خۆری رۆناڵدینهۆ بەیەکجاری ئاوا بوو

:: AM:09:01:17/01/2018 ‌

برای رۆناڵدینهۆی ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی بەڕازیل و یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی ئاشكرای كرد براكەی بە یەكجاری ماڵئاوایی لە یاریی تۆپی پێ كردووە و چیتر یاری ناكاتەوە.

رۆناڵدینهۆ كە ئێستا وەك باڵیۆزی یانەكەی پێشووی بەرشەلۆنە كار دەكات، پێشتر ئاشكرای كردبوو تەمەن رێگەی پێ نادات چیتر وەك یاریزان بمێنێتەوە و خۆری بەرەو ئاوابوون دەچێت.

ئەسیس جاوچۆی برای رۆناڵدینهۆ لە چاوپێكەوتنێكدا بۆ رۆژنامەی (UOL Esporte)ی بەڕازیلی رایگەیاند: لەم رێكەوتەوە رۆناڵدینهۆ نایەوێ وەك یاریزانێكی پیشەگەر لە یاریكردنی تۆپی پێ بەردەوام بێت.

ئەسیس هەروەها رایگەیاند: تا ئێستا یارییەك بۆ ماڵئاواییكردنی رۆناڵدینهۆ بەشێوەی فەرمی رێك نەخراوە، بەڵام بە دڵنیاییەوە دوای تەواوبوونی پاڵەوانیەتیی مۆندیال مەڕاسیم و یارییەكی ماڵئاوایی گەورەی بۆ رێك دەخەن.

یانەی فلۆمینێزی بەڕازیلی دوایین وێستگەی رۆناڵدینهۆ بوو وەك یاریزانی پیشەگەر لە 2015، پێشتریش لە ریزی هەریەك لە یانەكانی گریمیۆ، بەرشلۆنە، پاریس سان جێرمان، میلان، فلامینگۆ، ئەتلەتیكۆ مینیرۆی بەڕازیلی و كوێریتارۆی مەكسیكی یاریی كردبوو.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م