خەڵك ئۆتۆمبێلە تایبەتەكانیان بە تاكسی دەگۆڕنەوە

:: AM:11:11:19/11/2016 ‌

لەو تەنگژە دارایییەدا كە جووڵە لە بازاڕەكانی كوردستان وەستاوە، خەڵكێكی زۆر ڕوویان لە كڕینی تاكسی كردووە و لە مەعرەزی هەولێر، بازاڕی تاكسی فرۆشان گەرمە. ئامارەكانی بەڕێوەبەرایەتی هەولێریش دەریدەخات، لەو ماوەی تەنگژەی داراییدا، زیاتر لە شەش هەزار تاكسی تەنیا لە هەولێر زیاد بووە.

شەقامەكانی هەولێر بەسەر تاكسیدا وێران دەبێت. لە هەر شوێنێك بوەستی، لە دەقەیەكدا چەندان تاكسی بە بەردەمتدا ڕەت دەبێت. كاتێك دەمی هەریەكێكیان دەكەیتەوە، هەر زوو پێت دەڵێ "بازاڕ نییە". كەچی ڕۆژبەڕۆژ ژمارەیان زیاتر دەبێت و بازاڕی فرۆشتنیان گەرمە. 
مەعرەزی هەولێر كەوتووەتە سووچێكی گەڕەكی ئازادی و لەسەر پانتایییەك هەڵكەوتووە. كاتێك دەچیتە ناوەوە، چەندان پێشانگەی ئۆتۆمبێل ئەمبەر و ئەوبەری شەقامەكان دابەش بوونە. پێشانگەكانی تاكسیش لە سووچێكی ئەو بازاڕەن و نافیع كانەبی عوسمان، خاوەنی پێشانگەی فەرهەنگ بە"وشە"ی گوت، "بازاڕمان وەك جاران نییە، بەڵام بەیەك جار نەوەستاوە".

ئەوان كە هەم كاری تاكسی دەكەن و هەمیش ئۆتۆمبێلی تایبەت دەفرۆشن، دەڵێ، "فرۆشی تاكسی زۆر لە ئۆتۆمبێلی تایبەت باشترە كە ڕۆژانە لە چوار گرێبەست كەمتر ناكەین".

ئەو لەسەر بازاڕیان زیاتر دەڵێ، "ئۆتۆمبێلی تایبەت فرۆشیان كەمە و خەڵكی زیاتر دەیفرۆشنەوە". بەڵام هەرچی تاكسییە، نافیع كانەبی دەڵێ، "ڕۆژانە خەڵكێكی زۆر دێنە لامان و ئۆتۆمبێلە تایبەتییەكانیان دەفرۆشنەوە و تاكسی دەكڕن".

بەرامبەر بە پێشانگەكەی نافیع، ڕزگار عەبدوڵا ئەحمەد لە پێشانگەی سۆران دەڵێ، "كاری تاكسی زۆر باشە". ئەو كە ‌چەندان ساڵە لەو بازاڕەیە، دەڵێ، "ئێستە خەڵكێكی زۆر ڕوویان لە كاری تاكسی كردووە و لەگەڵ ئەوەی بە بەراوردی جاران بازاڕ دابەزیوە، بەڵام خراپ نییە و جموجۆڵ هەیە". لە پێشانگەكەی ئەو ڕۆژانە نۆ گرێبەستی فرۆشتن دەكرێت.

خۆ لەو دۆخەیشدا نرخی تاكسی دابەزیوە و ڕزگار عەبدوڵا ئەحمەد دەڵێ، "تاكسییەك كە پێشتر نرخەكەی 240 وەرەقە بووە، ئێستە بە 180 وەرەقە دەیكڕی".



لەو بازاڕەدا تاكسی فرۆشەكان كەم نین و هەمووان گوتەی نافیع و ڕزگار بە زیاد و كەم دووبارە دەكەنەوە. خۆیان دەڵێن لەو تەنگژە دارایییەدا كە بازاڕی هەموو شتێك وەستاوە، خوا نەیبڕێت، بازاڕی ئێمە باشە. هەر بە گوتەی ئەوان، زۆربەی كڕیارەكانی تاكسی، فەرمانبەری حكوومەتن.

سۆران كارمەندی یەكێك لە فەرمانگەكانی حكوومەتە و لەو بازاڕەیە تا وەك دوو هاوڕێكەی ئۆتۆمبێلە تایبەتەكەی بە تاكسی بگۆڕێتەوە. ئەو دەڵێ "مووچەی كەمكراوەم بەشم ناكات و لەپاڵیدا كاری تاكسی دەكەم".

هەرچەندە زۆربەی ئەو تاكسییانەی لەو بازاڕەن، دەستی دوون و پێشتر لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر؛ ژمارە كراون، بەڵام كەم نین ئەوانەی تاكسی سفر كیلۆمەتر بە قیست لە پێشانگەكان دەردەهێنن.

ئامارەكەی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر دەریدەخات، لە ماوەی تەنگژەی داراییدا، شەش هەزار و ٤١٢ تاكسی تەنیا لە هەولێر زیادی كردووە و ڕۆژانەش لە زیادبووندایە.

ئەو زیادبوونەی ژمارەی تاكسی لەكاتێكدایە، خاوەن تاكسییەكانی هەولێر، بێ بازاڕی هاواری لێ بەرز كردوونەتەوە. قادر عەبدلحەمید دەڵێ، "بە جڕەجڕ بەشی ماڵ و منداڵم بە تاكسییەكەم پەیدا دەكەم". ئەو كە لە ٢٠٠٥ ەوە كاری تاكسی دەكات بە نائومێدییەوە دەڵێ، "بازاڕمان زۆر خراپە".

تەنگژەی دارایی بڕستی لە خەڵك بڕیوە و بۆ پەیداكردنی بژێوییان پڕ بە هەر كارێك دەدەن. كاری تاكسیش لە كوردستان بە پیشە نەكراوە و هەموو كەسێك دەتوانێت تاكسییەك بكڕێت و لە شەقامەكان بسووڕێتەوە.

لەوبارەوە رائید فازڵ حاجی گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر نایشارێتەوە كە یاسای هاتوچۆ كەموكوڕیی هەیە و ڕای دەگەیەنێ كاری تاكسی وەك پیشەیەك؛ ڕێك نەخراوە، رائید فازڵ دەڵێ، "مۆڵەتی گشتی هی هەموو ئۆتۆمبێلێكە بە تاكسیشەوە و تا ئێستە هیچ مۆڵەتێكی تایبەت بە شوفێری تاكسی لە كوردستاندا نییە".

ئێستە لەگەڵ ئەوەی تاكسییەكی زۆر لەنێو شەقامەكان هەن، كەچی ڕۆژبەڕۆژ ژمارەیان زیاتر دەبێت. بەپێی دوایین ئاماری ٢٠١٥ی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر، ٤١ هەزار و ٩٥٧ خاوەن تاكسی ڕۆژانە لە پەیداكردنی بژێوی ژیانیان، بەسەر شەقامەكانی هەولێر جرتوفرتیانە. ئەوە لەكاتێكدایە بەر لە تەنگژەی دارایی و ساڵی 2013، ژمارەیان 35 هەزار و 545 تاكسی بووە.

هەولێر-چواس خالید


وشە - تایبه‌ت