نهێنییە شاراوەكانی گرتنی دوو ئەفسەرەكەی میت لەلایه‌ن په‌كه‌كه‌وه‌ ئاشكرا دەكات" />

"پەكەكە دزە دەكاتە ناو دەزگا ته‌ناهییه‌كانی یه‌کێتی"
نهێنییە شاراوەكانی گرتنی دوو ئەفسەرەكەی میت لەلایه‌ن په‌كه‌كه‌وه‌ ئاشكرا دەكات

:: AM:09:36:17/01/2018 ‌
له‌ چه‌ند مانگی رابردوو، هه‌واڵی هاتنی تیمێكی دەزگەی هەواڵگری توركیا (میت) بۆ سلێمانی بەمەبەستی كوشتنی جەمیل بایك هاوسەرۆكی پەكەكە و گرتنی دوو ئەندامیان لەلایەن پەكەكەوە لەژێر دەسەڵاتی یەكێتیدا، بڵاوبووه‌وه‌، بە گوتەی ئەفسەرێكی ئاسایشی سلێمانی، ئه‌م ئۆپه‌راسیۆنه‌ شکستخواردووه‌ مامەڵەی گرووپێكی ناو یەكێتی بوو بۆ باشكردنی پێوەندییەكانیان لەگەڵ توركیا، بەڵام پێوەندییەكانیان گەیاندەوە ئاستی سفر. سەركردەیەكی یەكێتی نیگەرانە لەوەی، گرووپێكی ناو حزبەكەی جارێك مامەڵە بە خاكی كەركووك دەكەن و جارێك یارمەتی تیرۆری سەرۆكی حزبێكی كوردی دەدەن.

دیوی ئاشكرای ڕووداوەكە
ڕۆژی سێی ئاب/ئۆگستسی 2016 لە قه‌زای رانیه‌ سەربە ئیداره‌ی راپه‌ڕین، چەكدارانی پەكەكە لە هەڵمەتێكدا بە پشتبەستن بە زانیاریی ورد، هەڵیانكوتایە سەر شوێنی مانەوەی تیمێکی دەزگەی هەواڵگری توركیا "میت" و دوو  ئەفسەریان بە دەستبەسەركراوی گواستەوە بۆ ناوچەكانی ژێر دەستی خۆیان.
چەند ڕۆژێك دوای ئەوە، توركیا بە فەرمی نوێنەری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی لە ئەنكەرە دەركرد و ڕەوانەی سلێمانی كرایەوە، توركیا هۆی گرتنی دوو میتەكەی لە رانیه‌ خستە ئەستۆی یەكێتی، بۆیە پێوەندییەكانی لەگەڵ ئەو حزبە پچڕاند.
لە ڕۆژانی ڕابردوویش پارتی كرێكارانی كوردستان "پەكەكە" ڤیدیۆی ساتی هەڵكوتانە سەر شوێنی مانەوەی ئەو دوو ئەفسەرەی میت لە دووكان و چۆنیەتیی گرتنیانی بڵاو كردەوە. ئەمەیش دووبارە دۆسیەكەی كردەوە ڕۆژەڤی میدیاكانی كوردستان و ناوچەكە.

نهێنییەكانی پشت پەردە
ئەفسەرێكی باڵا لە ئاسایشی گشتیی یەكێتی لە سلێمانی هێما بۆ ئەوە دەكات، مامەڵەكەی یەكێتی و دەزگەی زانیاری لەو ڕووداوە بە تەواوی شكستی هێنا، یەكێتی نە لە پەكەكە و نە لە توركیا هیچی دەست نەكەوت.
ئەو ئەفسەرە بەهۆی ئەوەی مەترسی لەسەر ژیانی دروست دەبێ، ئامادە نەبوو ناوی بهێنرێ، بۆ "وشە" وردەكارییەكانی خستە ڕوو "یەكێتی پێوەندییەكانی لەگەڵ توركیا باش نەبوو، بەردەوام بە ئێرانیبوون تۆمەتبار دەكرا، بۆ ئەوەی پێوەندییەكانی لەگەڵ توركیا باش بكات،  باس له‌وه‌ ده‌کرێت که‌ گروپێکی ده‌ستڕۆیشتووی ناو حزب زانیارییەكانی هاتنە خوارەوەی جەمیل بایك هاوسەرۆكی پەكەكەی بۆ ڕانیە و دواتر گواستنەوەی بۆ دوكان بەمەبەستی چارەسەری تەندروستی بە توركیا گەیاندووه‌. 
توركیا بۆ ئەو مەبەستە دوو ئەفسەری مەشقپێكراوی (چالاكی تایبەت)ی رەوانەی سلێمانی كرد تا بە هاوكاری دەزگای زانیاری بایك بگرن و بە پەلە بیگوازنەوە وڵاتەكەیان، ئەگەر پرۆسەكە سەری بگرتایە، یەكێتی پێوەندییەكانی لە توركیا زۆر پێشدەخست و ئامانجیشی ئەوە بوو خۆی له‌ تورکیا نزیک بکاته‌وه‌.
"بەڵام دەزگەی زانیاری و ئاسایش بێ ئاگابوون لەوەی پەكەكە بە هەنگاوەكانی زانیوە و دزەی كردووەتە ناو دەزگه‌ ئه‌منییه‌کانی یه‌کێتی و خەڵكی لەوێ هەیە و زانیاری و هەرچی پێویست بە پەكەكە هەبێت دەگەیەنن، بۆیە پیلانەكە بە تەواوی بۆ پەكەكە ئاشكرا بوو، ئەوانیش تیمی تایبەتیان بۆ رفاندنی ئەفسەرەكانی میت ئامادە كردبوو، واتە لە پێشبڕكێی هەواڵگریدا بوون بەنهێنی، بەڵام پەكەكە لە رێگەی سه‌رچاوه‌کانیه‌وه‌ لەناو یەكێتی، ئاگای لە جووڵەی ئەوان /میت و دەزگای زانیاری/ بوو،  تا هاتنی تیمەكە و زانینی شوێنی مانەوەیان، ئەوكات هەم پیلانەكەیان تێكشكاند و پەیامێكی مەترسیداریان بە یەكێتی دا كە ماڵەكەی ئەمان نییە، هەم هەردوو ئەفسەری میتیان وەك دیل كەوتە دەست" سه‌رچاوه‌یه‌کی ئه‌منی و ئاگادار له‌و روداوه‌ وای گوت.

شارەزایانی تەناهیی چی لە تۆماره‌ ڤیدیۆییەكە دەخوێننەوە
لەو تۆمارە ڤیدیۆیەی میدیاكانی پەكەكە بڵاویان كردووە چەند كەسێك دەردەكەون كە دەمانچەی بێدەنگیان پێیە و جووڵەی خێرا ئەنجام دەدەن، ئەو شوێنەی دوو كارمەندەكەی میتی تیادایە و پەكەكە بەسەریاندا دەدەن، دەنگۆی ئەوە هەیە بارەگایەكی یەكێتی بێت، بەڵام ئەمە هێشتا لەلایەن هیچ دەزگایەكی یەكێتیییەوە بە فەرمی روونكردنەوەی لەسەر نەدراوە، هەرچەندە یەكێتی بە فەرمی باجی كردارەكانی لەو چالاكییەدا وەرگرت و لەلایەك پەكەكە بۆی سەلماند كە دەتوانێت دۆخی سلێمانی هەڵبسووڕێنێ، لەلایەكی تریش توركیا بەهرۆز گەڵاڵی نوێنەری حزبەكەی لە وڵاتەكەی دەركرد.
شارەزایانی تەناهیی ئاماژە بەوە دەدەن كە "لە وردبوونەوە لە تۆمارە ڤیدیۆییەكە دەردەكەوێت كە رفێنرەكان بەو مەبەستە دەگەنە شوێنەكە ئەگەر رووبەڕووی هەر هەڵوێست یان بەرپەرچدانەوەیەك ببن، دوو كارمەندەكەی میت بكوژن هەر لەو شوێنە، بۆیه‌ ده‌مانچه‌ی بێده‌نگیان پێیه‌ تا ناوچه‌كه‌ نه‌ورووژێ به‌ ده‌نگی ته‌قه‌، چونكە ئەوان /پەكەكە/ دڵنیان میتەكان لەو خانووەدان، بەڵام دڵنیا نین لەوەی بەرگری دەكەن یان نا".

بۆ جێگرتنەوەی پارتی هەموو كارێك دەكەن
یەكێتی خۆی بە ڕكابەری  پارتی دیموكراتی كوردستان دەزانێ، هەرچەندە لە ڕووی جەماوەر و كورسییەوە زۆر لە كورتی داوە، بەڵام لە ڕووی هێز و پێگە لە عێراق و ناوچەكە دەیەوێ شوێنی پارتی بگرێته‌وه‌، بەڵام نەك لە ڕێی دیپلۆماسی و بەرژەوەندیی ئابووری و لێكگەیشتنی هاوبەش، بەڵكو لەسەر زانیاریی هەواڵگری و لەشكركێشی ناحەزان بۆ سەر خاكی كوردستان.
سەركردەیەكی یەكێتی كە لەبەر دۆخی حزبەكەی پێی باش نەبوو ناوی بڵاو بكرێتەوە، بۆ "وشە" گوتی: نیگه‌رانین حزبه‌که‌مان وایلێهاتووه‌، بە ڕاستی ئیحراج بووین به‌هۆی چه‌ند بابه‌تێکه‌وه‌ که‌ پێمان ده‌گوترێت ڕۆژێك زانیاری لەسەر سەرۆكی حزبێكی كوردی دەدەن بە وڵاتێكی دراوسێ تا تیرۆری بكەن، ڕۆژێك دەبن بە كەواسووری بەر لە شكری میلیشیاكانی حەشدی شەعبی تا كەركووك داگیر بكەن، جارێ نامانه‌وێت برینه‌کان قوڵتر بکه‌ینه‌وه‌، به‌ڵام بێشک ئه‌م بابه‌ته‌ و دۆسیه‌ی ١٦ی ئۆکتۆبه‌ر ده‌به‌ینه‌ کۆنگره و له‌وێ یه‌کلایی ده‌که‌ینه‌وه.

لیژنەی تەناهیی دووكان ئاگەدار نین
هەرچەندە بە ئاشكرا و ڕوونی زۆر سه‌رچاوه‌ی میدیایی و سیاسی باس لەوە دەكات كە ئەو دوو ئەفسەرەی میت لە دووكان لەلایەن پەكەكەوە قۆڵبه‌ست کراون، بەڵام قایمقامی شارۆکه‌که‌ و بەرپرسی لیژنەی تەناهی، هێما بۆ ئەوە دەكات كە كاری لەو شێوە لە سنوورەكەیان ڕووی نەداوە. 
شاهۆ عوسمان بە"وشە"ی ڕاگەیاند، هیچ زانیارییەكمان لەسەر بابەتی گرتنی ئەندامانی میتی تورك لە دووكان نییە، وەك هەر كەسێكی تر لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ئەو كارانەمان بینیوە، هیچ لایەنێكی فەرمیش باسی ئەوەی نەكردووە كە لە دووكان بووە.
زیاتر گوتی، ئەگەر شتێكی فەرمی نەبێت، ناتوانین ڕوونكردنەوە بدەین و قسەی لەسەر بكەین، ناكرێت هەر لە خۆمانەوە ڕوونكردنەوە بدەین، وەك لیژنەی تەناهیی دووكان ئاگەداری ئەوە نین و زانیاریمان لەسەری نییە. 

ئاسایشی سلێمانی قسەی لەسەر ناكات
دوای بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆكە، ئیتر هەموو ئەوانەی پێشتر دەگوتران بوون بە تۆماری بەڵگەنامەیی و بڵاو كرانەوە، بەڵام ئاسایشی سلێمانی كە لە سنووری چالاكییەكانی ئەوان ئەو كردە تەناهییە هەواڵگرییە ڕووی داوە، هیچ قسەیەكی لەسەر ناكەن و دەیخەنە ئەستۆی دەزگەی ئاسایشی هەرێم-سلێمانی.
ڕزگار حەمەڕەحیم، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی ئاسایشی سلێمانی، بۆ "وشە" گوتی، ئێمە هیچ ڕوونكردنەوە و قسەیەكمان لەسەر ئەو گرتە ڤیدیۆیە نییە، دەبێت دەزگەی گشتیی ئاسایشی هەرێم-سلێمانی قسە و ڕوونكردنەوەی لەسەر بدات.
بۆ بەدواداچوونی زیاتر "وشە" پێوەندی بە جەلال شێخ كەریم بریكاری وەزارەتی ناوخۆیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە كۆبوونەوەیە و كاتی نییە، لێدوانی لەسەر ئەم پرسە نەدا.

پەرلەمان، دەزگە تەناهییەكان بە كەمتەرخەم دەزانێ
لەسەر پرسی هێنانی كارمەندانی میت و هەبوونی تیمەكانی پەكەكە و ئەنجامدانی هەڵمەتی ڕفاندن و گرتن لە ناو جەرگەی شارێك كە هێزی پۆلیس و ئاسایش و هێزی تەناهی تری لێیە، پەرلەمانتارێكی لیژنەی ناوخۆ هێزە تەناهییەكانی سلێمانی بە كەمتەرخەم دەزانێت.
نازم هەركی، بۆ "وشە" گوتی، هەر كەسێك لە دەروازە یان فڕۆكەخانەكان بێتە كوردستان، بە فلتەری تەناهیدا تێپەڕ دەبێ، بۆیە كە هاتە ناو كوردستانیش ئاسایش و ئارامی لە ئەستۆی هێزە تەناهییەكانی كوردستانە، هێنانی ئەو كەسانە بۆ سلێمانی و هاتنی چەكدارانی پەكەكە لە چیاكانەوە بۆ ناو شارۆكەیەكی وەك دووكان یان رانیه‌ و ئەنجامدانی كردەی ڕفاندن، بە تەواوی پێچەوانەی یاساكانی كوردستانە، چونكە پەكەكە وەك حزبێك و گرووپێكی چەكداری مۆڵەتی لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان نییە، تا بێتە قووڵایی ناوچەكانی ژێر دەستی حكوومەتی كوردستان و كردەی وا ئەنجام بدات.
زیاتر گوتی، هێنانی ئەو كەسانەیش ئەگەر تاوانبارن، دەبوو لە ڕێی حكوومەتەوە بگیرێن و لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بكرێ، چونكە ڕفاندنیان و گرتنیان لە شوێنێك كە پابەندی یاسا و بڕیارەكانی كوردستان نین، زیان بە ناوبانگ و پێگەی كوردستان دەگەیەنێت، وا دەكات خەڵكی تری بیانی وەك گەشتیار و وەك بازرگان و سەرمایەدار، ئیتر ڕوو لە كوردستان نەكەن.
سه‌رچاوه‌یه‌کی ئه‌منی به‌ "وشه‌"ی راگه‌یاند: ده‌زگا ته‌ناهییه‌كانی یه‌کێتی زۆر هه‌وڵیاندا، په‌که‌که‌ ئه‌و ڤیدیۆیانه‌ بڵاو نه‌کاته‌وه‌ و ئیحراجیان نه‌کات، به‌ڵام په‌که‌که‌ گوێی لێ نه‌گرتوون.
ئه‌وه‌ی جێگای ئاماژه‌یه‌ له‌کاتی ده‌ستگیرکرانی ئه‌و دوو ئه‌فسه‌ره‌ی ده‌زگای هه‌واڵگری میت، چه‌ند که‌سێک له‌ ده‌زگا ئه‌منییه‌کانی یه‌کێتی ده‌ستگیر کران و برانه‌ قه‌ندیل، به‌ڵام هیچ زانیارییه‌ک له‌وباره‌یه‌وه نیه‌ که‌ ئایا ئازاد کراون یان هه‌ر له‌ قه‌ندیل ده‌ستبه‌سه‌رن.

وشە/سلێمانی باز- هۆشیار


وشە - تایبه‌ت