ژن و پیاوێك لە هەولێر دەكوژرێن

:: PM:03:29:18/01/2018 ‌

شەوی ڕابردوو تەقە لە ژن و پیاوێك دەكرێت لەناو ماڵەكەی خۆیاندا و ڕاستەوخۆ گیان لە دەست دەدەن،  لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكە دەستی پێ كردووە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 18ـی كانوونی دووەم، ڕائید هۆگر عەزیز گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، شەوی ڕابردوو ژن و مێردێك لە ماڵەكەی خۆیاندا كوژراون كە لەكاتی خەودا بوونە.

گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر زیاتر گوتی، شەوی ڕابردوو كە پۆلیس ئاگەدار كرانەوە بەبوونی ڕووداوێكی كوشتن لە گوندی سێبەردان سەر بە شارەدێی كەسنەزان، دوای گەیشتنی پۆلیس بۆ شوێنی رووداوەكە، دەركەوت دوو كەس كوژراون كە خێزانی یەكترن بەناوەكانی (هۆگر تاهیر و چنار سەباح).

ئەو بەرپرسەی پۆلیس ئاشكرای كرد، پۆلیس دۆسیەی لێكۆڵینەوەی بۆ ڕووداوەكە كردەوە و  ئێستە تیمەكانی پۆلیس و بەڵگە و تاوان و نەهێشتنی تاوان، سەرقاڵی دۆزینەوەی تاوانبار و هۆكاری ڕاستەقینەی كوشتنەكەن و ڕووداوەكەش لە سەعات یەك بووە.

لە چەند مانگی ڕابردوویش چەند ڕووداوێكی كوشتنی ژن و مێرد لە چەند شارۆكەیەكی هەرێمی كوردستان و شارەكانی تر تۆمار كران كە گومان دەكرا بەهۆی كێشەی كۆمەڵایەتی كوژرابن.



وشە - رامیار جەواد