هەناردەی توركیا بۆ قەتەر 30% بەرز بووەتەوە

:: PM:02:59:17/01/2018 ‌

ژووری بازرگانیی قەتەر بڵاوی كردەوە، قەبارەی هەناردەی توركیا بۆ قەتەر لە ساڵی ٢٠١٧دا بە رێژەی ٣٠% زیادی كردووە.

بەرپرسەكە لە میانی كردنەوەی كۆنفرانسی هاوبەشی بازرگانیی توركیا و قەتەر باسی لەوە كرد كە قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان توركیا و قەتەر گەیشتووەتە سێ ملیار و ٩٠٠ ملیۆن ریالی قەتەری كە بە دۆلار دەكاتە یەك ملیار و ٨٠ ملیۆن دۆلار.

ساڵی رابردوو قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی ئەم دوو وڵاتە ١٧٤ ملیۆن دۆلار بووە. لەو كاتەوە پێوەندییەكانی قەتەر لەگەڵ سعوودیە و ژمارەیەك وڵاتی عەرەبی تێكچووە، توركیا هەوڵی داوە پێوەندییەكانی لەگەڵیدا بەهێزتر بكات و بەشێكی گرنگ لە پێداویستییەكانی پڕ بكاتەوە.

ئێستە ١٨٦ كۆمپانیای هاوبەشی توركی قەتەری و ١٩ كۆمپانیای توركیا لە قەتەر خەریكی چالاكیی ئابووری و بازرگانین.

پێش ئەوەی پێوەندییەكەی قەتەر لەگەڵ سعوودیە و چەند وڵاتێكی تر تێك بچێت، ئەو وڵاتە بە قەبارەی سەرووی پێنج ملیار دۆلار كەلوپەلی لێیانەوە هاوردە دەكرد.

تورکیا بەرهەمەکانی خۆی هەناردەی ولاتانی رۆژهەڵاتی نێوەراست و ئەوروپا دەکات.
سەرچاوە/مێهرنیوز



وشە - سلێمان تاشان