ئه‌یاد سامه‌ڕایی ددان به‌وه‌دا ده‌نێت كه به‌شێك له حزبه سوننه‌كان پێوه‌ندییان له‌گه‌ڵ ئێران هه‌یه و هۆی پێك نه‌هێنانى هاوپه‌یمانى سوننه‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنیش ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ ململانێی نێوان سه‌ركرده‌كانى سوننه و نه‌بوونى سه‌ركرده‌ى كاریزمایی.
سامه‌ڕایی سكرتێری حزبی ئیسلامى عێراقی له‌م دیمانه‌یه‌ى "وشه"دا ئاماژه به‌وه ده‌كات كه كورد نه‌یتوانیوه سوود له پۆستى سه‌رۆك كۆماری عێراق وه‌ربگرێت و حزبی ده‌عوه‌ش له 13 ساڵى رابردوو پێگه‌ى سه‌رۆك وه‌زیرانى بۆ به‌رژه‌وه‌ندی و به‌هێزكردنى خۆى به‌كار هێناوه و كاری نه‌كردووه بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى عێراق.
قۆناغی دواى داعش چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنى به تایبه‌ت بۆ عه‌ره‌بی سوننه؟
به گشتى به روویه‌ك باشه و به دیوێكى تر نا. دیوه باشهكهى ئه‌وه‌یه هه‌موومان تێگه‌یشتووین گرنگه به‌شداری له پرۆسه‌ى سیاسی بكه‌ین، به‌ڵام هێشتا متمانه نییه به‌هۆى ئه‌و هه‌موو ره‌خنانه‌ى هه‌مانه له پرۆسه‌ى سیاسی.
به دیوێكى تر، ته‌نگژه‌ى متمانه كه هه‌موو پرسه‌كانى گرتووه‌ته‌وه، هه‌مووان ده‌یانه‌وێت خۆیان كاندید بكه‌نه‌وه به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ى پێشتر تاقی كراونه‌ته‌وه و هیچ ده‌ستكه‌وتیان نه‌بووه، له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ى خۆیان تاقی نه‌كردووه‌ته‌وه كه ده‌یانه‌وێت رۆڵ ببینن، به‌ڵام متمانه‌یان پێ ناكرێ، هه‌موو ئه‌مانه له كاتێكدان ئه‌وه‌ى داعش به ناوچه سوننه‌كانى كردووه له رووى دارایی و ده‌روونى، كاریگه‌رییه‌كه‌ی بۆ چه‌ندان ساڵى تر ده‌مێنێته‌وه.
بۆچی سوننه‌كان ناتوانن هاوپه‌یمانێتییه‌ك پێك بێنن و به پێچه‌وانه‌ى ده‌بینین به‌شێك له هێزه سوننه‌كان چوونه‌ته ناو هاوپه‌یمانى شیعه‌كان، هۆى ئه‌مه چییه؟
شیعه‌كان به ره‌هایی یه‌كگرتوو نین و ناكۆكی له نێوانیان هه‌یه، به‌ڵام لایه‌نى تر هه‌ن كه ئه‌ویش مه‌رجه‌عیه‌ت و ئێرانه ناكۆكییه‌كانیان وه‌لاوه ده‌نێن، له به‌رانبه‌ردا هیچ كه‌سێك نییه ماڵى سوننه رێك بخاته‌وه ئه‌گه‌رچی داواكارییه‌كانیان یه‌كه، به پێچه‌وانه‌وه ده‌ستوه‌ردانی نه‌رێنیش هه‌یه، ئه‌مانه كاریگه‌رییان دروست كردووه كه سوننه ناتوانن یه‌كگرتوو بن و هاوپه‌یمانى رابگه‌یه‌نن.
دواى داعش كه ناوچه سوننه‌كان زیان لێكهوتووترینن، به‌ڵام ده‌نگێكی سوننه نابیستین به‌رگری له سوننه خۆی بكات، پێم بڵێ سوننه‌كان چۆن ده‌توانن رێڕه‌وه‌كه راست بكه‌نه‌وه؟
چاككردنه‌وه‌ى كۆمه‌ڵگه‌ى سوننه به سیاسه‌ت ناكرێت، ده‌بێت له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌وه ئیشی له‌سه‌ر بكرێت، له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ى سوننه‌یه ئه‌و قۆناغه تێپه‌ڕێنێت و هۆشیارتر بێت، چونكه بوونى هۆشیاری لاى كۆمه‌ڵگه خاڵی سه‌ره‌كییه و هاشوهوشى راگه‌یاندن كاریگه‌ری له‌سه‌ر دروست ناكات.
هۆی سه‌ره‌كیی دابه‌شبوونى ماڵی سوننه چییه؟ بۆچی ناتوانن له‌سه‌ر هه‌ر پرسێك كۆك بن؟
ململانێی نێوان سه‌ركرده سیاسییه‌كان زیانى به ماڵى سوننه گه‌یاندووه، له پاڵ ئه‌مه‌شدا نه‌بوونى سه‌ركرده‌ى جه‌ماوه‌ریی كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌یه. چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌یه سه‌ركرده‌كان واز له ململانێی یه‌كتر بێنن و له یه‌ك نزیك ببنه‌وه، واز له سڕینه‌وه‌ی یه‌كتر بێنن و ده‌ستپاك بن له‌گه‌ڵ یه‌كتر كه ئه‌مه به‌داخه‌وه زۆر لاوازه.
وه‌ك حزبێكى سوننه ده‌تانه‌وێت چۆن له عێراقدا بژین؟
ده‌مانه‌وێت عێراق وڵاتێكى دیموكراسی بێت و رۆحیه‌تى هاووڵاتیبوون هه‌بێت، هێزه سیاسییه‌كان ببن به هێزێك بۆ ئه‌و سیسته‌مه نه‌ك لاوازكردنى. له‌گه‌ڵ هه‌موو دراوسێكانى هه‌ست به یه‌كسانى بكات نه‌ك لاوازی.
دواى 16ى ئۆكتۆبه‌ر، ئه‌و ره‌وشه‌ى كوردستانی پێدا تێپه‌ڕی چه‌نده كاریگه‌ری به‌سه‌ر سوننه هه‌بوو، به تایبه‌ت دواى ئه‌وه‌ی حكوومه‌تى توركیا و سعوودیه پشتگیریی خۆیان بۆ حكوومه‌تى عه‌بادی دووپات كرده‌وه؟
كورد پێشبینى هه‌موو كاردانه‌وه هه‌رێمایه‌تى و نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی نه‌كردبوو كه كاریگه‌رییان به‌سه‌ر عێراقه‌وه هه‌یه، پێشنیازی ریفراندۆمیان كرد له ره‌وشێكى نه‌گونجاو، ئه‌مه‌ش وای كرد زیانێكى زۆریان به‌ربكه‌وێت.
وه‌ك سوننه چه‌ندان جار دووپات‌مان كردووه‌ته‌وه ناتوانین فیدڕاڵیی رابگه‌یه‌نین ته‌نیا به رێككه‌وتن نه‌بێت له‌گه‌ڵ هێزه عێراقییه‌كانى تر كه باوه‌ڕیان به فیدڕاڵیی هه‌یه و به بنه‌ماكانى ده‌ستووریش پابه‌ندن.
دواى 2003، دروشمى كورد دیمو‌كراتى بۆ عێراق و فیدڕاڵیی بۆ كورد بوو، پێویسته له‌سه‌ر ئه‌وه رێككه‌وتن بكه‌ن له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى عێراق، بۆیه حكوومه‌تى داهاتوو رووبه‌ڕووى پاڵه‌په‌ستۆى زۆر ده‌بێته‌وه به‌هۆی زۆریی داواكاری خه‌ڵك كه ناشتوانێت جێبه‌جێیان بكات. سه‌ره‌تا پێویسته تێگه‌یشتنێكى شارستانییانه له نێوان كورد و ئه‌وانى تر هه‌بێت، نه‌ك تێگه‌یشتنێكى به‌رژه‌وه‌ندخوازانه تا بتوانرێت چاكسازی بكرێت، كورد ناتوانێت ئه‌مه بكات تا ره‌وشی ناوخۆی خۆیان چاك نه‌كه‌ن.
تۆمه‌تێك هه‌یه ده‌خرێته پاڵ هه‌ندێك هێزی سوننه كه پێوه‌ندییان له‌گه‌ڵ ئێران هه‌یه, چه‌نده راسته؟
ئه‌وه راسته، له كه‌شێكى دیموكراسی هه‌موو هێزه عێراقییه‌كان ده‌یانه‌وێت پێوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌یان په‌ره پێ بده‌ن به‌گوێره‌ى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان. هێزی سوننه هه‌یه پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئێران هه‌یه، به‌ڵام ئه‌وه‌ى گرنگه ده‌بێت پرسیاری ئه‌وه بكه‌ین ئه‌و پێوه‌ندییه چۆنه و له به‌رژه‌وه‌ندیی كێیه؟، هه‌روه‌ك حزبی شیعه‌ش هه‌یه پێوه‌ندى له‌گه‌ڵ وڵاتانى عه‌ره‌بی سوننه هه‌یه، بۆ ئه‌وانیش هه‌مان پرسیار هه‌یه.
پێوه‌ست به هه‌ڵبژاردنى داهاتوو، لایه‌نى سوننه داواى دواخستنى ده‌كه‌ن ئێوه چی ده‌ڵێن؟
بێگومان هه‌ڵبژاردن له دۆخێكى نه‌گونجاو ئه‌نجام ده‌درێت و ته‌نیا بۆ حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیران گونجاوه، به‌ڵام دواخستنیشی كۆمه‌ڵێك پرس دێنێته‌وه پێشه‌وه ره‌نگه روو بده‌ن له نه‌بوونی ده‌ستوور، بۆیه پێویسته حزبه‌كان چاره‌سه‌ری ئه‌و دۆخه بكه‌ن.
هێزه سوننه‌كان كه داواى دواخستنی هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ن، پێ ده‌چێ كۆمه‌ڵگه‌ى سوننه هیچ گرنگی به‌و هه‌ڵبژاردنه نه‌دات، بۆیه ئه‌گه‌ر ئه‌و كۆمهڵگهیهمان برده ناو ململانێیه‌كى سیاسیی توند، ئه‌وا هه‌موو ده‌رئه‌نجامێك ئه‌گه‌ری هه‌یه روو بدات.
ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن له كاتى خۆیدا بكرێت، ده‌توانێ نه‌خشه‌ى سیاسیی عێراق بگۆڕێت؟
هه‌ڵبژاردن زۆر ئه‌سته‌مه بتوانێت نه‌خشه‌ى سیاسی به‌شێوه‌یه‌كى گه‌وره بگۆڕێت، چونكه هیچ سه‌ركرده‌یه‌كى سیاسی یان حزبی نییه لاى زۆرینه‌ى عێراقییه‌كان جێى متمانه بێت، سه‌ركرده و حزبه‌كان به‌رنامه‌یه‌كى چاكسازییان نییه تا بتوانن له رێیه‌وه متمانه‌ى خه‌ڵك به ده‌ست بێنن.
ئه‌و دۆخه‌ى ئێسته چۆن چاره‌سه‌ر بكرێت، له كاتێكدا بژارده‌كان هه‌ر له حزبی ده‌عوه‌ن؟
پۆستى سه‌رۆك وه‌زیران هی گه‌وره‌ترین قه‌واره‌یه، له ماوه‌ى 13 ساڵى رابردوو ئه‌و پۆسته لای حزبى ده‌عوه بووه و به‌هۆیه‌وه توانیویه‌تى پێگه‌ى خۆى به‌هێزتر بكات، كه‌چى ئه‌وه‌ى له‌سه‌ری بووه بۆ تێپه‌ڕاندنى ئه‌و دۆخه‌ى عێراق تێى كه‌وتووه، نه‌یكردووه.
ئه‌وه‌ى به‌و دۆخه‌ى ئێسته ناڕازییه و ده‌یه‌وێت ئه‌و تێیپه‌ڕێنێت، ده‌بێت براوه‌ى هه‌ڵبژاردن بێت و جێگره‌وه پێشكه‌ش بكات، ئه‌مه‌ش روو نادات تا بنه‌ما و شێوه‌ى هاوپه‌یمانێتییه‌كان گۆڕانكاریی به‌سه‌ردا نه‌یه‌ت، به‌و مانایه‌ى پۆسته‌كه هه‌ر لاى حزبى ده‌عوه ده‌مێنێته‌وه ئه‌گه‌ر گۆڕانكاری له چۆنیه‌تیى هاوپه‌یمانێتییه‌كان روو نه‌ده‌ن.
چۆن ده‌توانرێت ئه‌و بنه‌مایه هه‌ڵوه‌شێنرێته‌وه كه پۆستى سه‌رۆك وه‌زیران هه‌ر ده‌بێت بۆ شیعه بێت و سه‌رۆكى په‌رله‌مان بۆ سوننه و سه‌رۆك كۆمار بۆ كورد؟
ئه‌وه‌ى راستى بێت كورد نه‌یتوانیوه سوود له پۆستى سه‌رۆك كۆماری وه‌ربگرێت، راستییه‌كه‌شی ئه‌وه‌یه ئه‌و پۆسته دراوه به مام جه‌لال نه‌ك كورد وه‌ك پێكهاته‌یه‌ك، عه‌ره‌بی سوننه‌ش ئه‌مه‌یان قبووڵ كردووه چونكه مام جه‌لال له هه‌موو لایه‌نه‌كان نزیك بووه و توانیویه‌تى به‌شێوه‌یه‌ك مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه بكات كه كه‌سی تر پێى ناكرێت.
به‌گشتى پێشبینى ناكه‌م ئه‌و بنه‌مایه‌ى ئێسته پێڕه‌وى لێ ده‌كرێت گۆڕانكاری زۆر به‌خۆیه‌وه ببینێت، ته‌نیا یه‌ك رێگه‌ش هه‌یه بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ئه‌و بنه‌مایه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه ئه‌و هێزانه‌ى زیانیان له‌م سیسته‌مه ئیداره‌دانه‌ی ده‌وڵه‌ت وه‌رگرتووه، كۆ ببنه‌وه و كۆك بن بۆ دانانى سیسته‌مێكى تر.