ریال مەدرید گۆڕانكاری ریشەیی لە هێڵی هێرشبەر دەكات

:: AM:10:47:18/01/2018 ‌

رۆژنامەكانی ئیسپانیا ئاشكرایان كرد، یانەی ریال مەدرید بڕیاریداوە بۆ وەرزی داهاتوو گۆڕانكاری ریشەیی لە هێڵی هێرشبەری تیپەكەی بكات بە كڕینی 4 یاریزانی نوێ.

رۆژنامەی (ماركا)ی ئیسپانی بڵاوی كردەوە: بژاردەی یەكەمی یانەی ریال مەدرید بۆ وەرزی داهاتوو گرێبەستكردنە لەگەڵ نیمار دا سیلڤای ئەستێرەی بەڕازیلی و یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی.

رۆژنامەكە ئاشكراشی كرد كە یانەی ریال مەدرید تەنیا بە كڕینی نیمار راناوەستێ، بەڵكو هەوڵی كڕینی رۆبێرت لیڤاندۆفیسكی هێرشبەری یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی و ئیدین هازاردی ئەستێرەی یانەی چێڵسی ئینگلیزیش دەدات.

سەرچاوەكە جەختیشی كردەوە فلۆرنتینۆ پێرێزی سەرۆكی یانەی ریال مەدرید ئێستا بەڕژدی كار لەسەر گرێبەستكردن لەگەڵ هاری كین هێرشبەری یانەی تۆتنهامی ئینگلیزی یانیش ماورۆ ئیكاردی هێرشبەری یانەی ئینتەر میلانی ئیتاڵی دەكات.

بەهێنانی ئەو چوار هێرشبەرە نوێیە، یانەی ریال مەدرید رێگە بەهەرسێ هێرشبەری یانەكەی كریستیانۆ رۆناڵدۆ، گاریس بێڵ و كەریم بەنزیما دەدات بۆ وەرزی داهاتوو ریزی یانەكە جێبێڵن.

رۆژنامەكە ئاشكراشی كرد سەرۆكایەتی یانەی ریال مەدرید هەست دەكات لەم وەرزەدا تیپەكەی شكستی هێناوە دوای ئەوەی یانەی پاریس سان جێرمان توانیبووی نیمار و كیلیان مباپێ و یانەی بەرشەلۆنەش عوسمان دێمبێلێ و فیلیپی كۆتینیوی كڕی، لەبەر ئەمە دەیەوێ لە هاوینی داهاتوودا بە بەهێزەوە بێتە نێو ركابەرییەكانی گواستنەوەی یاریزانان.

لە كۆتاییدا رۆژنامەكە رایگەیاند سەرۆكی یانەی ریال مەدرید ئاواتەخوازە بۆ وەرزی داهاتوو باشترین هێڵی هێرشبەری جیهان لەخۆ بگرێ و بەزووترین كات بگەڕێتەوە نێو ركابەرییەكانی بەدەستهێنانی ناسناوەكانی ئیسپانیا و ئەوروپا.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م