لێدوانی نێچیرڤان بارزانی لەسەر دەست پێكردنی دابەشكردنی مووچە

:: PM:02:43:17/01/2018 ‌
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان باسی دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەكات و ڕای گەیاند، دابەشكردنی مووچە بەردەوام دەبێت.

ئەمڕۆ چوارشەم 17ی كانوونی دووەم، لە كۆنگرەی رۆژنامەوانیی هەفتانەیدا پرسیاری دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرا و ڕای گەیاند، كە حكوومەتی هەرێم مووچەی فەرمانبەران دابەش دەكات.

ڕوونی كردەوە كە بەپێی ئەو داهاتەی دێتە بەردەستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، مووچە بەسەر فەرمانبەراندا دابەش دەكرێت.

لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەكەن بەغدا داوای كردووە هەرێم حیسابی بانكی بكاتەوە و بڕێك پارەی وەك پێشینەی مووچە دەخاتە سەر، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند، بەفەرمی هیچ شتێك بە حكوومەت نەگوتراوە و پێشوازی لە هەر هەنگاوێك دەكەین بۆ ئاسایكردنەوەی زیاتری دۆخەكە.

لێدوانی نێچیرڤان بارزانی لەسەر مووچەی فەرمانبەران لە كاتێكدا دێت كە ئێستە دەنگۆ هەیە لە دوای 20ی ئەم مانگەوە دەست بە دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەكرێت.

 






وشە - سه‌رخێڵ هاشم