بۆینگ فڕۆكەیەكی ئەفسانەیی دروست دەكات

:: AM:11:45:17/01/2018 ‌
كۆمپانیای بۆینگی ئەمەریكی پەردەی لەسەر دیزاینكردنی نوێترین فڕۆكەی سیخوڕی لادا، كە لەلایەن كۆمپانیاكەوە خەریكی بەرهەمهێنانییەتی، ئەم فڕۆكە تازەیەیش بە ئەفسانەیی دادەنرێ، چونكە خێرایی ئەو فڕۆكەیە پێنج جار لە خێرایی دەنگ زیاترە.

ئەو فڕۆكە نوێیە ڕۆڵێكی گەورە و گرنگی لە جەنگ دەبێ، چونكە خێرایییەكەی دەگاتە سێ هەزار و 800 میل لە سەعاتێكدایە، بۆیە بە هیچ شێوەیەك دوژمنان ناتوانن پەی پێ ببەن و بیخەنە خوارەوە و زیانی پێ بگەیەنن.

فڕۆكەكە ناوی "Son of Blackbird"ە، بە ڤێرژنی نوێی فڕۆكەی پێشووی بۆینگ بلاكبێرد SR-71 دادەنرێ، كە پێشتر فڕۆكە كۆنەكە لە ساڵی 1976 پێوانەی خێراترین فڕۆكەی لە بەرزترین مەوداوە لەسەر ئاستی دنیا تۆمار كردبوو، توانیویەتی بە خێرایی دوو هەزار و 193 میل واتە سێ هەزار و 529 كیلۆمەتر لە سەعاتێكدا بفڕێت و بەرزییەكەیشی 85 هەزار پێ لەسەر ئاستی زەوییەوە بووە.

پرۆسەی بەرهەمهێنانی نەوەی نوێی فڕۆكەی سیخوڕی بلاكبێرد بە دوو قۆناغی جیاجیا دەبێ، لە قۆناغی یەكەم، چەند نموونەیەكی تاقیكردنەوە بە خستنەگەڕی مەكینەی فڕۆكەی ئێف-16 ئەنجام دەدرێن، بەڵام لە قۆناغی دووەم فڕۆكەكە بە دوو مەكینە دەفڕێنرێ كە درێژییەكەی 33 مەتر دەبێ، بەڵام تا ئێستە حكوومەتی ئەمەریكا ڕەزامەندی نەداوە ڕێژەیەكی زۆر لەو فڕۆكەیە بەرهەم بهێنرێ و دەیەوێ تەنیا بۆ سوپای وڵاتەكەی ئەو بەرهەمە بە ئەنجام بگات و سوودی لێ وەربگیرێت.

سەرچاوە/سكای نیوز.


وشە - باز ئه‌حمه‌د