بازاڕى قه‌یسه‌رى شارى هه‌ولێر یه‌كێكه له بازاڕه كۆنه‌كان و سه‌رده‌مى دروستكردنى ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ چه‌ند سه‌د ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر، ئه‌و بازاڕه سه‌رجه‌م پیشه‌كانى تیادا كۆ بووه‌ته‌وه، فرۆشتنى كڵاو و جامانه یه‌كێكه له‌و پیشانه‌ى تا ئاستێكی زۆر به‌هۆى گۆڕ‌انى كۆمه‌ڵایه‌تى كه‌م بووه‌ته‌وه و له‌ناو ئه‌و بازاڕه‌دا ئێسته ته‌نیا دوو دووكانی كڵاوغرۆشی ماوه.
به‌ختیار جه‌بار له دایكبووی ساڵی 1981ی هه‌ولێره و ماوه‌ی 25 ساڵه كاری فرۆشتن و به‌ستنی جامانه ده‌كات، ئه‌و بۆ "وشه" ده‌ڵێت، "سه‌ره‌تا وه‌ك پیشه وه‌رمگرت بۆ په‌یداكردنی بژێوی ژیانم، به‌ڵام دواتر به‌شێوه‌یه‌ك ئاشقی كاره‌كه‌م بووم، چه‌ندان كاری ترم بۆ رێك كه‌وتووه به پاره‌ی باشتر، به‌ڵام نه‌مكردووه، چونكه خووم به كاره‌كه‌مه‌وه گرتووه".
به‌ختیارى كڵاوفرۆش ئاشكراى ده‌كات كه به‌گشتی ئه‌وانه‌ی سه‌ردانى ده‌كه‌ن پیر و گه‌نجن، به‌ڵام دوای ساڵی 2000 گه‌نجه‌كان زیاتر سه‌ردانى ده‌كه‌ن بۆ كڕینى كڵاو و جامانه. به‌شێوه‌یه‌كى گشتى هه‌موو چینێك رۆژانه دوكانه‌كه‌ی ده‌بینن، به‌ڵام مه‌رج نییه كڕیار بن.
كڵاوفرۆشه‌كه باس له‌وه ده‌كات كه، "ئه‌وانه‌ی جامانه له‌سه‌ر ده‌كه‌ن، به‌تایبه‌تی هونه‌رمه‌نده فۆلكلۆره‌كانن، جا چ بۆیان ببه‌ستم چ لێم بكڕن، هه‌شیانه هه‌ر بۆ خۆشی دێنه لام سه‌یر ده‌كات".
به‌ختیار له جه‌ژنی نه‌ورۆز و بۆنه‌كانی ئاینیدا بۆی ده‌بێت به دوو جه‌ژن و بازاڕه‌كه‌ی ده‌بووژێته‌وه، چونكه به‌گوته‌ی خۆی "له‌وكاته‌نه‌دا خه‌ڵكی زیاتر سه‌ردان ده‌كه‌ن، چونكه له‌و بۆنه و یادانه خه‌ڵك زیاتر جلی كوردی ده‌پۆشن و كڵاو و جامانی له‌سه‌ر ده‌كه‌ن، هه‌یه به‌تایبه‌تی بۆ ئه‌وه دێته لاى كڵاو و جامانه‌كه‌ی بۆ ببه‌ستم".
كڵاوفرۆشه‌كه شانازى به‌وه ده‌كات چه‌ندان جۆر به‌ستنى جامانه ده‌زانێت به‌هره‌كه‌یشی خستووه‌ته خزمه‌تی خه‌ڵكى. ئاشكرای كرد "ئه‌و شێوازی به‌ستنانه‌ی جامانه كه له ناو كورددا باون به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ده‌گاته 10 شێواز، من هه‌مووی ده‌زانم، به‌ڵام هه‌ر شێوازه‌و به ناوچه‌ی خۆی ده‌ناسرێته‌وه وه‌ك شێوازی به‌ستنی ده‌شتی هه‌ولێر، قه‌راج و كه‌ندێناوه، شێوازی بارزانی، برادۆستی، زراری، هه‌ركی، بادینی، گه‌رمیانی، هه‌ورامی و جافی.. هتد".
به‌ستنی كڵاو و جامانه لای كورد به‌شێكه له هێمای به‌رگریی و خۆڕاگری و زۆرجاریش پێوه‌ره بۆ پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و تێپه‌ڕبوونی ته‌مه‌ن.
وشه/هه‌ولێر- عه‌بدوڵا مه‌رزانى