ئینتەر میلان بەتەواوی لە رافینا نزیك بووەتەوە

:: AM:10:14:18/01/2018 ‌

یانەی ئینتەر میلانی ئیتاڵی تاڕادەیەكی زۆر لە گرێبەستكردن لەگەڵ رافینیا ئەلكانتارای یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی بەڕازیلی و یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی نزیك بووەتەوە.

ماڵپەڕی (سكای سپۆڕت)ی ئیتاڵی بڵاوی كردەوە: بەرپرسانی یانەی ئینتەر میلان دوێنێ چوارشەم گەیشتوونەتە شاری بەرشەلۆنە بۆ تەواوكردنی كارەكانی گواستنەوەی رافینیا.

بەگوێرەی سەرچاوەكە گرێبەستەكەی یانەی ئینتەر بۆ رافینیا بەشێوەی خواستنە بۆ ماوەی 6 مانگ لەگەڵ ئەگەری كڕینی بەشێوەی یەكجاری لە كۆتایی وەرز بە بەهای 25 ملیۆن یۆرۆ.

جەختیشی كردەوە یانەی بەرشەلۆنە نایەوێ رافینیا بەشێوەی خواستن بدات بە هیچ یانەیەكی تر و بەڵكو دەیەوێ بەشێوەی یەكجاری و بەبەهای 35 تا 40 ملیۆن یۆرۆ بیفرۆشێ، پێشبینیش دەكرێ هەردوو یانەكە بگەنە رێككەوتنی كۆتایی و 6 مانگ بە خواستن ئەو یاریزانە بگوازرێتەوە خولی ئیتاڵیا لەگەڵ ئەگەری كڕینی بە 30 ملیۆن یۆرۆ.

جێی باسە رافینیا لە نیسانی پارساڵەوە هیچ یارییەكی بۆ یانەی بەرشەلۆنە ئەنجام نەداوە بەهۆی تووشبوونی بە پێكانەوە و هەر لەبەر ئەمەشە رەنگە یانەی بەرشەلۆنە رازی بێت بەشێوەی خواستن بیدات بە یانەی ئینتەر میلان تا لە ماوەی ئەو 6 مانگەی داهاتوودا بەتەواوی تواناكانی یاریكردنی بەدەست بێنێتەوە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م