بەرشەلۆنە دووچاری یەكەم شكست بووەوە

:: AM:09:19:18/01/2018 ‌

بەشێوەیەكی چاوەڕوان نەكراو شەوی رابردوو یانەی بەرشەلۆنە دووچاری یەكەم شكستی ئەم وەرزە بووەوە لەسەر دەستی یانەی ئیسپانیۆڵ.

شەوی رابردوو یارییەكانی چوونی قۆناغی 8ی جامی شای ئیسپانیا دەستیان پێ كرد و لە یارییەكدا یانەی بەرشەلۆنە لە دەرەوەی یاریگە و جەماوەری لە یاریی دێربی كەتەلۆنیا بە گۆڵێكی بێ وەڵام بەرامبەر یانەی ئیسپانیۆڵ دۆڕا.

تاكە گۆڵی یارییەكە لەلایەن ئۆسكار میلیندۆ لە خولەكی 88 بۆ یانەی ئیسپانیۆڵ تۆمار كرا، بەر لە تۆماركردنی ئەم گۆڵەش لیۆنێل میسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی لە خولەكی 61 لێدانێكی سزا و هەلی تۆماركردنی گۆڵێكی یانەی بەرشەلۆنەی لەدەست دابوو.

ئەمە یەكەم شكستی یانەی بەرشەلۆنەیە لە وەرزی ئەمساڵدا دووچاری دەبێت، پێشتر لە ركابەرییەكانی خولی ئیسپانیا، خولی پاڵەوانانی ئەوروپا و جامی شای ئیسپانیاش هیچ یارییەكی نەدڕاندبوو.

لە یارییەكی تری چوونی قۆناغی 8ی جامی شای ئیسپانیا یانەی ڤالێنسیا لەنێو یاریگەی مستایا بە ئەنجامی 2-1 گۆڵ لە یانەی دیپۆرتیڤۆ ئەلاڤێسی بردەوە.

لە یارییەكی تریشدا یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید لەنێو یاریگەی واندا میترۆپۆلیتانۆ بە ئەنجامی 1-2 بەرامبەر یانەی سڤیلییە دۆڕا.

یارییەكانی گەڕانەوەش هەفتەی داهاتوو بەڕێوە دەچنەوە، یارییەكەی سڤیلییە و ئەتلەتیكۆ مەدرید لە رۆژی سێشەم بەڕێوە دەچێت، رۆژی چوارشەمیش ڤالێنسیا دەبێتە میوانی یانەی دیپۆرتیڤۆ ئەلاڤێس، رۆژی پێنجشەمیش یانەی بەرشەلۆنە بۆ تۆڵە كردنەوە لە نێو یاریگەی كامپ نوو مێوانداری یانەی ئیسپانیۆڵ دەكات.

جێی باسە هەر لە چوارچێوەی یارییەكانی چوونی قۆناغی 8ی جامی شای ئیسپانیا، یانەی ریال مەدرید ئەمڕۆ پێنجشەم سەعات 11:30ی شەو بەكاتی كوردستان دەبێتە مێوانی یانەی لیگانیس.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م