ئەمڕۆ بەرشەلۆنە و ئیسپانیۆڵ دێربی كەتەلۆنیا ئەنجام دەدەن
ئەمڕۆ چوارشەم بەفەرمی یارییەكانی قۆناغی 8ی جامی شای ئیسپانیا دەست پێ دەكات و تێیدا 3 یاریی گرینگ بەڕێوە دەچێت كە یەكێكیان یاریی دێربی كەتەلۆنیایە لەنێوان هەردوو یانەی بەرشەلۆنە و ئیسپانیۆڵ.
ئەمڕۆ سەعات 11ی شەو بەكاتی كوردستان لەنێو یاریگەی پاوەر 8 یانەی ئیسپانیۆڵ لە یاریی چوونی قۆناغی 8ی جامی شای ئیسپانیا مێوانداری یانەی بەرشەلۆنە دەكات.
یانەی بەرشەلۆنە ئامانجی ئەوەیە لە یارییەكەدا سەركەوتن بەدەست بێنێ بۆ ئەوەی ئەمساڵ هەردوو ناسناوی ئیسپانیا بباتەوە بە تایبەت كە ئێستا لە خولی ئیسپانیا پێشەنگی یانەكانی گرتووە و نزیكترین ركابەریشی یانەی ئەتلەتیكۆ مەدریدە كە 9 خاڵ جیاوازیانە.
یانەی بەرشەلۆنە توانیبووی لەسەر دەستی یانەی سێلتا فیگۆ خۆی بگەیەنێتە قۆناغی 8ی جامی شای ئیسپانیا دوای ئەوەی لە یاریی گەڕانەوەدا لەنێو یاریگەی كامپ نوو بە 5 گۆڵی خاوێن سەركەوتنی بەدەستهێنابوو و لە یاریی چوونیشدا هەردوولا بە 1-1 یەكسان ببوون.
یانەی ئیسپانیۆڵیش لەهەمان قۆناغدا لە یاریی گەڕانەوەدا توانیبووی بە ئەنجامی 1-2 گۆڵ بەربەستی یانەی لیڤانتی تێپەڕێنێ دوای ئەوەی لە یاریی چووندا هەردوو یانەكە بە 2 گۆڵ یەكسان ببوون.
یانەی بەرشەلۆنە تاكە یانەیە زۆرترین ناسناوی جامی شای ئیسپانیای بردبێتەوە كە 29 ناسناوە و ماوەی سێ ساڵیشە لەسەریەك دەبێتە پاڵەوانی پاڵەوانیەتییەكە.
هەر لە چوارچێوەی یارییەكانی چوونی قۆناغی 8ی جامی شای ئیسپانیا سەعات 9ی شەو 2 یاریی تریش بەڕێوە دەچن، لە یاریی یەكەمدا یانەی ڤالێنسیا مێوانداری یانەی دیپۆرتیڤۆ ئەلاڤێس دەكات، لە یاریی دووەمیشدا كە چاوەڕوان دەكرێ یارییەكی بەهێز بێت یانەی ئەتلەتیكۆ مەرید لەنێو یاریگە و جەماوەری مێوانداری یانەی سڤیلییە دەكات.
وشە -
ئامانج ئهكرهم