عەبادی كەوتە تەڵەی ئێران.. حەشد كشایەوە و سەدر و سوننە متمانەیان نەماوە

:: PM:12:06:17/01/2018 ‌

ئەوەی چاوەڕوان نەدەكرا لە دوو رۆژی رابردوودا روویان دا، كشانەوەی حەشدی شەعبی لە هاوپەیمانیەتییەكەی عەبادی كە بە گورزێكی هەڵبژاردنی ئێرانی لێك دەدرێتەوە، وای كرد عەبادی لای موقتەدا سەدر و هێزە سوننەكانیش متمانە لە دەست بدات كە پێشتر مەرجی بەسەر لایەنەكان دەسەپاند، ئێستە ئەوان مەرج بۆ عەبادی دادەنێن.

ئێران گورزێكی هەڵبژاردنی كوشندەی لە عەبادی دا
تا دوو رۆژ پێش ئێستە، عەبادی خوازراوترین كەسایەتیی سیاسی بوو كە لایەنەكان دەیانویست هاوپەیمانی لەگەڵ رابگەیەنن و ئەمیش لای خۆیەوە پابەندی دەكردن بە كۆمەڵێك مەرج. لە دوو رۆژی رابردوودا ئەو هاوپەیمانیەتییەی عەبادی رای گەیاند، بەرەو داڕمان چوو و هاوكێشەكە پێچەوانە بووەوە، ئێستە بە دوای لایەنی سیاسی دەگەڕێت بۆ بەستنی هاوپەیمانی لەگەڵیدا، لایەنەكان مەرجی لەسەر دادەنێن.

زانیارییە سیاسییەكان و شیكاری چاودێران پچڕ پچڕن و هێشتا نەتوانراوە وێنەكە بە تەواوەتی بگەیەنن، بەڵام ئەوەی روون بووەتەوە، ئەوەیە كە ئێران تەڵەی بۆ عەبادی و شكست پێهێنانی دانابوو كاتێك رێی بە هاوپەیمانیی حەشد دا لەگەڵ عەبادی بچنە هاوپەیمانییەوە، ئێستەش یەك دوای یەك لە هاوپەیمانیەتییەكە دەكشێنەوە و دۆخێكیان بۆ عەبادی خوڵقاندووە كە نازانێت چۆن لێی دەربچێت.

كەسایەتییەكی نزیكی هاوپەیمانی نیشتمانی دەڵێ، عەبادی چاوەڕوانی نەدەكرد هاوپەیمانی فەتحی میلیشیا شیعەكان لە هاوپەیمانیەتی نەسر بچنە دەرەوە، بۆیە خەریكە وێنەكە روون دەبێتەوە و پێشتر ئەوان لەگەڵ نووری مالیكی هاوپەیمانیەتییان بە سپۆنسەری ئێران بەستووە، چوونە ناو هاوپەیمانی لەگەڵ عەبادی و پاشان هاتنە دەرەوەیان تەنیا ئامانج لێی وەشاندنی گورزێكی هەڵبژاردنی بووە لە عەبادی.

ئێستە عەبادی هەوڵ لەگەڵ ئەو لایەنە سیاسییانە دەداتەوە كە بەهۆی هاوپەیمانی لەگەڵ میلیشیاكانی حەشد لە دەستی دابوون، لەوانە موقتەدا سەدر و هێزە سوننەكان و رەوتە مەدەنییەكان كە لە هیچ بارودۆخێكدا هاوپەیمانی لەگەڵ مالیكی نابەستن، لەمەشدا ئەركی عەبادی ئاسان نییە كە پێشتر ئەوانی پەراوێز خستبوو بەهۆی میلیشیاكانی حەشد، ئەمەش وا دەكات عەبادی لەبری ئەوەی مەرجیان لەسەر دابنێت، ئەوا سازشیان بۆ بكات.
 
عەدنان عیسا سەركردە لە هاوپەیمانی مەدەنی ئاشكرای دەكات كە عەبادی پێوەندیی پێوە كردوون، بەڵام كاتێك هاوپەیمانی لەگەڵ میلیشیاكانی حەشد بەست هیوامان پێی نەما، بۆیە گەڕانەوەی ئێستەی بەلای هاوپەیمانی مەدەنی و موقتەدا سەدر لە كاتێكدایە كە متمانەی لە دەست داوە، ئەمەش وا دەكات رووبەڕووی ئاستەنگی گەورە ببێتەوە، تەنانەت مەرجیشی لەسەر دابنرێت.

ئەو گوتی "ئەگەر مەرجەكان قبووڵ نەكات، ئەوا رووبەڕووی شكستێكی گەورە دەبێتەوە، بەڵام هەل هەیە بۆ بەستنی هاوپەیمانیەتی".

هاوكات موقتەدا سەدر هێرشێكی توندی كردە سەر عەبادی دوای ئەوەی لەگەڵ میلیشیاكان هاوپەیمانی بەست و رەتی كردەوە بچێتە ناو هاوپەیمانیەتییەكە.

دوای كشانەوەی میلیشیاكان لە هاوپەیمانیەتی عەبادی، ئێستە ئەوەی دووەم بە ئاراستەی سەدر هەنگاوی هەڵگرتووە، بەڵام نووری مالیكی دەیەوێت ئەو رێیەشی لێ بگرێت كاتێك محەمەد سەیهوود سەركردە لە دەوڵەتی یاسا رای گەیاند، روانگەی رەوتی سەدر هاوشێوەی روانگەی دەوڵەتی یاسایە و هەردوولا لەگەڵ عێراقێكی یەكگرتووی تەناهیی جێگیر و دوور لە تایفەگەرایی و حزبین.

 بەڵام چاودێران پێیان وایە ئەستەمە مالیكی و سەدر لەیەك نزیك ببنەوە، عادل زوبێعی چاودێری سیاسی دەڵێ، عەبادی خۆی خستە رەوشێك كە كەس حەسوودی پێ نابات و زیانێكی گەورەی چاوەڕوان نەكراوی كرد، بۆیە بۆ بەستنی هاوپەیمانیەتی نوێ پێویستی بەكات و سازشكردن هەیە. بەڵام بەستنی هاوپەیمانی لە نێوان مالیكی و سەدر زۆر دوورە، كۆمەڵێك دۆسیە لە نێوانیاندا هەیە بە ئاسانی چارەسەر ناكرێن.
 
ئەگەرچی زۆرینەی بۆچوونەكان بەو ئاراستەیەن كە ئێران لە پشتەوەی هەڵوەشاندنەوەی هاوپەیمانیەتی نەسر بوو بۆ شكست پێهێنانی عەبادی بە جیابوونەوەی میلیشیاكانی حەشد، بەڵام بۆچوونێكی تریش هەیە كە هاوپەیمانی فەتحی حەشد، كەیفی بە چارەی عەماڕ حەكیم نەدەهات، بۆیە بەستنی هاوپەیمانی لەگەڵ عەماڕ لەلایەن عەبادی هۆكاری چوونە دەرەوەیان بووە، بۆیە ئێستە حەكیم بە هۆكاری شكستی عەبادی دادەنرێت.

200 حزبی سیاسی بەسەر 27 هاوپەیمانی دابەش بوونە
دواجار كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان پێكهێنانی 27 هاوپەیمانی راگەیاند كە لە 143پارت و لایەنی سیاسی پێكهاتوون و بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەكەن، بۆ ئەنجوومەنی پارێزگاكانیش زیاتر لە 200 حزب بەشداری دەكەن.

سەرۆكی فەرمانگەی هەڵبژاردن لە كۆمسیۆن داوای لە حزبەكان و هاوپەیمانییەكان كرد، لیستی ناوی پاڵێوراوەكانیان تا 10ی شوباتی ئەمساڵ پێشكەش بكەن.

پەرلەمانی عێراق لە 328 كورسی پێكهاتووە و بەسەر پارێزگاكاندا دابەش كراوە و هەڵبژاردن بە فرەبازنەیی بەڕێوە دەچێت، لە سەرانسەری وڵاتدا 24 ملیۆن كەس مافی دەنگدانیان هەیە و تا ئێستە وادەی پرۆسەكە بڕیاری كۆتای لەبارەوە نەدراوە.

عەبادی متمانەی لە دەست داوە
شەوی رابردوو حەیدەر عەبادی كۆنگرەی رۆژنامەوانی هەبوو، بەڵام هیچ هەڵوێستێكی لەسەر چوونە دەرەوەی هاوپەیمانی فەتحی حەشد رانەگەیاند.

سەرچاوەیەكی ئاگادار ئاشكرای دەكات كە عەبادی هەندێك مەرجی بەسەر لایەنەكانی هاوپەیمانی سەپاندبوو كە هەندێكیان قبووڵیان نەكردووە، ئەمەش وای كردووە لە هاوپەیمانیەتییەكە بچنە دەرەوە.

 بەڵام سەرچاوەیەكی نزیك لە گفتوگۆكان دەڵێ، دوای راگەیاندنی هاوپەیمانی لە نێوان عەبادی و عامری سەركردەی میلیشیاكانی حەشد، لە پشتەوەی ئەمە عەبادی هاوپەیمانی لەگەڵ عەماڕ حەكیم بەستووە، ئەمەش هۆكار كشانەوەی حەشد بوو.

دوای كشانەوەی هەریەك لە رێكخراوی بەدر، قەوارەی سادقوون-ی سەر بە عەسائیب ئەهلی حەق، گردبوونەوەی شەعبی موستەقل، كەتائیب حزبوڵا، بزووتنەوەی ئیسلامی لە عێراق، كەتائیب جوندولئیمام، بزووتنەوەی سدق و عەتا، حزبی تەلیعەی ئیسلامی، سەرایەی خۆراسانی، قەوارەی مونتەسروون، كەتائیب سەیدولشوهەدا، بزووتنەوەی جیهاد و بینا، سەرایەی جیهاد، قەوارەی وەفا، ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی، رێكخراوی عەمەلی ئیسلامی، بزووتنەوەی 15ی شەعبان و كەتائیبی ئیمامی عەلی كە زیاتر بە هاوپەیمانی فەتحی میلیشیا چەكدارەكانی حەشد ناسراون. وێنە گشتییەكە ئێستە بەو ئاراستە دەڕوات كە هاوپەیمانی فەتحی حەشد لەگەڵ دەوڵەتی یاسا بە سەرۆكایەتیی نووری مالیكی هاوپەیمانی رابگەیەنن، هەرچی عەبادییە بە ئاراستەی سوننەكان جووڵەی كردووە و دەیەوێت لەگەڵ سەلیم جبووری و ئەیاد عەلاوی هاوپەیمانی رابگەیەنێت.

سەرچاوەیەك لە هاوپەیمانیی سائیروون كە رەوتی سەدر سەركردایەتیی دەكات، رەتی كردەوە هاوپەیمانی لەگەڵ عەبادی ببەستن.

ئەو سەرچاوەیە ترسی موقتەدا سەدر ناشارێتەوە كە پاش بەستنی هاوپەیمانیەتی لەگەڵ عەبادی، جارێكی تر رێ بە گەڕانەوەی هاوپەیمانی فەتحی میلیشیا شیعەكان بدات بگەڕێتەوە ناو هاوپەیمانیەتییەكە، بەو مانایەی كشانەوەیان تەكتیك بووبێت، چونكە عەبادی متمانەی لە دەست داوە.



وشە - فه‌رمان سادق