ریال مەدرید گڵۆپی سەوز بۆ رۆیشتنی رۆناڵدۆ هەڵدەكات
فلۆرنتینۆ پێرێزی سەرۆكی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی گڵۆپی سەوزی بۆ كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی هەڵكردووە كە دەتوانێ لە كۆتایی ئەم وەرزەدا یانەكە جێبێڵێ.
رۆژنامەی (ریكۆرد)ی پورتوگالی ئاشكرای كرد: پێرێز داوای لە جۆرج میندێزی بەڕێوەبەری كارەكانی رۆناڵدۆ كردووە دەستەوارەی سەرجەم ئەو یانانەی ئاراستە بكەن كە دەیانەوێ لە هاوینی داهاتوودا گرێبەستی لەگەڵ بكەن.
رۆژنامەكە جەختیشی كردووەتەوە سەرۆكی یانەی ریال مەدرید رەزامەندی پێشانداوە رۆناڵدۆ یانەكەیان جێبێڵێ بەو مەرجەی دەستەوارەیەكی شایستەیان ئاراستە بكرێ.
رۆناڵدۆ نەیشاردبووەوە كە ئارەزوو دەكات ریزی یانەی ریال مەدرید جێبێڵێ و دووبارە بگەڕێتەوە ریزی یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی، ئەمە لە كاتێكدایە كە گرێبەستەكەی تا ساڵی 2021 درێژەی هەیە.
لای خۆیەوە رۆژنامەی (ئاس)ی ئیسپانی بڵاوی كردبووەوە: رۆناڵدۆ پێوایە سەرۆكایەتی یانەی ریال مەدرید فێڵی لێ كردووە سەبارەت بە بەڵێنی زیادكردنی مووچەی ساڵانەكەی.
رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەشدابوو رۆناڵدۆ بۆی روون بووەتەوە پێرێز هەڵی خەڵەتاندووە و تا ئێستا بەڵێنەكانی سەبارەت بە زیادكردنی مووچەكەی نەهێناوەتە دی.
سەرچاوەكە جەختیشی كردبووەوە رۆناڵدۆ بەفەرمی داوای لە پێرێز كردووە رێگەی پێ بدەن كۆتایی ئەم وەرزە ریزی یانەی ریال مەدرید جێبێڵێ و دووبارە بگەڕێتەوە ریزی یانەی مانچستەر یونایتد.
رۆناڵدۆ بۆشی روون بووەتەوە كە سەرۆكی یانەی ریال مەدرید ئامادەیی خۆی پێشانداوە پارەیەكی خەیاڵی بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ هەردوو ئەستێرەی یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی كیلیان مباپێ و نیمار دا سیلڤا خەرج بكات، بەڵام لەبەرامبەردا ئامادە نییە مووچەكەی ئەو زیاد بكات و تا ئێستاش هۆكاری ئەمەی بەڕوونی ئاشكرا نەكردووە.
وشە -
ئامانج ئهكرهم