پەناخوازانی كورد لە ئەوروپا خۆیان دیپۆرت دەكەنەوە

:: PM:11:05:16/01/2018 ‌

پەناخوازانی كورد لە وڵاتانی ئەوروپا بەهۆی خراپیی دۆخی گوزەرانیان و وەرنەگرتنی مافی پەناخوازی، خۆیان دیپۆرت دەكەنەوە و فیدراسیۆنی پەناخوازانیش دەڵێت، زیاتر لە 230 هەزار هاووڵاتی عێراق وەك پەناخواز چوونەتە ئەوروپا و ئەوانەیشی دوای رێككەوتنی ئەوروپا بوونەتە پەناخواز، مافی مانەوەیان كەمە و ئارامیان نەماوە، بۆیە خۆیان دیپۆرت دەكەنەوە.

ئاری جەلال، بەرپرسی فیدراسیۆنی سەرانسەری پەناخوازانی عێراق لە هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ سێشەم بە "وشە"ی راگەیاند، تا ئێستە لە تەواوی وڵاتانی ئەوروپا بەو یاسایانە مامەڵە لەگەڵ پەناخوازاندا دەكرێت، كە لەلایەن یەكێتی ئەوروپاوە دەركراوە، ئەو یاسایانەیش پاڵەپەستۆیەكی زۆریان بۆ سەر پەناخوازان دروست كردووە و رێگریش لە چوونی ئەوان دەكات بۆ وڵاتان.

زیاتر گوتی، ئەو پەناخوازانەی پێش ساڵی 2015 چوونەتە ئەوروپا، وەڵامی داواكارییەكانیان دراوەتەوە بۆ مافی مانەوە بەشێوەیەكی باش، بەڵام ئەوانەی دوای ئەو ساڵە چوونەتە ئەوروپا و وڵاتانی تر، بەگشتی دۆخیان باش نییە و وەڵامی مانەوە وەرناگرن، بە جۆرێك داواكاریەكانیان رەت دەكرێتەوە.

جەلال ئاماژەی كرد، دوای رێككەوتنی وڵاتانی ئەوروپا و توركیا و ئەو وڵاتانەی، كە دەروازەی چوونە ئەوروپا بۆ رێگریكردنی تێپەڕبوونی پەناخوازان، ئێستە زۆرێك لە پەناخوازان لە وڵاتانی رۆمانیا و توركیا و بولگاریان و لە كەمپەكان دەژین و لە دۆخێكی زۆر خراپدان كە لەوێ بێ خزمەتگوزراین و لە ئەگەری چوونیشیان بۆ ئەوروپا هیچ سوودی نابێت، چونكە پەنجەمۆر كراون.

هەروەها گوتی، تا ئێستە لە سەرانسەری عێراق زیاتر لە 230 هەزار هاووڵاتی وەك پەناخواز چوونەتە ئەوروپا و دابەشبوون بەسەر وڵاتان، بەشێكیش لەوانە بە ناوی گەشتەوە چوون و نەگەڕاونەتەوە.

بەرپرسی فیدراسیۆنی سەرانسەری پەنابەرانی عێراق روونی كردەوە، ئەو پەناخوازانەی، كە دوای رێككەوتنی یەكێتی ئەوروپا بوونەتە پەناخواز مافی مانەوەیان زۆر زۆر كەمە و لەگەڵ ئەوەیش ژیانیان باش نییە، هەر لەبەرئەوەی كە دڵنیابوونەتەوە لەوەی مافی پەناخوازی وەرناگرن، هیچ ئارامیان نەماوە و بەردەوام و رۆژانە پەناخوازانی كورد و عێراقی خۆیان تۆمار دەكەن لە رێگەی دەزگای كۆچی نێودەوڵەتی بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە عێراق و هەرێمی كوردستان.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل