پارتی سوورە لەسەر ئەنجامدانی
یەكێتی و گۆڕان و كۆمەڵ بیانوو بۆ ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن دەدۆزنەوە

:: PM:02:59:18/01/2018 ‌


لایەنە سیاسییەكان لەسەر رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كۆك نین، حكوومەتیش داوای لە پەرلەمانی كوردستان كردووە ئامادەكاری بكات بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن. یەكێتی پێی باشە دوای تەواوبوونی وادەی یاسایی پەرلەمان كە یەكی ئەیلوولی ئەمساڵە هەڵبژاردن بكرێت. هەرچی كۆمەڵ و گۆڕانە ئەگەرچی هێشتا بە فەرمی حزبەكانیان بەیاننامەیان دەرنەكردووە بۆ پشتگیری لە هەڵبژاردن، بەڵام دەڵێن كێشەیان لە كاتەكەینییە و داوای پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەران دەكەن و پارتیش پێداگیرە لەوەی هەڵبژاردنەكانی كوردستان پێش عێراق ئەنجام بدرێت.

دواجار كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان 14ی نیسانی پێشنیاز كرد بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی كوردستان و پەرلەمانی كوردستان، دوو هەفتە پێش ئێستەش حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە نووسراوی فەرمی داوای لە پەرلەمانی كوردستان كرد ئامادەكاری بكات تا لە ماوەی سێ مانگی داهاتوودا هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام بدرێت.

ئەو داوایەی كۆمسیۆن لە رووی كاتەوە نزیكە لە وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كە لە 12ی ئایار بڕیارە ئەنجام بدرێت، هەندێك لە هێزە كوردستانییەكان پێیان باشە هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاكانی كوردستانیش بخرێتە هەمان رۆژ، بە پاساوی ئەوەی لە رووی خەرجییەوە لەسەر كوردستان كەمتر دەكەوێت و ئاسانكاریش دەبێت بۆ هاووڵاتییان.

لە ماوەی رابردوودا شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی هەموو هێزە كوردستانییەكانی كرد بە مەبەستی دەستنیشانكردنی كاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردن، هەموو لایەنەكان پێشوازییان لە ئەنجامدانی كرد، بەڵام تا ئێستە حكوومەتی هەرێمی كوردستان نەیتوانیوە رۆژێك دەستنیشان بكات بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن كە بەپێی دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ئەو دەسەڵاتە بە حكوومەت دراوە.

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئاشكرای دەكات كە دەیانەوێت هەڵبژاردن دوای تەواوبوونی وادەی درێژكراوی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام بدرێت، هەرچی بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستانە كێشەیان كاتی هەڵبژاردنیان نییە و مەرجی پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەرانیان هەیە، بەڵام تا ئێستە بە فەرمی لە ئاستی حزب رایان نەگەیاندووە و دەستپێشخەرییان بۆی نەبووە.

یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی وایكردووە یەكێتی لەگەڵ ئەوەدا نەبێت پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستن ئەنجام بدرێت، یان چاوەڕوان بكرێت بۆ دوای كۆتاهاتنی هەردوو خولە درێژكراوەكەی پەرلەمان، كێشە ناوخۆیییەكانی بێت كە ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر و جیابوونەوەی بەرهەم ساڵح، كێشەكانی زیاتر قووڵ كردووەتەوە.

جگە لەمە لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر كە بەدوایدا مەكتەبی سیاسی هەڵوەشایەوە، تا ئێستە سەركردایەتیی ئەو حزبە كۆ نەبووەتەوە بۆ هەڵبژاردنی مەكتەبی سیاسیی نوێ و ئەنجامدانی كۆنگرە كە یەكێتی مەبەستیەتی پێش هەڵبژاردن كۆنگرەی چوارەم ببەستێت.

بەگوێرەی هەندێك زانیاری، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان تەنیا لەیەككاتدا ئامادەیە بۆ هەڵبژاردن، ئەویش ئەگەر لەگەڵ پارتی یان لایەنێكی تر بە لیستێكی هاوبەش بەشداری لە هەڵبژاردنەكە بكات.لە دوایین كۆبوونەوەی یەكێتی و پارتیشدا، یەكێتی ئەوەی بە پارتی گوتووە دەیانەوێت لەگەڵ پارتی بە یەك لیست بەشداری هەڵبژاردنەكان بكەن و ئەگەر پارتی ڕەزامەند بێت، ئەوا هەڵبژاردن لە نزیكترین وادەدا بەڕێوە دەچێت.

سەچاوەیەكی ناو یەكێتی كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت بە"وشە"ـی ڕاگەیاند، یەكێتی ئەوەی بە پارتی گوتووە ئامادەی هەڵبژاردن نین، چونكە بارودۆخی ناوخۆیی و سیاسی لە سنووری دەسەڵاتی ئێمەدا لە بەرژەوەندیی یەكێتیدا نییە.

دلێر ماوەتی سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان لە لێدوانێكی تایبەت بە "وشە" گوتی، ئەو كاتەی پێشنیاز كراوە لە پەرلەمانی كوردستان قسەی لەسەر نەكراوە، لە ماوەی نزیكی داهاتوودا پەرلەمان و حكوومەت و كۆمسیۆن لەسەر دەستنیشانكردنی كاتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كۆ دەبێتەوە و  پێویستیشە كاتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقیش لەبەرچاو بگیرێت. گوتی "ناكرێت مانگێ پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق یان مانگێك دواتر هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكرێت، بەڵكو دەمانەوێت لە كاتی یاسایی خۆیدا بكرێت، دوای تەواوبوونی ماوەی ئەو دوو خولەی تەمەنی پەرلەمان درێژ كراوەتەوە. دەمانەوێت لەم ماوەیەدا كۆمسیۆن بتوانێت تۆماری دەنگدەران پاك بكاتەوە و یاسای هەڵبژاردنیش هەموار بكرێت بە جۆرێك بتوانین باشتر نوێنەری پێكهاتەكانیش هەڵبژێرین".

دوای ئەوەی نەتوانرا لە مانگی تشرینی یەكە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام بدرێت كە بڕیاری سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانی بۆ دەرچوو بوو، پەرلەمانی كوردستان ماوەی دوو خول تەمەنی خۆی درێژ كردەوە تا یەكی ئەیلوولی 2018، بۆیە بەگوێرەی یاسا هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەبێت دوای تەواوبوونی ماوەی یاسایی پەرلەمان ئەنجام بدرێت، بەڵام لەبەر كۆمەڵێك هۆكاری بابەتی پێوەند بە دۆخی ناو كوردستان، زۆرینەی لایەنە سیاسییەكان بە باشی دەزانن هەڵبژاردن پێش بخرێت. لەم كاتەدا دەبێت پەرلەمانی كوردستان كۆ ببێتەوە و بڕیاری كۆتاهاتنی تەمەنی خۆی رابگەیەنێت تا خولی نوێی هەڵبژێردراو دەستبەكار ببن.

هەرچی بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامییە ئەگەرچی لەگەڵ ئەوەدان هەڵبژاردن لەكاتی دیاریكراوی خۆیدا ئەنجام بدرێت، بەڵام تا ئێستە لە ئاستی حزبدا بە بەیاننامەی فەرمی لەسەر پرسی هەڵبژاردن هیچ دەستپێشخەرییەكیان نەبووە.

بێستوون فایەق پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان لە لێدوانێكی تایبەت بە "وشە" دەڵێ، وەك بزووتنەوەی گۆڕان پێشتریش لەگەڵ دواخستنی وادەی هەڵبژاردن نەبووین و ئێستەش لەگەڵ ئەوەداین هەڵبژاردن بكرێت بەو مەرجەی تۆماری دەنگدەران پاك بكرێتەوە، رێزیش لە دەنگی خەڵك بگیرێت كە باشترین چارەسەرە بۆ ئاڵوگۆڕ و دەستاودەستكردنی دەسەڵات.

زیاتر گوتی، "باوەڕمان بەو كابینەی ئێستەی حكوومەت نەماوە، بۆیە دەبێت یان ئەو كابینەیە هەڵوەشێتەوە یان هەڵبژاردن بكرێت و كابینەیەكی تر پێكبهرێنرێت بۆ ئیدارەدانی كوردستان".

لای خۆشیەوە مەڕوان گەڵاڵی سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لە لێدوانێكی تایبەت بە "وشە" ئاماژەی بەوەدا، كۆمەڵی ئیسلامی لەگەڵ دواخستنی هەڵبژارن نەبووە و خوازیاری ئەوەش بووین ئەو كولتوورە كۆتای پێ بهێنرێت و لەكاتی یاسایی خۆیدا هەڵبژاردن بكرێت، بەڵام بۆ ئێستە ئەوەی لای كۆمەڵی ئیسلامی گرنگە پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەران و ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و رێگریكردن بێت لە ساختەكاری.

ئەوەشی گوت، "وەك كۆمەڵی ئیسلامی لەگەڵ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانین هەر كاتێك دیاری بكات، ئەگەر بە حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش بێت لەگەڵ ئەوەدان هەر ئەمڕۆ هەڵبژاردن بكرێت، ئەمەشمان چەندجارێك لە سەرۆكی حكوومەت بیستووە".

سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی پێی وابوو دەبێت حكوومەت و پەرلەمان و كۆمسیۆن كۆببنەوە بۆ دەستنیشانكردنی كاتێك بۆ هەڵبژاردن، بەڵام ئەگەر بكرێت هەڵبژاردنەكانی كوردستانیش لەگەڵ هی عێراق ئەنجام بدرێت، لە رووی خەرجی دارایی و ئازاردانی خەڵك و حزبەكانیش باشترە.

هەفتەی رابردوو فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لەگەڵ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان كۆبوونەوە، لە بارەی تۆماری دەنگدەرانیش كە دەنگۆی ئەوە هەیە نزیك 900هەزار دەنگی دووبارە هەیە، مەڕوان گەڵاڵی دەڵێ كۆمسیۆن ژمارەكە رەتدەكاتەوە، ئێمەش مامەڵە لەگەڵ ژمارەی فەرمی دەكەین كە كۆمسیۆن رای دەگەیەنێت. زیاتر گوتی "ئێستە كۆمسیۆن سەرقاڵی پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەرانە و كاری باشی كردووە، بەڵام ئەنجوومەنی ئاسایش و وەزارەتی پێشمەرگە هاوكاری كۆمسیۆن نەبوونە لە پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەران، هیوادارین ئەمە بكەن".

ئامینە زكری جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە لێدوانێكی تایبەت بە "وشە" دەڵێ، لەبەر ئەوەی تەنگژەی سیاسی و ناكۆكی سیاسی بەرەو چارەسەر نەچووە، باشترین چارەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنە و دەنگی خەڵك نەخشەی ئایندەی سیاسیی كوردستان دەستنیشان بكات.

ئەوەشی خستەڕوو، وەك فراكسیۆنی پارتی پێمان وایە ناكرێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و پەرلەمانی عێراق لەیەك كاتدا ئەنجام بدرێت، چونكە گوتاری سیاسیی لایەنەكان بۆ هەردوو هەڵبژاردن دوو گوتاری جیاوازە و ئاڵۆزی و سەرئێشە بۆ دەنگدەر دروست دەكات.

جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی پێی وایە ئەو لایەنانەی لە میدیاكانەوە دەڵێن لەگەڵ هەڵبژاردنین، راست ناكەن، گوتی "ئەو رێككەوتنەی كابینەی هەشتەمی لەسەر پێكهێنرا، هەڵوەشاوەتەوە، كەواتە چارەسەر ئەوەیە هەڵبژاردن پێش بخرێت و دەنگی خەڵك سەنگی مەحەك بێت".



وشە - فه‌رمان سادق