سەرۆكی بارستەی برایەتی و پێكەوەژیان: دەنگی كورد لە مووسڵ كەم ناكات

:: PM:08:12:16/01/2018 ‌

بڕیارە لە 12ی ئایاری ئەمساڵ ئەنجوومەنی پارێزگاكان و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوە بچێت و ئەندامێكی ئەنجوومەنی پاریزگای مووسڵ لەسەر لیستی یەكێتی دەڵێت، حەشدی شەعبی كاریگەری لەسەر دەنگی كورد لەو پارێزگایە دەكات، بەڵام سەرۆكی بارستەی برایەتی و پێكەوەژیان، كە پارتییە دەڵیت، دەنگی كورد كەم نابێت، چونكە ئاوارەكانیش دەنگی خۆیان دەدەن.

داود جوندی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگایی مووسڵ لەسەر لیستی یەكێتیی نشتیمانی كوردستان بە ''وشە''ی راگەیاند، ئەمە واقیعە، كە كورد دەنگی وەك جاران نابێت و هەبوونی هێزەكانی حەشدی شەعبی رێژەی دەنگی كورد و سوننە كەم دەكاتەوە.

زیاتر گوتی، تا ئیستە هیچ باسێكی نوێ نییە بەوەی كورد لە هەڵبژاردنەكان لە مووسل و دەشتی نەینەوا بە یەك لیست بەشدار بن، بەڵام ئەم بڕیارە دەگەڕێتەوە بۆ سەركردایەتیی سیاسی كورد.

هەر لەو بارەوە بەرەكات شەمۆ، سەرۆكی بارستەی برایەتی و پێكەوەژیان لە ئەنجوومەنی پارێزگایی مووسل (پارتی) بە ''وشە''ی راگەیاند، دەنگۆ هەیە، كە كورد لە مووسڵ دەنگی جاران ناهێنێت، ئێمە دەڵێین بە پێچەوانەوە دەنگی كورد زیاد دەكات، چونكە ئێستە زیاتر ئەو خەڵكەی وەك ئاوارە هاتووەتە كوردستان بە ئازادانە دەنگی خۆیان دەدەن و دەنگی بۆ كورد دەبێت.

زیاتر گوتی، ئاوارەكان گەیشتوونە قەناعەت، كە تەنیا كوردستان ئەوانی پاراستووە و پێشتر ئەوان لەلایەن عەرەبەكانەوە بەزۆر بردرانە سەر سندووقەكانی دەنگدان و دەنگیان بە عەرەب دەدا، بەڵا ئێستە وەك چۆن لە ناوچە كوردستانییەكان رێژەی دەنگدان لە ریفراندۆم بەرز بوو ئاوهایش ریژەی دەنگی كورد بەرز دەبێت.

شاری مووسڵ لە حوزەیرانی 2014 كەوتە ژێر دەستی داعش و لە 17ی تشرینی یەكەمی 2016 جەنگی ئازادكردنەوەی لە داعش دەستی پێ كرد و دوای نۆ مانگ لە داعش پاككرایەوە، ئێستەیش بەهۆی بوونی ژمارەیەكی زۆری چەكدارانی حەشدی شەعبی و بوونی زۆرێك لە خەڵكەكەی لە ئاوارەیی و وێرانبوونی شارەكە بەهۆی جەنگەوە دۆخی ژیان لەو شارە نائاساییە و هۆزە عەرەبییەكانی نەینەوا بەم دواییە داوای دواخستنی هەڵبژاردنیان لەو پارێزگایە كرد تا كاتی گەڕانەوەی ئاوارەكان و وەدەرنانی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لێیەوەی.

مووسل/ كاروان باعەدری



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل