ئه‌مه‌ریكا و توركیا كه له ماوه‌ى رابردوودا كۆمه‌ڵێك بابه‌ت پێوه‌ندیى نێوانیانی قوڕس كردووه، وا چاوه‌ڕوان ده‌كرێت هێرشى سوپاى توركیاش بۆ سه‌ر شارى عه‌فرین ببێته سه‌ربار.
ماوه‌ى ساڵێك ده‌بێت كۆمه‌ڵێك بابه‌ت پێوه‌ندیى نێوان توركیا و ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانى ئاڵۆز كردووه، سه‌ره‌تا له كێشه‌ى گرتنى فه‌رمانبه‌رێكى كونسوڵخانه‌ى ئه‌مه‌ریكا له ئه‌سته‌نبۆڵ ده‌ستى پێكرد، دواتر كێشه‌ى فه‌تحوڵا گوله‌ن كه له‌ئه‌مه‌ریكا نیشته‌جێیه و توركیا به‌سه‌ركرده‌ى كوده‌تاكه‌ى ته‌مووزى 2016ى ده‌زانێت، دواتر پرسى قودس، له‌وێشه‌وه پرسى هاوكاریییه‌كانى ئه‌مه‌ریكا بۆ هێزه كوردییه‌كانى باكورى سووریا، له سه‌ره‌تاى ئه‌م هه‌فته‌یه‌ش پرسى عه‌فرین بووه‌ته بابه‌تێكى گه‌رموگوڕ كه ئاخۆ له سه‌ر ئه‌م شاره‌ش ئه‌م دوو وڵاته به‌ریه‌كتر ده‌كه‌ون یان نا؟
توركیا چه‌ند جارێك دووپاتى ده‌كاته‌وه، سوپاكه‌ى له‌وپه‌ڕى ئاماده‌باشیدایه بۆ هێرشكردنه سه‌ر عه‌فرین، ئه‌و شاره‌ى كه له سنوورى باشوورى توركیا نزیكه. بیانووى توركیا پاككردنه‌وه‌ى سنووره له‌و هێزانه‌ى كه ئه‌م وڵاته به تیرۆریستیان ده‌زانێ. سه‌ره‌تاى ئه‌م هه‌فته‌یه هێزه‌كانى توركیا بۆردمانى چه‌ند ناوچه‌یه‌كى ده‌وروبه‌رى شارى عه‌فرینیان كرد، هاوكات له‌گه‌ڵ بۆردمانه‌كانى توركیا، ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مه‌ریكا به فه‌رمى رایگه‌یاند هاوكاریى هێزێك ده‌كه‌ن كه له باكورى سووریا دروست ده‌كرێت، ژماره هێزه‌كه 30 هه‌زار كه‌س ده‌بێت و ئه‌ركیان پاراستنى سنووره‌كه ده‌بێت، به‌شێكى زۆرى هێزه‌كه‌ش له‌و چه‌كدارانه پێكهاتوون كه له هێزه‌كانى سووریاى دیموكراتدان.
ئه‌نكه‌ره كه چاوه‌ڕوانى ده‌كرد به‌پێى به‌ڵێنه‌كان ئه‌مه‌ریكا واز له پاڵپشتى هێزه كوردییه‌كان بهێنێت، ئه‌وا به‌م هه‌واڵه نیگه‌ران بوو، له‌م نیگه‌رانبوونه‌ش ته‌نیا نییه، به‌ڵكو له‌دوو رۆژى رابردوو هه‌ریه‌ك له رووسیا و سووریا و ئێران نیگه‌رانییان به‌رامبه‌ر ئه‌م هه‌نگاوه‌ى ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان ده‌ربڕى.
پێشتر ماتیس وه‌زیرى به‌رگریى ئه‌مه‌ریكا هۆشدارى دابوو كه به‌شى رۆژهه‌ڵاتى سووریا له ئه‌ستۆى ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان ده‌بێت و به‌شى رۆژئاواش له ئه‌ستۆى رووسیا و هاوپه‌یمانه‌كانى ده‌بێت كه ئێران و رژێمه‌كه‌ى ئه‌سه‌ده، ئه‌م دابه‌شكردنى ماتیس به زمانێكى دیپلۆماسى گوترا، داواى له به‌شار ئه‌سه‌د كرد هێزه‌كانى له‌به‌ره‌ى رۆژهه‌ڵات نزیك نه‌كاته‌وه و هێرش نه‌كاته سه‌ر هێزه كوردییه‌كان.
ئێواره‌ى دوێنێ سێشه‌م، سه‌رۆك ئه‌ركانى سوپاى توركیا له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى ئه‌ركانى ئه‌مه‌ریكا له برۆكسل له په‌راوێزى كۆبوونه‌وه‌یه‌كى ناتۆ به‌دیدارى یه‌كتر گه‌یشتن، هه‌رچه‌نده ئه‌نكه‌ره به‌دوورى ده‌خاته‌وه له‌سه‌ر عه‌فرین دانوستانیان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا كردبێت، ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر زارى ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان خۆیه‌وه هاتووه.
به پێى هه‌واڵێكى رۆژنامه‌ى (
شه‌رق ئه‌وسه‌ت) دوێنێ ئێواره له‌كاتى كۆبوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانتاره‌كانى ئاكپارتى ئه‌ردۆغان گوتى، "سوپاى توركیا به هاوكارى له‌گه‌ڵ هێزه‌كانى سوپاى سووریاى ئازاد ئۆپه‌راسیۆنى عه‌فرین ئه‌نجام ده‌دات، له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى ئه‌مه‌ریكاش له‌مباره‌یه‌وه هیچ گفتوگۆیه‌ك نه‌كراوه".
هه‌رچه‌نده چاوه‌ڕوان ده‌كرێت به‌ریه‌ككه‌وتنێك له نێوان توركیا‌و ئه‌مه‌ریكا له‌سه‌ر عه‌فرین رووبدات، به‌ڵام گوته‌بێژى هاوپه‌یمانان ره‌تى ده‌كاته‌وه ناوچه‌ى عه‌فرین له سنوورى به‌رپه‌رسیارێتى ئه‌وان بێت. رایان دیلۆن به پێى هه‌واڵێكى (
ئاڕ تى) ده‌ڵێ، "ناوچه‌ى ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ى توركیا له ده‌ره‌وه‌ى سنوورى به‌رپرسیارێتى هاوپه‌یمانانه".
له‌گه‌ڵئه‌وه‌شدا رۆژى دووشه‌مى رابردوو وه‌زاره‌تى به‌رگریى ئه‌مه‌ریكا پنتاگۆن داواى له لایه‌نه‌كان كردووه، گرژییه‌كانى سه‌ر سنوورى توركیا و سووریا هێور بكه‌نه‌وه، له هه‌مانكاتیشدا گوتوویه‌تى، "یه‌كینه‌كانى پاراستنى گه‌ل هاوبه‌شێكه له شه‌ڕى دژى داعش ناكرێت ده‌سبه‌ردارى بین".
كاتێك ئه‌نكه‌ره دووفاقى ده‌نوێنێ له لایه‌ك له ناتۆ هه‌وڵ ده‌دات له ئۆپه‌راسیۆنى عه‌فرین وڵاتانى ناتۆ ئاگادار بكاته‌وه و له‌لایه‌كى تریش له‌سه‌ر زارى به‌رپرسانى سیاسى و سه‌ركرده‌كان ده‌یه‌وێ بێباكى نیشان بدات له‌وه‌ى به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت ئۆپه‌راسیۆنى عه‌فرین ئه‌نجام ده‌دات، به‌هه‌مانشێوه‌ش ئه‌مه‌ریكا دووپاتى ده‌كاته‌وه هاوكاریى هێزه كوردییه‌كان ده‌كات و ده‌ڵێ، "عه‌فرین له سنوورى به‌رپرسیارێتى هاوپه‌یمانان نییه" مه‌به‌ست له‌و هاوپه‌یمانه نێوده‌وڵه‌تییه‌ى دژى داعشه كه ئه‌مه‌ریكا خۆى سه‌ركردایه‌تى ده‌كات.
له ناو لێدوانى رۆژنامه‌وانى و زمانى دیپلۆماسى، چاودێرانى سیاسى راستییه‌كى تر ده‌بینن، پێیانوایه توركیا به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت ئۆپه‌راسیۆنى عه‌فرین ئه‌نجام ده‌دات، به‌ڵام مه‌رج نییه به‌ریه‌ككه‌وتنه‌كه راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا بێت.
شرۆڤه‌كارێكى تورك به ناوى ئیسماعیل یاشا له‌مباره‌یه‌وه قسه‌ى بۆ سایتى (
عربی 21) كردووه، ئیسماعیل ده‌ڵێ، " توركیا مكوڕه ئۆپه‌راسیۆنى عه‌فرین ده‌ست پێ بكات، جا ئه‌مه‌ریكا رازى بێت یان نا، پرسى ژیان و مردنه، زۆریش له‌وه دواكه‌وتووه". ئیسماعیل یاشا ده‌ڵێ "توركیا ئومێدى ئه‌وه‌ى هه‌یه ئه‌مه‌ریكا كاتێك پشت له هێزه كوردییه‌كان بكات، ئه‌وكاته به‌ریه‌ككه‌وتنه‌كه له‌نێوان سوپاى توركیى و هێزه كوردییه‌كان ده‌بێت".
به‌پێچه‌وانه‌ى ئه‌م شرۆڤه‌كاره توركه، ئه‌دیب علێوى كه شرۆڤه‌كارێكى سه‌ربازیى عه‌ره‌به بۆ سایتى (عه‌ره‌بى 21) ده‌ڵێ، "توركیا هه‌وڵ ده‌دات ره‌زامه‌ندییه‌كى نێوده‌وڵه‌تى به‌ده‌ست بهێنێت"، له‌گه‌ڵئه‌وه‌شدا به‌دوورى نازانێت توركیا پرۆسه‌كه ئه‌نجام بدات. له‌باره‌ى به‌ریه‌ككه‌وتنى توركیا و ئه‌مه‌ریكا، علێوى ده‌ڵێ، "ئۆپه‌راسیۆنى عه‌فرین گرژیى نێوان ئه‌مه‌ریكا و توركیا زیاد ده‌كات و لێكه‌وته‌ى زۆرى ده‌بێت. خۆى كاتێك ئه‌مه‌ریكا له هاوكاریكردنى هێزه كوردییه‌كان ئاگاداركردنه‌وه‌كانى توركیاى فه‌رامۆش كرد، پێوه‌ندیی نێوانیان كه‌وتووه‌ته ژێر هه‌ڕه‌شه‌وه".
ئه‌و شرۆڤه‌كاره‌ش پێیوایه به‌ریه‌ككه‌وتنى راسته‌وخۆ له‌نێوان هێزه كوردییه‌كان و سوپاى توركیا ده‌بێت، له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى ئاخۆ ئه‌مه‌ریكا كۆمه‌كى زیاترى هێزه كوردییه‌كان ده‌كات، علێوى ده‌ڵێ، "كۆمه‌كى زیاتر ناكرێن، ئه‌و كۆمه‌كییه‌ى ئێسته زۆره".