تمەن لە دابەزیندایە

:: PM:02:16:18/01/2018 ‌

لە ئێران رۆژ بە رۆژ لە نرخی تمەن دادەبەزێت و لە نرخی دۆلار و یۆرۆ بەرز دەبێتەوە، ئەمەش ئەگەر بەردەوام بێت كاریگەریی زۆر خراپ دەخاتە سەر ئابووریی ئێران.

هەر دۆلارێكی ئەمەریكی بە چوار هەزار و ٤٥٠ تمەن دەفرۆشرێت. وەلیۆڵا سەیف سەرۆكی بانكی ناوەندیی ئێران پێشتر لەبارەی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەرانبەر تمەن گوتبووی، دۆخەكە كاتییە و دوای ماوەیەكی تر نرخی هەر دۆلارێك بۆ چوار هەزار و ٢٠٠ تمەن دادەبەزێت كەچی تمەن هێندەی تر شكاوە و رۆژانەش نرخەكەی دابەزین تۆمار دەكات.

بە گوێرەی رادیۆ زەمانێ نرخی یۆرۆش بەرانەر بە تمەن زۆر بەرز بووەتەوە و هەر یۆرۆیەك گەیشتووەتە پێنج هەزار و ٥٠٠ تمەن.

پسپۆڕانی ئابووری ئێران پێیان وایە بەرزبوونەوەی دۆلار لە ئێران هۆكارە لەوەی لەم وڵاتە نرخی كەلوپەلەكان بەرز ببنەوە  و رێژەی هەڵاوسانی ئابووریش زیاتر بەرز ببێتەوە. هەندێك شارەزای بازاڕی ئێرانیش رەخنەی توند لە حكوومەت دەگرن و پێیان وایە حكوومەت توانای ئەوەی نییە بە رەچاوكردنی سیاسەتێكی بانكیی پێش بە زیاتر دابەزینی نرخی تمەن بگرێت.

یەكێك لە گرنگترین ئەو هۆكارانەی وای كرد تمەن روو لە دابەزین بكات، خۆپێشاندانەكانی ئەمدواییەی ئێران بوو كە زۆربەی شارەكانی ئەو وڵاتەی گرتەوە.

لە كاتی ئاڵۆزی خەڵك زیاتر روو لە كڕینی زێڕ  و ئەو جۆرە دراوانە دەكەن كە نرخیان بەرزە و گەرەنتیان هەیە. لەو كاتەدا خەڵك هەوڵ دەدەن واز لە دراوی ناوخۆیی بهێنن. لە ئێرانیش كە خەڵك لە داهاتووی ئابووری وڵاتەكەیان نیگەران بن ئەم هەنگاوەیان گرتە بەر، بۆیە نرخی تمەن بە رێژەیەكی بەرچاو دابەزیوە.

نزیكەی ١٠ ساڵ لەمەوبەر و بەر لەوەی سزا نێودەوڵەتییەكان بەسەر ئێراندا بسەپێنرێن، نرخی هەر دۆلارێك هەزار تمەن بوو و لەو كاتەوە نرخی دۆلار بە رامبەر بە تمەن نزیكەی پێنج هێندە بەرز بووەتەوە.




وشە - سلێمان تاشان