دیار نییە.

لە دوای ١٦ی ئۆكتۆبەرەوە، كە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق بە یارمەتی باڵێكی ناپاكی ناو پارتێكی كوردستان كەركووك و ناوچە دابڕاوەكانیان كۆنترۆڵ كرد، بەردەوام پێشێلكاری لە دژی خەڵكی ئەو شارە ئەنجام دەدەن و تا ئێستەیش چەندان هاووڵاتی كوژراون و ژمارەیەكی زۆریش رفێنراو و بێ سەروشوێنن.

عرفان كەركووكلی، سەرۆكی پارتی گەلی توركمانی لە كەركووك ئەمڕۆ سێشەم بە "وشە"ی راگەیاند، دۆخی كەركووك زۆر خراپە و خەڵكی ئەو شارە لە دلەڕاوكێیەكی زۆردا دەژین و حەشدی شەعبیش ستەمێكی زۆر لە توركمانەكانی ئەو شارە دەكات و هەڕەشەیان لێ دەكات و پێش چەند رۆژێك چوونەتە سەر ماڵی (ئەبو سەمەرقەند)، كە كەسایەتییەكی ناسراوی توركمانە و خاوەن باڵەخانەی (ئەبو سەمەرقەند)ە و ویستوویانە خۆی و كچەكەی بڕفێنن و زۆر ئەشكەنجەیان داوە، بەڵام دوای بەرگریكردن نەیانتوانی بیڕفێنن.

كەركووكلی زیاتر گوتی، جگە لەوەیش تا ئێستە نزیكەی ١٠ خێزانی تری توركمان پێوەندیان بە منەوە كردووە، كە منداڵەكانیان لەلایەن چەكدارانی (عەسائیب ئەهلولحەق) رفێندراون و تا ئێستەیش بێسەروشوێنن و بەرەی توركمانیش هەموو خەڵكی ئاگەدار كردووەتەوە كە نابێت باسی پێشێلكارییەكانی حەشدی شەعبی بكەن و ترسێنراون.

سەرۆكی پارتی گەلی  توركمانی لە كەركووك روونی كردەوە، تا ئێستە بەدەیان هاووڵاتی كورد و توركمان لەلایەن حەشدی شەعبییەوە رفێنراون و كەسوكاریشیان دەچنە لای دەزگا تەناهییەكان و ئەوان دەڵێن، كە ئاگەداری شتی لەو شێوەیە نین و هەفتەی رابردوویش دوو هاووڵاتی كوردیش كوژراون.

زیاتر گوتی، خەڵك بەجۆرێك ترساوە، كە هێشتە تاریك نەهاتوو دەچنەوە ماڵەكانیان لە ترسی كوشتن و رفاندن و دزیكردن و دزی بەشێوەیەكی بەرچاو زیادی كردووە. بۆیە وەك توركمان نەتەوە یەكگرتووەكان و كۆمەڵگای نێودەوڵەتیمان لەو پێشێلكارییانە ئاگەدار كردووەتەوە، چونكە ئەوەی ئەوان دەیكەن دژی یاسا و مادەی ١٤٠ی دەستووری عێراقە.

هەولێر/ بڵند ئیبراهیم



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل