فیلمی "زاگرۆس" بەشداری لە دوو فێستیڤاڵی ئەوروپادا دەکات

:: PM:08:16:17/01/2018 ‌
فیلمی سینەمایی "زاگرۆس" لە دەرهێنانی سەهیم عومەر خەلیفە، لە 47 مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڕۆتردام لە هۆڵەندا و 35 مین خولی فێستیڤاڵی نیودەوڵەتیی فیلمی ئەنۆنای لە فڕەنسا بەشدار دەبێت.

ئەم بەرهەمە سینەماییە لە بەشی "Limelight"ـی فێستیڤاڵی رۆتردامدا بەشدارە کە تایبەتە بە نمایشکردنی ئەو فیلمانەی لە فێستیڤاڵە گرنگەکاندا بەشداربوونە و خەڵاتی گرنگیان بەدەست هێناوە.

فێستیڤاڵی رۆتردام بە یەکێک لە گرنگترین فێستیڤاڵە سینەماییەکانی ئەوروپا دەناسرێت و ئەمساڵ 47مین خولی لە 24 کانوونی دووەم/ یەنایەر تا 4 شوبات/ فەبرایەر 2018 لە شاری رۆتردام لە هۆلەندا بەڕێوە دەچێت.

لەلایەکی ترەوە فیلمی "زاگرۆس" کە یەکەم فیلمی درێژی خەلیفەیە، لەگەڵ هەشت فیلمی تردا لە بەشی پێشبڕکێی 35مین خولی فێستیڤاڵی نێوەدەوڵەتیی فیلمی ئەنۆنای لە شاری ئەنۆنای لە فڕەنسا، پێشبرکێی بردنەوەی خەڵات دەکات.

فێستیڤاڵی ئەنۆنای، بە یەکێک لە فێستیڤاڵە کۆنەکانی فڕەنسا دەناسرێت و یەکەم خولی لە ساڵی 1984 بەڕێوە چووە و ساڵانە چالاکییەکانی لە 2 تا 12 شوبات/ فەبرایەر 2018 بەڕێوە دەچێت.

لەلایەکی ترەوە، ئەم فیلمە کوردییە، لەلایەن ماڵپەڕی "Cutting Edge"ـی بەلژیکی، لەگەڵ چوار فیلمی تری ئەو وڵاتە دەستنیشان کراوە بۆ ئەوەی وەک باشترین فیلمی 2017 هەڵبژێردرێت و لەلایەن خوێنەران و هۆگرانی سینەماوە دەنگی لەسەر بدرێت.

ئەم ماڵپەڕە ساڵانە لە چەندان بواری جیاوازدا، وەک سینەما، میوزیک و کتێب رای خوێنەرانی وەردەگرێت و باشترین بەرهەمەکانی ساڵ دەناسێنێت.

"زاگرۆس"  بەشداری لە 44مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی گێنت لە بەلجیکا کرد و خەڵاتی گەورەی فێستیڤاڵی بەدەست هێنا کە خەڵاتی "Grand Prix" بوو، هەروەها  دوو خەڵاتی لە بەشی پێشبڕکێی 18یەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئاڕەس لە فڕەنسا بەدەست هێنا، کە خەڵاتی باشترین دەرهێنەر بوو لەلایەن لیژنەی دادوەری فێستیڤاڵ و خەڵاتی باشترین فیلم لەلایەن بینەرانەوە.  

ئەم بەرهەمە سینەماییە  لە ١٤مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی سینەمایی دوبەیدا بەشداربوو و کاندیدی چوار خەڵات بوو و دوو نمایشی تایبەتی بۆ کرا.

"زاگرۆس" بەرهەمێکی هاوبەشی بەلژیکا و هۆڵەندایە، پرۆدیۆسەری سەرەکی فیلمەکە دریس فالیپۆیە و سەهیم عومەر، جەین- کلود و ڤان ریچکهام سیناریۆکەیان ئامادە کردووە.

"زاگرۆس" چیرۆکی شوانێک بەناوی زاگرۆس دەگێڕێتەوە، کە هاوژینی خۆی زۆر خۆشدەوێت، بۆ ئەو کوردستان بەهەشتە، بەڵام هاوژینەکەی هاڤین و کچەکەی رەیهان، روودەکەنە بەلژیکا، دواتر زاگرۆزیش بڕیار دەدات بچێتە ئەو وەڵاتە.

سەهیم عومەر خەلیفە، پێشتر لەرێگەی کورتەفیلمی "میسی بەغداد"، "وڵاتی پاڵەوانان" و "نێچیرڤانی خراپ"، ٩٨ خەڵاتی لە فێستیڤاڵە سینەماییەکاندا وەرگرتووە.




وشە - محەمەد میران