هونه‌رمه‌ندى په‌یكه‌رساز شوان كه‌مال، ساڵی ١٩٦٧ له سلێمانی له دایك بووه و له منداڵییه‌وه خولیای وێنه‌كێشان بووه. ساڵی ١٩٨٢ چووه‌ته په‌یمانگه‌ی هونه‌ره جوانه‌كانی سلێمانی و له‌وێ خولیای هونه‌ری په‌یكه‌رسازی بووه و دواتر چووه‌ته ئه‌كادمیای هونه‌ره جوانه‌كان له به‌غدا و له خوێندنی هونه‌ری په‌یكه‌رسازی به‌رده‌وام بووه. شوان ئێسته دانیشتووى شارى مالمۆیه له سویده و ئێسته سه‌رقاڵى كاركردنه له كارگه‌یه‌كى په‌یكه‌رسازى، "وشه" به پێویستی زانى دیمانه‌یه‌كی له‌گه‌ڵدا ساز بدات.
* وه‌ك په‌یكه‌رسازێك چه‌ندان كارت كردووه و ئێسته‌یش به‌رده‌وامی، هونه‌رى په‌یكه‌رسازى له كوردستان چۆن ده‌بینی؟
- به‌هۆی ئه‌وه‌ی بێجگه له خوێندن و حه‌ز و ئاره‌زووی خۆم بۆ په‌یكه‌رسازی، ئه‌زموونێكی باشیشم هه‌یه له بواره‌كه و له ئاستێكی جیهانی كارم كردووه، ده‌توانم بڵێم هونه‌ر به گشتی و به‌تایبه‌تی هونه‌ری په‌یكه‌رسازی له ته‌نگژه‌دایه، وه‌ك چۆن باری سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی گرفت و ته‌نگژه‌ی هه‌یه، بواره هونه‌رییه‌كه‌یش ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و واقیعه‌یه. ئێ خۆ لۆجیك نییه شه‌قام و پاركه‌كان له‌و ئاسته بێت به‌ڵام په‌یكه‌ره‌كانی ئه‌وروپی، یان بارودۆخی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئابووریت خراپ بێت، به‌ڵام هونه‌ره‌كه‌ت به‌رز بێت، ده‌بێ هه‌موو بواره‌كان پێكه‌وه به‌ره‌و پێش بچن، بۆیه ئێمه هێشتا زۆرمان ماوه و له‌وانه‌یه له سه‌ره‌تای رێگه‌كه‌دا بین. له كوردستان ته‌نگژه‌ی هونه‌رمه‌ندمان نییه و خاوه‌نی زۆر كه‌سایه‌تی و هونه‌رمه‌ندی باشین، به‌ڵام داوده‌زگای هونه‌ریمان نییه، ئه‌گه‌ر هه‌شبێت كارتۆنین.
* له پڕۆژه‌تدا نییه له شاره‌كانی كوردستان په‌یكه‌ر بۆ كه‌سایه‌تییه‌كانیان دروست بكه‌یت؟
- له منداڵییه‌وه خولیای ئه‌وه‌م هه‌بوو له كوردستان په‌یكه‌ری جوان دروست بكه‌م، پلان و خه‌ونی زۆرم هه‌بوو، دوای ڕاپه‌ڕین كۆمه‌ڵێك په‌یكه‌رم له شاره‌كانی كوردستان دروست كرد، بۆ نموونه له هه‌ولێر و سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه، به‌ڵام دوای شه‌ڕی ناوخۆ و براكوژی هیوام به كوردستان نه‌ما بۆ ژیان و كاركردن، له ئه‌وروپاش وه‌ك باڵوێزێكی خۆبه‌خشی هونه‌ری كوردی كارمان كردووه، ئه‌و په‌یكه‌رانه‌ی له شاره‌كانی ئه‌ڵمانیا دامناون ناوی خۆمم به كوردی له‌سه‌ر هه‌ڵكۆڵیون بۆ ئه‌وه‌ی بۆ مێژوو بمێننه‌وه.
دوای ساڵی ٢٠١١ دوو پێشانگه‌ی په‌یكه‌رسازیم له هه‌ولێر و سلێمانی كرده‌وه و ده‌نگێكی باشیان هه‌بوو له عێراق و كوردستان، دواتر بیرم كرده‌وه كۆمه‌ڵێك كاری هونه‌ری بۆ شاره‌كانی كوردستان دروست بكه‌م، به‌ڵام له‌و پڕۆژانه ته‌نیا توانیم چه‌ند دانه‌یه‌ك به ئه‌نجام بگه‌یه‌نم، له‌وانه: په‌یكه‌ری (عه‌داله‌ت) له به‌رده‌م باڵه‌خانه‌ی دادی شاری هه‌ولێر، په‌یكه‌ری شاعیری گه‌وره (شێركۆ بێكه‌س)، ئه‌مانه زیاتر كه‌سی بوون، وه‌ك باسم كرد له كوردستان داوده‌زگا و خه‌ڵكی دڵسۆزی هونه‌ر نییه.
* له بواری هونه‌ردا بۆچى په‌یكه‌رسازیت هه‌ڵبژارد؟
- وه‌ك باسم كرد هه‌ر له منداڵییه‌وه خولیای وێنه‌كێشان بووم، كاتی خۆی مامۆستایه‌كمان هه‌بوو له قۆناغی سه‌ره‌تایی ناوی (ئاسۆ سدیق) بوو و ئه‌و كاریگه‌ریی زۆری له‌سه‌رم دانا. دوای خوێندنی ناوه‌ندی ئاواتم بوو بچمه په‌یمانگه‌ی هونه‌ره جوانه‌كان. له پێشدا رێگریم لێ كرا له‌لایه‌ن دایكمه‌وه، به‌ڵام خۆم هه‌ر سوور بووم له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی بێجگه له هونه‌ر تاقه‌تی خوێندنی ترم نییه، به‌ڵام دواتر خولیای په‌یكه‌رسازیم كه‌وته سه‌ر، كه كاری چه‌ند مامۆستایه‌كی په‌یمانگه‌م بینی، له‌وانه په‌یكه‌رسازی لێهاتوو (كۆسره‌ت جه‌مال) ئه‌وكاته په‌یكه‌ری "كاوه‌ی ئاسنگه‌ر"ی دروست كرد و به‌لامه‌وه زۆر جوان بوو، هه‌روه‌ها مامۆستا (دارا حه‌مه سه‌عی) له ئیتاڵیا هاته‌وه و بووه مامۆستای په‌یمانگه. ئیتر بڕیاری ئه‌وه‌م دا هونه‌ری په‌یكه‌رسازی بخوێنم. دواتر له ئه‌ڵمانیا بێجگه له كاركردن، هه‌رچی ته‌كنیكی گه‌وره‌كردنی په‌یكه‌ر و قاڵبكردن له لم و سلیكۆن و داڕشتنی په‌یكه‌ر له كانزاكان وه‌ك برۆنز و ئاسن و ئه‌له‌مینیۆم و ستیل فێر بووم.
*ئایا ڕوانگه‌ى ئاینى كاریگه‌ریی هه‌یه له‌سه‌ر هونه‌رى په‌یكه‌رسازی له كۆمه‌ڵگه داخراوه‌كاندا؟
- بێجگه له‌م گرفت و بارقورسییانه‌ی هونه‌ری په‌یكه‌رسازی له‌م ناوچه‌یه و كوردستانیش، لایه‌نێكی مێژوویی و ئاینی هه‌یه ئه‌ویش ئاینی ئیسلامه. ئاشكرایه كه هه‌موو جۆره هونه‌ره‌كان به تایبه‌تی په‌یكه‌رسازی هه‌ر له‌كاتی شكاندنی په‌یكه‌ره‌كانی كه‌عبه‌وه، قه‌ده‌غه بووه جیا له هونه‌ری بیناسازی و خۆشنووسی، ئه‌ویش بۆ دروستكردنی مزگه‌وت و نووسینه‌وه‌ی قورئان. له ئه‌وروپا به پێچه‌وانه‌وه ئاینی مه‌سیحیی گرنگی به هونه‌ر داوه به‌تایبه‌تی په‌یكه‌رسازی و وێنه‌كێشان و كه‌نیسه‌كان پڕن له‌كاری هونه‌ری.
* پێت وایه چى بكرێت باشه بۆ ئه‌م گرفتانه؟
- وه‌ك په‌یكه‌رسازێك پێم وایه بۆ چاكبوون و بووژاندنه‌وه‌ی هونه‌ر له كوردستان پێویستیمان به كات و ئیشكردنی زۆره، هه‌ر كاتێك باری سیاسیی كوردستان جێگیر بوو و لایه‌نی ئابووری بووژایه‌وه، هونه‌ریش به داوده‌زگایی كرا، نه‌ك وه‌ك ئه‌مانه‌ی ئێسته وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و داوده‌زگا هونه‌رییه‌كان كارتۆنین، كه‌ی ئه‌مانه چاك بوون، ئیتر خۆی هونه‌ر به ئۆتۆماتیكی چاك ده‌بێت و ده‌بووژێته‌وه.
وشه/هه‌ولێر- هه‌ورین نه‌جات