كچێكی عەرەبی هێنا و ژن و چوار منداڵەكەی جێ هێشت

لە هەولێر پیاوێك دوای 20 ساڵ لە ژیانی هاوسەریەتی، هاوسەرگیری دووەم لەگەڵ ژنێكی عەرەب دەكات كە 18 ساڵ لە خۆی بچووكترە، لەبەر ئەو ژنە عەرەبەش واز لە ژن و منداڵەكانی دەهێنێت، ئەو ژنە ئێستە بە نانكردن بۆ ماڵان منداڵەكانی لە دووری هاوسەرەكەی بەخێو دەكات.

زولفان ئەو ژنەیە كە ئێستە خەریكی كاری نانكردنە بۆ ماڵان، دوای ئەوەی ڕەسووڵی هاوسەری ژنی دووەم دەهێنێت، بڕیار دەدات لە پیاوەكەی جیا نەبێتەوە، بەڵام ڕێ نادات دووبارە هاوسەرەكەی بگەڕێتەوە ناویان، زولفان بۆ "وشە" باسی چیرۆكی ژیانی خۆیی و منداڵەكانی دەكات و دەڵێت ژنی كورد بوونەتە قوربانی هەڕاجی ژنانی عەرەب.

ماوەی 20 ساڵ هاوسەر و هاوخەم و هاودەردی یەك بووین، هەرچی تاڵایی ژیان هەیە چەشتم هەموو شتێكم كرد و ماڵمان پێكەوە نا و بە هەزار دەردەسەری خانوومان كڕی دووكانمان داناو ژیانێكی بێ كێشەمان بەسەر برد، تا ئەو كاتەی بە نهێنی هاوسەرگیری كرد و هەموو ژیانمان پێچەوانە بوو.

دەربارەی ژیانی خۆیان زیاتر گوتی، من ژنی ماڵەوەم بەڵام دایكێكی زۆر باش و خێزانێكی زۆر بێ كەموكوڕی بووم بۆ هاوسەرەكەم، چوار منداڵ و ڕەسووڵیشم وەك گوڵ بەڕێوە دەبرد، هەموو شتێك خۆم چارەسەرم دەكرد، خۆم هەموو خەمێكی ماڵم هەلدەگرت و خۆشییەكانم دەدا بەوان، لە كۆتادا ڕەنجی من هەمووی بەبا چوو كەسێكی بێگانە هاتە سەر حازری و هاوسەرەكەمی لە خۆم  و منداڵەكانیشم برد.

ڕەسووڵ بە نهێنی هاوسەرگیری لەگەڵ كچێكی عەرەب دەكات كە 18 ساڵ لە خۆی منداڵترە، ئەو كچە لە هەمان ئەو مۆڵەدا كاری كردووە كە ڕەسووڵ دووكانی تێدا هەبووە، هەر لەوێ یەكتری دەناسن و بڕیاری هاوسەرگیری دەدەن، سەرەتا هاوسەرگیرییەكەیان بە نهێنییە، بەڵام دوای چوار مانگ هاوسەرگیرییە نهێنییەكەی ئاشكرا دەبێت و ماڵ لە زولفان و منداڵەكانی تێك دەچێت.

زولفان دەڵێت هەستم دەكرد ڕەسووڵ گۆڕابوو، بەڵام ئەوەی بە خەیاڵمدا نەدەهات سەرقاڵی ژنهێنان بێت، چونكە من و ڕەسووڵ هیچ كێشەیەكمان نەبوو، بەڵام فێر بووم كە هەمیشە چاوەڕوان نەكراوەكان بەگەورەتر ڕووبەڕووت دەبنەوە، من كاتێك بەهەموو شتێكم زانی كە كار لەكار ترازابوو ژنی دووەمی دووگیان بوو، ئەوكاتەش هیچ شتێك وەك خۆیی لێ نەدەهاتەوە ئیتر ڕەسووڵ شایەنی ژیان نەبوو لەگەڵ من و منداڵەكانم.

ئەو نایشارێتەوە هەستی بەوە كردووە كە ڕەسووڵ پێوەندی هەبووە لەگەڵ كەسێك، بەڵام وەك خۆی ئاماژەی پێ دەكات ئەوە جاری یەكەمی نەبووە پێوەندی هەبێت، چەند جارێك پێوەندی لەگەڵ كچ و ژن هەبووە، بەڵام هەر ماوەیەك بووە و دواتر وازی هێناوە، بەڵام ئەو جارە یان جیاواز بووە و هاوسەرگیری كردووە و وازی لە هەموویان هێناوە لەبەر نووری خێزانی.

لە ڕێی ماڵی  باوكی ڕەسووڵەوە هاوسەرگیرییەكەی ئاشكرا دەبێت، رەسووڵ سەرەتا هەموو بابەتەكە ڕەت دەكاتەوە، بەڵام دوای بەدواداچوونی براكانی زولفان نهێنییەكەی ئاشكرا دەبێت، ئەو كاتەش ڕەسووڵ دەڵیت "بە ڕێیەكی یاسایی و ئاینی ژنی دووەمی هێناوە و ئامادەش نییە جێی بهێڵێت، نوور خێزانی دووەمییەتی دووگیانە و ئامادەیە حاشا لە هەمووان بكات، بۆ ئەوەی لەگەڵیدا بمێنێتەوە.

زولفان دەڵێت بەبێ ئاگایی ئەو هاوسەرگیری كردووە و لە كەركووك كاروباری یاسایی بۆ هاوسەرگیرییەكەیان تەواو كردووە، بۆ ئەوی پێویستی بە واژوویی من نەبێت پارەی داوە، ئەوەیش بووەتە شتێكی ئاسایی بۆ ئەو پیاوانەی وەك هاوسەری من ژنی دووەم دەهێنن. ئێستە هەمووان ئەو ڕێیە دەزانن، دوای لەیەكتر دابڕانی ئەو دوو هاوسەرە، ئێستە ژنەكە لەگەڵ منداڵەكانی دەژیت و بڕیاری داوە لە ڕەسووڵ جیا نەبێتەوە، بەڵام بەهیچ شێوەیەكیش ڕێ نەدات بگەڕێتەوە ناویان، زولفان عەرەبانەیەكی بۆ كوڕە تەمەن 16 ساڵییەكەی كڕیوە و نۆك و لۆبیای پێ دەفرۆشێت و خۆشی نان بۆ خەڵكی دەكات و بژێوی ژیانی خۆی و منداڵەكانی دابین دەكات و دەڵێت، من لە سفرەوە دەستم پێ كردووەتەوە دڵنیام زۆر بە باشی دەگەمەوە بە لووتكە، بێ ئەوەی سەرم بۆ كەس نزم بكەم لەگەڵ منداڵەكانم بە مەردی دەژیم.

هەولێر/ئیڤان عەبدوڕەحمان.



وشە - باز ئه‌حمه‌د


AM:09:43:18/01/2018




ئه‌م بابه‌ته 11151 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌