ئیبراهیم برۆ: پێویستە رۆژئاوای كوردستان نەكرێتە قوربانی شەری پەكەكە و توركیا

:: PM:07:45:16/01/2018 ‌

نوێنەری ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد لە سووریا لە كۆنگرەی جنێڤ رای گەیاند، مەترسییەكی گەورە لەسەر خەڵكی شاری عەفرین هەیە، بەڵام پێویستە هەر كێشەیەك بە رێگەی سیاسییەوە چارەسەر بكرێت نەك شەڕكردن، بۆیە پێویستە پەیەدە بەخۆیدا بچێتەوە و رێگە نەدات خەڵكی رۆژئاوای كوردستان ببێتە قوربانی شەری  پەكەكە و توركیا.

ماوەیەكە توركیا بەردەوام هەڕەشەی ئەوە دەكات، كە هێرشی سەربازی بۆ سەر شاری عەفرین دەكات و پەیەدەیش بە زمانێكی توندتر وەڵامی توركیا دەداتەوە، ئەوەیش وای كردووە خەڵكی ئەو ناوچانە بەردەوام لە ترس و دڵەراوكێیەكی زۆرەوە بژین، چونكە بەردەوام مەترسی ئەوە هەیە شەر لەو ناوچەیە دروست بێت.

ئیبراهیم برۆ، نوێنەری ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد لە سووریا لە كۆنگرەی جنێڤ بە "وشە"ی راگەیاند، وەك ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد لە سووریا دەنگی خۆمان گەیاندووەتە توركیا، كە دژی ئەوەین خەڵكی سڤیل بكرێتە ئامانج و شەڕ لە خاكی كورد دروست بێت، بەڵام بەداخەوە پەیەدە رێگەی داوە كوردستانی سووریا ببێتە گۆڕەپانی جەنگ، ئەوەیش وای كردووە مەترسی لەسەر هەموو ناوچەیەكی كوردی دروست بێت، چونكە ناتوانی خاكی خۆی بپارێزێت و دەچێت شەر لە ناوچە عەرەبییەكان دەكات و هەڕەشە دەكات، كە ڕەقە و دێرزووریان رزگار كردووە و ئەمجارە نۆرەی شاری ئیدلبە، بۆیە ئەمە وا دەكات، كە دوژمنی كورد زیاتر بێت و شەڕیش لە ناوچە كوردییەكان زیاتر بێت.

زیاتر گوتی، پێویستە پەیەدە پێداچوونەوە بەخۆیدا بكات و میلەتی كورد ببپارێزێت و كورد نەبێتە قوربانی شەڕی نێوان پەكەكە و توركیا، چونكە پێشتر ٣٥ ساڵ لەناو توركیا شەڕ بووە و نەیانتوانیوە یەك بست خاكی كورد لە توركیا رزگار بكەن، لەبەر ئەوە پێمان وایە پێویستە هەر كێشەیەك لە سووریا بە رێگەی سیاسییەوە چارەسەر بكرێت نەك شەڕكردن وەك پەیەدە پێی وایە دەتوانی رووبەڕووی وڵاتی گەورە بێتەوە و ناوچە كوردستانییەكان وێران بكات.

برۆ باسی لەوەیش كرد، ئێستە مەترسییەكی گەورە لەسەر عەفرین هەیە و خەڵكەكەی لە ترسێكی گەورەدا دەژین و پێش چوار ساڵ پەیەدە چووە بۆ ناوچە عەرەبییەكان و شەری داعشی كردووە و ئێستەیش خەڵكی عەفرین لە مەترسیدایە، بۆیە پێمان وایە چارەسەرییەكی سیاسی دەكرێت لەنێوان توركیا و رووسیا و ئەمەریكا بۆ ئەوەی لە ناوچە كوردییەكان شەڕ دروست نەبێت و هەوڵ بۆ ئەو مەبەستە بەردەوامە و ئێمەیش وەك ئەنەكەسە لەگەڵ توركیا و رووسیاش قسەمان كردووە، بەڵام پێویستە پەیەدە پێداچوونەوە بەخۆیدا بكات بۆ ئەوەی كوردستانی سووریا تووشی هیچ شەڕێك نەبێت.

لە ماوەی دوایی توركیا هەڕەشەی هێرشكردنە سەر شاری عەفرین دەكات، كە لەژێر كۆنترۆڵی كورددایە و ئەوەی زیاتر توركیای نیگەران كردووە بابەتی پێكهێنانی ئەو هێزەیە، كە لەلایەن ئەمەریكاوە بە ناوی "هێزی پاراستنی سنوور" لە هەسەدە دروست دەكرێت و توركیا  ناڕەزایی لە بەرانبەر ئەمەریكا دەردەبڕێت و  بەوە تۆمەتباری دەكات، كە شەرعیەت بە هەندێك هێزی كوردی دەدات و هاوكارییان دەكات توركیا بە تیرۆریستیان دەزانێ.

هەولێر/ بڵند ئیبراهیم



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل