سەرۆك مەسعوود بارزانی پێشوازی لە عزەت شابەندەر كەسایەتیی سیاسیی عێراق كرد و لەدیدارێكدا دووپات لە ویستی لایەنە سیاسییەكانی عێراق بۆ فراوانكردنی پێوەندی لەگەڵ هەرێمی كوردستان و گرنگی پێگە و كاریگەریی هەرێمی كوردستان لە هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق كرایەوە.
ئەمڕۆ چوارشەم 17ـی كانوونی دووەم، بەپێی هەواڵێكی سایتی پارتی دیموكراتی كوردستانسەرۆك بارزانی پێشوازی لە كەسایەتیی سیاسی و ڕۆشنبیری عێراقی عزەت شابەندەر كرد و لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەكە و دواڕۆژی پێوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و دوایین پێشهاتە سیاسییەكانی ناو پڕۆسەی سیاسیی عێراق تاوتوێ كرا و بیروڕایش لەبارەی ئایندەی پڕۆسەی سیاسیی عێراق ئاڵوگۆڕ كرا.
لەو دیدارەدا عزەت شابەندەر دووپاتی لە ڕۆڵی یەكلاكەرەوە و پێگەی سەرۆك بارزانی لە ڕابردوو و ئێستە و داهاتووی پڕۆسە و هاوكێشەكانی عێراقدا كردووە و دووپاتی لە ویستی لایەنە سیاسییەكانی عێراق بۆ فرەوانكردنی پێوەندی لەگەڵ هەرێمی كوردستان، هەروەها پێگە و كاریگەریی هەرێمی كوردستان لە هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق كردەوە.
سەرۆك بارزانی دوای وازهێنانی لە كورسی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ئێستە كەسایەتییە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق سەردانی دەكەن و دووپات لە گرنگی ڕۆڵی بارزانی، لە پڕۆسەی سیاسی عێراق و هەرێمی كوردستان دەكەنەوە.