ئۆباما لە بارەی سووریا داوایەك لە ترەمپ دەكات

:: AM:11:20:19/11/2016 ‌

سەرۆكی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا گەشبینە بەوەی كاتێك ترەمپ پۆستی سەرۆكایەتی وەرگرت، رزگاركردنی هاووڵاتییانی سووریا لە دەست رژێمی ئەسەد ناكاتە قوربانی مامەڵە سیاسییەكانی لەگەڵ رووسیا.

شەوی رابردوو باراك ئۆباما، سەرۆكی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا كە دوایین سەردانی وەك سەرۆك بۆ وڵاتانی ئەوروپا دەست پێ كردووە، رای گەیاند، سیاسەتی بەشار ئەسەد سەرباری ئەوەی ئێران و رووسیای لە پشتە هیچ گۆڕانێكی بەسەردا نایە، بەڵام  واشنتن بەردەوام دەبێت لە دۆزینەوەی رێگەچارەیەكی سیاسی بۆ كۆتاهێنان بەو تەنگژەیە.

زیاتر روونی كردەوە، ساویلكانەیە ئەگەر پێمان وابیت لە ئێستەدا سیاسەتەكانی ئەسەد و رووسیا و ئێران 180 پلە گۆڕانیان بەسەردا دێت، بەو حاڵەشەوە ئەمەریكا لە ناردنی یارمەتییە مرۆیییەكانی بۆ خەڵكی سووریا بەردەوام دەبێت، هەوڵەكانی ئێمە بۆ كۆتاهاتن بە توندوتیژییەكان و دووبارەنەبوونەوەی كارەساتە مرۆیییەكان درێژەی دەبێت.

ئۆباما دووپاتی كردەوە، بۆ دەربازبوون لەو تەنگژەیە، دەبێ رووسیا راستییەكان قبووڵ بكات و ئەسەد بەوە رازی بكات كە گەڕانەوەی ئاشتی و بنیاتنانی وڵاتێكی جێگیر پێویستی بە بەشداری و سازانی هەموو لایەنەكان هەیە، تێبگات كە ناتوانێت بە كوشتن و بڕین خەڵكی سووریا بگەیەنێتە ئەو ئەنجامە.

"من چاوەڕوانی ئەوە ناكەم سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمەریكا راستەوڕاست ئەو سیاسەتەی من گرتوومەتە بەر، درێژە پێ بدات، هیوام وایە تەنیا بە رێگەی سیاسیی مامەڵە لەگەڵ دۆخەكەدا نەكات، لەسەر ئەو بنەمایەی پێی وابێت تەنیا لەبەر ئەوەی مامەڵەیەك لەگەڵ رووسیا ئەنجام بدات، تەنانەت ئەگەر لە زیانی خەڵكیش بێت و یاسا نێودەوڵەتییەكانیش پێشێل بكرێت، یان دەستبەرداری پاڵپشتی وڵاتانی بچووك و لاواز بێت و كۆمەڵێك كێشەی درێژخایەن بۆ دنیا بخوڵقێنێت و بڵێت ئاسانترین رێگە هەڵدەبژێرم". باراك ئۆباما وای گوت.

سەرچاوە/ VOA – فەردا


وشە - هیدایه‌ت جان