دۆرتمۆند زەرەمەندی یەكەمی پێكانەكانی دێمبێلێیە
عوسمان دێمبێلێ ئەستێرەی لاوی فڕەنسی و یانەی بەرشەلۆنە لە یارییەكەی یەكشەمی رابردووی خولی ئیسپانیا بەرامبەر یانەی ریال سۆسیداد بۆ دووەمجار لەم وەرزەدا تووشی پێكان هات و بەگوێرەی زانیارییەكانیش ماوەی 4 هەفتە لە یاریكردن دادەبڕێ.
رۆژنامەی (ماركا)ی ئیسپانی بڵاوی كردەوە: بەگوێرەی گرێبەستەكەی دێمبێلێ یانەی دۆرتمۆند بەشێوەی راستەوخۆ بڕی 105 ملیۆن یۆرۆی وەرگرتووە، لەگەڵ 40 ملیۆن یۆرۆی پاشەكی كە 20 ملیۆن یۆرۆی برێتییە لە یاریكردنی ژمارە 100 لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە.
بەگوێرەی گرێبەستەكە یانەی دۆرتمۆند لە بەشداریكردنی هەر 25 یاریی دێمبێلێ 5 ملیۆن یۆرۆ لە یانەی بەرشەلۆنە وەردەگرێ.
دێمبێلێ كە هاوینی ئەمساڵ پەیوەندی بە یانەی بەرشەلۆنەوە كردبوو، تا ئێستا 7 یاریی لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە ئەنجامداوە و 141 خولەك یاریی كردووە، بەگوێرەی زانیارییەكانیش بەهۆی پێكانەكەی ئەم هەفتەیە لە 9 یاریی داهاتوو دوور دەكەوێتەوە.
بۆ ئەوەی یانەی دۆرتمۆند بڕی 5 ملیۆن یۆرۆیەكە وەربگرێ دەبێت چاوەڕێ بكات دێمبێلێ لە 18 یاریی تر لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە یاری بكات، ئەمەش زەحمەتە ئەمساڵ بێتە دی بەتایبەت كە ئەگەر یانەكە نەتوانێ لە قۆناغی 16ی خولی پاڵەوانی ئەوروپا بەربەستی یانەی چێڵسی ئینگلیزی تێپەڕێنێ.
وشە -
ئامانج ئهكرهم