نرخی بیتكۆین 50% دابەزیوە

:: AM:09:39:18/01/2018 ‌


نرخی هەر بیتكۆینێك مانگێك لەمەوبەر گەیشتە سەرووی ١٧ هەزار دۆلار، بەڵام لەو كاتەوە رووی لە دابەزین كردووە و لە ٢٤ سەعاتی رابردوودا نزمترین نرخی تۆمار كرد و بۆ نۆ هەزار دۆلار دابەزی.


بەگوێرەی coindesk ئەمڕۆ پێنجشەم نرخەكەی بۆ نزیكەی ١١ هەزار دۆلار بەرز بووەتەوە. هەفتەیەك لەمەوبەریش نرخی هەر بیتكۆینێك ١٤ هەزار دۆلار بوو.


ساڵی رابردوو كۆمپانیای CME GROUP لە شیكاگۆی ئەمەریكا كە بە یەكێك لە گرنگترین كۆمپانیاكانی ئەو بوارە هەژمار دەكرێت، بڕیاری دا ئەو جۆرە دراوە بخاتە بازاڕەوە. دوای بڕیارەكە نرخی بیتكۆین رووی لە بەرزبوونەوە كرد و متمانەیەكی زیاتری بە دراوەكە داو و بە خێرایی هەڵكشا.


 یەكێك لە گرنگترین تایبەتمەندییەكانی بیتكۆین ئەوەیە بە پێچەوانەی دراوی ئاسایی، بە ئاسانی لە لایەن بانك و سیاسەتە دارایییەكانی دنیا یاسای بەسەردا پێڕەو ناكرێت و ئەو وڵاتانەی لە ژێر گەمارۆ و سزای ئابووریدان دەتوانن بە پشتبەستن بەو دراوە بەشێك لە پێداویستییەكانی خۆیان دابین بكەن.


یەكەم جار لە ساڵی 2008 پارەی دیجیتاڵی بیتكۆین داهێنرا كە ئەوكات نرخەكەی زۆر كەم بوو و سەرەتا سەد یەكەی ئەو دراوە بە یەك دۆلار بوو، بەڵام دوای ئەوەی خەڵك رووی تێكرد و پەرەی پێ درا و نرخی هەر یەكەیەك لەو دراوە بەرز بووەوە بۆ سەرووی هەزار و 200 دۆلار و دواتر گەیشتە دوو هەزار و 500 دۆلار و بەرزترین نرخیشی سەرووی ١٧ هەزار دۆلار بووە.





وشە - سلێمان تاشان