دوا زانیاری لەبارەی رەوانەكردنی مووچەی وەزارەتەكانی پەروەردە و تەندروستی

:: PM:08:49:16/01/2018 ‌

بڕیارە سبەی چوارشەم شاندێكی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق لەسەر پرسی مووچەی فەرمانەبرانی و مووچە خۆرانی وەزارەتی تەندروستی و پەروەردە كۆببنەوە و دەرەنجامێك لە كۆبوونەوەكە چاوەڕوان دەكرێت، كە بەغدا پارەی وەزارەتی پەروەردە و تەندروستی دەدات یان نا.

بە گوێرەی زانیارییەكانی "وشە" بڕیارە سبەی چوارشەم كۆبوونەوەیەكی تری نێوان نوێنەری هەردوو وەزارەتی پەروەردە و تەندروستی و قاسم ئەلعینایە سەرۆكی لیژنەی پێداچوونەوە بە مووچەی ئەو دوو وەزارەتە بەڕێوە بچێت.

لە زانیارییەكان هاتووە، لەو كۆبوونەوەیە ڕێكارە تەكنیكییەكان و وردەكارییەكانی هەیە لە لیستەكە گفتوگۆی لەسەر دەكرێت و داوای ڕوونكردنەوەی پێویست بە مووچەی ئەو دوو وەزارەتە لە نوێنەرەكانی پەروەردە و تەندروستی كرابوو لیژنەكەی ئەلعینایە وەڵامی ئەو دوو وەزارەتە دەدەنەوە.

لە زانیارییەكان هاتووە، سەرجەم داواكارییەكانی بەغدا بەلیستی ئەلكترۆنی و عەرەبی و سەرجەم داواكارییەكان لەلایەن لیژنەكانی ئەو دوو وەزارەتە جێ بەجێكراوە و چاوەڕوانی وەلامی بەغدا دەكەن.

ڕۆژی چواری كانوونی دووەم هەریەكە لە وەزارەتی تەندروستی و پەروەدەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لیستی مووچەی مانگی 12ییان بۆ حكوومەتی عێراق نارد بە مەبەستی خەرجكردنی.

ڕۆژی شەموو شاندێكی كوردستان بە سەرۆكایەتیی كەریم شنگالی گەیشتنە بەغدا و لەگەڵ شاندی حكوومەتی عێراق بە سەرۆكایەتیی قاسم ئەعرەجی وەزیری ناوخۆ كۆ بوونەوە، وەزارەتی ناوخۆی عێراق كۆبوونەوەكەی بە بەرهەمدار وەسف كرد و دووپاتی لەوە كردەوە، گەیشتوونەتە خاڵی هاوبەش و دووشەم، كە دەكاتە ئەمڕۆ لە هەولێر كۆ دەبنەوە، تا بگەن بە چارەسەر لەسەر كێشەكان، هەروەها ئەمڕۆ كۆبوونەوەی نێوانیان لە هەولێر بەردەوام بوو.




وشە - رامیار جەواد