هۆكاری دابەش نەكردنی مووچەی پێشمەرگە ئاشكرا كرا

:: PM:07:31:16/01/2018 ‌
لەگەڵ ئەوەی بڕیار بوو ئەمڕۆ مووچەی تەواوی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان دابەش بكرێت، بەڵام بەهۆی نەبوونی پارە دابەشكردنی مووچە دواخرا.

نووسینگەی رۆژنامەوانی جەبار یاوەر ئەمینداریەتی گشتی وەزارەتی پێشمەرگە لە روونكردنەوەیەكدا ڕای گەیاند، داوای لێبوردن دەكەن و  هۆكاری دابەش نەكردنی مووچەی بۆ نەبوونی پارە لە وەزارەتی دارایی بووە، هەرچەندە لە رێگای ژمێریاری وەزارەتی پێشمەرگەوە ئاگادار كراینەوە، كە دەبووایە ئەمرۆ 16/1/2018 مووچەی مانگی ئەیلوولی 2017 دابەش بكرێت، بەڵام دووبارە ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی حكوومەتی هەرێم ئاگاداریان كردین، كە بڕی پارەی پێویستیان نییە بۆ ئەمڕۆ.

دەقی روونكردنەوەكە
‎روونكردنەوەیەك لەبارەی مووچەی هێزەكانی پیشمەرگە

دیارە مووچە یەكێكە لە مافە سەرەكییەكانی ئەو كەسەی، كە ئەركێك جێبەجێ دەكات و لای هەموو هاونیشتمانییەكی كوردستان روون و ئاشكرایە، كە هێزی پێشمەرگەی كوردستان ئەركی پاراستنی كوردستانی لە ئەستۆیە، كە ئەركێكی زۆر گرنگ و هەستیارە لەبەر ئەوەیشە، كە دەبێت حكومەتی هەرێمی كوردستان سەرەڕای قەیرانی ئابوری هەموو هەوڵ و توانای خۆی بخاتە گەر بۆ دابینكردنی مووچە بەگشتی و بەتایبەت مووچەی تەواو و بێ پاشەكەوت بۆ هێزەكانی پێشمەرگە و گشت هێزەكانی پاراستنی هەرێم... لێرەدا ئێمە بە هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان و كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و بێ سەروشوێنان و بریندارە قارەمانەكان و كەم ئەندامان رادەگەیەنین، كە هەموو ڕەخنە و گلەیی و گازندە و تەنانەت قسە ناسایشتەكانی هاوڵاتیانیش بە ئەوپەڕی سنگفرەوانییەوە قبووڵ دەكەین چونكە ئێمەیش لە هەمان كەشی ئێوە داین و هەست بە هەلومەرجی زەحمەتی ژیان دەكەین و بۆ دابینكردنی مووچەی بێ پاشەكەوت و بەردەوام و مانگانە و گشت شایستەكانی تری هێزی پێشمەرگە هەموو هەوڵ و توانایەكی خۆمان خستووەتەگەر و هەرچی رێگەكان هەیە بەوپەری هێزی خۆمان گرتوماننتەبەر و دڵنیابن كۆلمان نەداوە و كۆلیش نادەین، بۆ زانیاریتان دوێنێ لە رێگەی ژمێریاری وەزارەتی پێشمەرگەوە ئاگاداركراینەوە، كە دەبووایە ئەمرۆ 16/1/2018 مووچەی مانگی 9/2017 دابەش بكرێت بۆیە هەرزوو رێكارە ئیداریەكان گیرانەبەر و لیژنەكانی مووچەی لێ ئاگادار كرایەوە بەڵام بەداخەوە دووپاتە ئەمرۆ وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم ئاگاداریان كردین كە بڕی پارەی پێویستیان نییە بۆ ئەمرۆ، بۆیە داوای لێبوردنتان لێ دەكەین و دڵنیاتان دەكەینەوە، كە سات بەسات لە هەوڵ و پێوەندیداین بۆ دەستەبەركردنی مووچەكەمان.

بۆ زانیاریتان، كە هەموو لیژنەكانی مووچە لە وەزارەتی پێشمەرگە ئامادەن و چاوەرێی دابینكردنی بری پارەی پێویستن لەلایەن وەزارەتی داراییەوە..

نوسینگەی ڕۆژنامەوانی
ئەمینداریەتی گشتی وەزارەتی پێشمەرگە



وشە - سه‌رخێڵ هاشم