لێبووردنی گشتیی تۆمەتبارانی هەڵهاتوو ناگرێتەوە
بەڕێوەبەری پۆلیسی كۆیە لەبارەی جێبەجێكردنی لێبووردنی گشتیی ڕوون كردنەوەیەك دەدات و ئاماژە بەوە دەكات، كە لێبووردنی گشتیی تۆمەتبارانی هەڵهاتوو ناگرێتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەم 17ی كانوونی دووەم، عەقید شۆرش كاكە بەڕێوەبەری پۆلیسی كۆیە بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لەگەڵ دادوەری لێكۆڵینەوەی كۆیە بڕیاریان داوە، كە بریاری لێبووردنی گشتیی جێبەجێ بكەن، بەڵام ئەم لێبوردنە تۆمەتبارانی هەڵهاتوو ناگرێتەوە.
ڕوونیشی كردەوە، ئەو تۆمەتبارانەی فەرمانی دەستگیركردنیان بۆ دەرچووە پێش دەرچوونی بڕیاری لێبووردنی گشتی و تا ئێستە خۆیان رادەستی پۆلیس و دادگا نەكردووە، بڕیاری لێبوردنەكە دەیانگرێتەوە، بۆیە هەركەسێك دوای 17-12-2017 تاوانێكی ئەنجام دابێت بڕیاری لێبووردنەكە نایگرێتەوە.
بەڕێوەبەری پۆلیسی كۆیە داوا لەو تۆمەتباران دەكات، كە پێش بەرواری 17-12-2017 تاوانیان ئەنجام داوە و تا ئێستە خۆیان رادەستی پۆلیس و دادگا نەكردووە، خۆیان رادەست بكەن تا سوودمەند بن لەو لێبووردنەی دانراوە.
بڕیاری لێبووردنی گشتیی ژمارە چوار كە لە 17-12-2017 لە پەرلەمانی كوردستان دەرچووە ئێستە لە شار و شارۆكەكانی هەرێمی كوردستان كەوتووەتە بواری جێبەجێكردن و لە ماوەی چەند رۆژی رابردوویش چەندان زیندانی چاكسازی بەهۆی ئەو لێبووردنە گشتییەوە ئازاد كراون.
وشە -
سهرخێڵ هاشم