دوا زانیاری لەبارەی رێككەوتنی هەولێر و بەغدا لەبارەی هەناردنی نەوتەوە

:: PM:06:13:17/01/2018 ‌

وەزارەتی نەوتی عێراق رەتی كردەوە، كە لەگەڵ هەرێمی كوردستان گەیشتبنە رێككەوتن لەبارەی هەناردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی بەندەری جیهانی توركیاوە و دووپاتیشی كردەوە، هەرێم تا ئێستەیش پابەند نییە بە بڕیاری بەغدا بە وەستاندنی هەناردنی نەوت.

عاسم جیهاد گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق ئەمڕۆ چوارشەم رای گەیاند، جارێ زووە باسی رێككەوتنن لەبارەی رەزامەندی دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان لەبارەی هەناردنی نەوتی هەرێم بكرێت و ئێستە كۆبوونەوە و سەردانی یەكتر هەیە و چاوەڕوانی ئەنجامەكانیانین. 

زیاتر گوتی، لێدوانی بەرپرسانی كورد لەو بارەوە مەبەستیان گەیاندنی پەیامێكی ئەرێنییە بۆ هاووڵاتیی كورد و ئاماژەی كرد، كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان تا ئێستەیش بەردەوامە لە هەناردنی نەوت بەبێ گەڕانەوە بۆ كۆمپانیای بە بازاڕگەیاندنی نەوتی نیشتیمانی (سۆمۆ).

جیهاد دووپاتی كردەوە، لەو رێوشوێنانەی حكوومەتی عێراق بەسەر هەرێمی كوردستانی سەپاندووە كۆنترۆڵكردنی هەردوو كێڵگەی بای حەسەن و هاڤانایە لەلایەن كۆمپانیای نەوتی باكورەوە، لەو كاتەی تا ئێستە هەرێم كۆنترۆڵی ژمارەیەك بیرە نەوت دەكات لەوانەیش خورمەڵە.

پێشتر عاسم جیهاد گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە "وشە"ی راگەیاندبوو، كە بەغدا قبووڵی بەڕێوەبردنی بەهاوبەشی بۆ كەرتی نەوت لە ناوچە كێشەلەسەرەكان ناكات و دانیش بە گرێبەستە نەوتییەكان و پابەندییەكانی سەر حكوومەتی هەرێم لە كەرتی نەوت نابێت، چونكە هەرێم دوور لە بەغدا هەموو گرێبەستە نەوتییەكانی واژوو كردووە، كە زۆرینەیان گرێبەستی هاوبەشین.

سەرچاوە: بەغداد تودەی




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل