پێلێ: میسی زۆر لە رۆناڵدۆ باشترە

:: AM:11:26:18/01/2018 ‌

پێلێی ئەفسانەی تۆپی پێی بەڕازیلی و جیهان ئاشكرای كرد لیۆنێل میسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی و یانەی بەرشەلۆنە باشترین یاریزانی ئێستای جیهانە بەهۆی ئەو ئاستە بەرزەكەیەوە و زۆریش لە پێشەوەی كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی و یانەی ریال مەدریدەوەیە.

پێلێ لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ تەلەفیزیۆنی (سپۆڕت تی ڤی)ی بەڕازیلی رایگەیاند: جیاوازییەكی گەورە لەنێوان میسی و رۆناڵدۆدا هەیە، ئەستێرە ئەرجەنتینییەكە یاریزانێكی گشتگیرترە لە هێرشبەرە پورتوگالییەكە.

پێلێ هەروەها گوتی: میسی سەرجەم خەسڵەتەكانی ئەستێرەیی تۆپی پێی تێدایە كە ئەوانیش برێتین لە دروستكردن و لێدانی تۆپ و تۆماركردنی گۆڵ و هاوكاریكردنی یاریزانانی هاوڕێی لە یانەی بەرشەلۆنەدا، بەڵام رۆناڵدۆ تەنیا گۆڵكارێكی بەتوانایە و خەسڵەتی تۆماركردنی گۆڵی لە میسی باشترە.

ئەمە لە كاتێكدایە كە رۆناڵدۆ چەند مانگێك پێش ئێستا خەڵاتی باشترین یاریزانی جیهانی لە یەكەتیی تۆپی پێی ناودەوڵەتی (فیفا) و كۆواری فڕانس فوتباڵی فڕەنسی بردبووە و پێش میسی كەوتبووەوە.

رۆناڵدۆ لەم وەرزەدا لەگەڵ یانەی ریال مەدرید بە دۆخێكی خراپ تێپەڕ دەبێت و لە خولی ئیسپانیا تەنیا 4 گۆڵی تۆمار كردووە، لەبەرامبەردا میسی لە ریزبەندی یەكەمی گۆڵكارانی خولەكەیە بە تۆماركردنی 17 گۆڵ.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م