كێشەی بەردەم یەكلیستی پارتە ئیسلامییەكانی كوردستان چییە؟

:: PM:05:11:17/01/2018 ‌

پڕۆژەی لێك نزیك بوونەوەی حزبە ئیسلامییەكانی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2016 هاتە ئاراوە و دوای چەند كۆبوونەوەیەكی نێوانیان ئەو بابەتە وردە وردە سست بوو ئەوەیش بەهۆی بوونی جیاوازییەكانی نێوانیان لە حكوومەت و ئۆپزسیۆن، ئێستە كار دەست پێكی نوێ‌ هەیە بۆ دووبارە لێك نزیك بوونەوەیان كە ئایە بوونی هەرسێكییان لە ئۆپزسیۆن لێكییان نزیك دەكاتەوە.

حزبە ئیسلامییەكانی هەرێمی كوردستان (یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵ و بزووتنەوەی ئیسلامی) هەوڵەكانیان بۆ پێكهێنانی بەرەیەكی ئیسلامی لە هەرێمی كوردستان لە ناوەڕاستی ساڵی 2017 بەرەو پووكانەوە دواكاری هاوبەشیش كۆمیتەیەكی هاوبەش لە نێوانیاندا پێك هات.

شادی عەلی، هەڵگڕی بڕوانامەی زانستە سیاییەكان لەسەر نزیكبوونەوەی جارێكی تری ئیسلامییەكان بۆ "وشە" دەڵێت، بەهۆی كۆنەقین ناتوانن لێكتر نزیك ببنەوە سەرجەم هەوڵی ئیسلامییەكان بە شكست كۆتایی دێت، چونكە كێشەی سەركردەشیان هەیە.

ئەو شارەزایەی بواری زانستە سیاسییەكان ئاشكرای دەكات بەهێزترین هەنگاوی ئیسلامییەكان ئێستە بریتییە لە پێكهێنانی بەرەیەكی هاوبەش بۆ هەڵبژاردن و پرسە سیاسییەكان ساڵی 2018ـی هەرێمی كوردستان.

مەسعوود عەبدولخالق شارەزا لە حزبە ئیسلامییەكان پێشتر بە "وشە"ی گوت: مێژووی حزبە ئیسلامییەكان بەهۆی پێكهاتەكانیەوە یەكگرتنیان زۆر گرانە و لە چەندان گرووپ پێكهاتوون، بەڵام بەهۆی گۆڕانكارییە جیهانییەكان و بیروڕای بەشێك لە ئیسلامییەكان، ئەم هەوڵی یەكگرتنە هاتووەتە كارا، ئەمەیش مێژووی هەیە، بەڵام ئێستە زیاتر دووپات دەكرێتەوە.

ئەو شارەزایە لەبارەی حزبە ئیسلامییەكان، زۆر بە ئومێدەوە نەیڕوانییە ئەو بیرۆكەیە و گوتی: ئەگەر بێت و یەكیش بگرن، ماوەیەكی كورت دەخایەنێت و دواتر چەندان باڵی  لێ دەبێتەوە، ئەم ئیسلامییانەیش ئەگەر یەك بگرن، هەرچەندە ناخۆشە وا دەڵێم، بەڵام ئەوانەیش وایان لێ دێت حەوت باڵ لەناویاندا دروست دەبێت.

كامیل مەحموود گوتەبێژی بزوتنەوەی ئیسلامی كوردستان دوای كشانەوەی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە حكوومەت لە پۆستێكی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك نووسیویەتی، ماوەی دوو ساڵ زیاترە كۆمەڵ و بزووتنەوە و یەكگرتوو بە چاودێری و ئەندامێتی نوێنەرایەتی رێكخراوەكان لە گفتوگۆ و كۆبوونەوە دان بۆ رێكخستنەوەی ناو ماڵی ئیسلامییەكان، ئەوەی كردوومانە پێكهێنانی دەستەی باڵای كاری هاوبەش و لیژنەیەكی كارگێڕی و نووسینەوەی لائیحەیەكی كاری دەستەكەیە، لەگەڵ دیدارێكی ڕاوێژكاری لە سلێمانی بۆ نوخبەیەك لە ئیسلامییەكانی كوردستان، بەڵام دوای ئەوە بەداخەوە لە ڕووی كردەیییەوە هەنگاومان هەڵنەگرتووە و تەنانەت كۆبوونەوەكانیشمان چەند مانگێكە ڕاوەستاوە.

گوتەبێژی بزوتنەوەی ئیسلامی دەڵێت، جیاوازی هەڵوێستی سیاسی و دیدگامان بۆ دەسەڵات و ریفراندۆم و بەشداری لە حكوومەت كرابوونە هۆكار یان پاسا و بۆ گەڵاڵە نەبوونی بەرنامەیەكی هاوبەش و پرۆژەیەك بۆ ڕێكخستنەوە و یەكخستنەوەی ئیسلامییەكانی باشووری كوردستان.

كامیل مەحموود ئاشكرای دەكات ئەوەی مەبەستمانە بیخەینەوە یادی ئیسلامییەكان و هەرسێ حزبی ئیسلامی پێشهات و گۆڕانكارییەكانی ئێستەیە بەتایبەتی دوای ڕووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر، ئێستە یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی ئیسلامی و بزووتنەوەی ئیسلامی بۆ هەموو یان زۆربەی ئەوانەی لە ڕابردوودا جیاوازییان تێدا هەبوو بیروڕایان یەكە یان نزیكە، بەتایبەتی لە بەرانبەر حكوومەتی هەرێمدا بوونەتە سێ هێزی ئۆپۆزسیۆن و لە دەرەوەی حكوومەتن، هاتنە دەرەوەی ئەو دوو هێزە لە حكوومەت و قۆناغی دوای ریفراندۆم و دەرەنجامەكانی و هەلومەرجی بابەتیی ئێستە هەر سێ لایەن كۆدەكاتەوە و پاساوەكانی ڕابردووی بۆ نەهێشتوونەتەوە، بۆیە جارێكیتر داوا لە لایەنە ئیسلامییەكان دەكەینەوە بەگوڕوتینێكی نوێ و بەو پەڕی هەستی بەرپرسیاریەتی دنیایی و قیامەتییەوە كارە هاوبەشەكانیان لەوێوە دەست پێبكەنەوە، كە ڕایانگرتووە و لە نزیكترین كاتدا كۆبوونەوەی (دەستەی باڵای كاری هاوبەش) ئەنجام بدرێت.

حەسەن عەلی ئەندامی تۆڕی چاودێر بۆ هەڵبژاردنەكان بۆ "وشە" ئاشكرای دەكات نەبوونی سەركردەییەكی هاوبەش ڕێگری ئیسلامییەكانە بۆ یەكگرتنییان بۆیە پێویست ناكات بۆ ئەگەری یەكگرتن و بوون بە یەك پێشبینی بكرێت.

حەسەن ئاشكرای كرد پێشبینی دەكرێت بەو دۆخەی ئێستەی هەرێمی كوردستان هەیە ئەگەر هەڵبژاردنەكان لە مانگی چوار بكرێت لە هەرێمی كوردستان ئەوا ئیسلامییەكان بە لیستی هاوبەش بەشداری بكەن 15 كورسی پەرلەمانی كوردستان بهێنن.

ئەو ئەندامەی چاودێری هەڵبژاردنەكان ئاشكرای كرد پێشبینی كردنی هەڵبژاردنەكان لەژێر پڕسیارەی خۆی، چونكە پێشبینی بەشداری نەكردنی لە %35ـی زیاتری هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان دەكرێت بۆ هەڵبژاردنەكان ئەگەری زیاتر بە دەستهێنانی دەنگی ئیسلامییەكانیش بەستراوەتەوە بە هەڵبژاردنی كراوە و هێنانە پێشی كەسایەتی ئاینی ناسراوی ناو كۆمەڵگە، كە هەستی خەڵك ڕابكێشێت.

پێشبینی دەكرێت هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان لە نیوەی یەكەمی ساڵی 2018 ئەنجام بدرێت و بۆ ئەو مەبەستەیش لە هەفتەی داهاتوو كۆبوونەوەیەك لەنێوان حكوومەت و پەرلەمان و كۆمسیۆن دەكرێت بۆ دیاریكردنی ڕۆژی هەڵبژاردنەكان.





وشە - رامیار جەواد