سترێس تووشی نەخۆشی شەكرەت دەكات

:: PM:11:30:17/01/2018 ‌

توێژینەوەیەكی نوێ دەری دەخات كە ئەو كەسانەی لە شوێنی كاردا تووشی سترێس و پاڵەپەستۆی دەروونی و كاركردن دەبنەوە ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشی شەكرە زیاد دەكات بە بەراورد بەوانەی تووشی نابنەوە.

بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی "رۆیتەرز"، توێژەران داتاكانی سێ هەزار و 730 كرێكاریان لە كەرتی نەوت لە چین شی كردەوە كە لە سەرەتای توێژینەوەكەدا هیچ لەوان تووشی نەخۆشی شەكرە نەبووبوون، بەڵام توێژەران لە گۆڤاری "دیابێتس كێر" رایان گەیاند كە لە دوای 12 ساڵ لە چاودێری ئەگەری تووشبوونی كرێكارەكان بە نەخۆشی شەكرە لەوانەی ئەركی وایان هەبوو كە پاڵەپەستۆی زیاتریان لەسەر بووە بەرێژەی 57% زیادی كردووە.

لای خۆیەوە میكا كیفیماكی توێژەر لە كۆلێجی لەندەن لە شانشینی یەكگرتوو رای گەیاند كە گۆڕانكارییە گەورەكان لە كاردا رەنگە كار بكەنە سەر ئەگەری توشوبوونمان بە نەخۆشی شەكرە، بۆیە گرنگە پارێزگاری لە شێوازی ژیانێكی تەندروست و كێشێكی ئاسایی تەنانەت لەكاتی كاركردنێكی شپڕزەشەوە بكرێت.

رێكخراوی تەندروستیی جیهانی لەو بارەوە دەڵێت لە 2014دا لە هەر 10 كەسی پێگەیشتوو یەكێكیان تووشی نەخۆشی شەكرە هاتووەتەوە و تا ساڵی 2030 نەخۆشییەكە دەبێتە حەوتەم هۆكاری مردن لە دنیادا.

سەرچاوە: فورات




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل